بارەگای بارزانی كێشە لەناو پارتی دروست دەكات
تائێستا ئەرشیفی سەرۆكایەتی هەرێم نەخراوەتە نێچیرڤان بارزانی

کوردستان

16/09/2019‌ 9280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو نووسینگەیەی بەناوی "بارەگای بارزانی" دامەزراوە، كێشەی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان دروست كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو پارتی دراوە بەشارپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبوونی بارەگای بارزانی ناڕازییە، بۆیە كێشەی لەناو پارتەكە دروست كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان نێچیرڤان بارزانی بەهۆی ئەوەی پێیوایە بارەگای بارزانی لەرۆڵی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كەمدەكاتەوە، بۆیە بەبوونی ئەو بارەگایە ناڕازییە.

هاوكات زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە لەگەڵ زیادبوونی كێشەكانی ناو پارتی لەسەر بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، كە هاوكات سەرۆكایەتی بارەگاكەش دەكات، كەوتووەتە دۆخێكەوە، كە نازانێت چۆن ئەو پرسە چارەسەر بكات.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە بارزانی دەیەوێت دەرچەیەك بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی جۆرێك لەشەرعییەت بدات بەبارەگاكە، بۆ ئەوەی لەهەرێمی كوردستان دەسەڵاتی هەبێت‌و شەرعییەت وەربگرێت.

مەسعود بارزانی پێشتر سەرۆكی هەرێم بوو، لەساڵی 2017 دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، دواتر دروستكردنی بارەگای بارزانی راگەیاندو ئێستا بینای بارەگاكە لەبینای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە.

دروستكردنی بارەگای بارزانی جگە لەناڕەزایەتییەكانی ناو پارتی، رەخنەی رۆشنبیرانی هەرێمی كوردستانیشی لێكەوتەوەو لەو بارەوە چەندین بابەتی رەخنەییان بڵاوكردەوە، بەوەی بارەگای بارزانی دەبێتە هۆكارێك بۆ لاوازكردنی دەزگا شەرعییەكانی تری هەرێم بەتایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم.
 
هاوكات سەرچاوەكە بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، كە ئەرشیفی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لەو كاتەی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی كردووە، نەدراوەتە نێچیرڤان بارزانی‌و ئەوەش نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە.
 
هـ ـ ح