دەستی شاراوەی ئێران لەپشت خۆپیشاندانەكانی عێراق

عیراق

05/10/2019‌ 2609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دەستەواژەی "ئێران برۆ بڕۆ.. بەغدا ئازاد دەبێت" یەكێك بوو لەو درووشمانەی لەناو خۆپیشاندەرانی دژی حكومەتی عێراقی دەوترانەوە، كە لە سێشەممەی رابردووەوە سەریانهەڵداوەو لەوساتەوە دەیان كەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانیش بریندار بوون .

وتنەوەی درووشمی دژی ئێران لەناو خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكانی ئەم دواییەی بەغدا و شارەكانی تر  دوای ئەوە دێت، كە ئێران چەندین ساڵە دەستی وەرداوەتە كاروباری ناوخۆی عێراق، ئەوەش بووەتە هۆی تێكچوونی رەوشی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی وڵاتەكە.

ناجح میزان سیاسی سەربەخۆی عێراقی دەڵێت: چەندین ساڵە جەماوەر هۆشداری دەدات لەمەترسییەكانی ئێران و كاریگەرییە نەرێنییەكەی لەسەر عێراق، باشترین بەڵكەش ئەوەیە ساڵی پار كونسوڵخانەی ئێران سوتێنراو  دووساڵیش لەمەوبەر خۆپیشاندان لەبەسرە سەریانهەڵدا، بەڵام ئێستا رەوشەكە تەقییەوە.

ئەو دەشڵێت: نیشانەكانی توورەیی خەڵك لە ئێران خۆی لە سووتاندنی ئاڵای ئێران و وتنەوەی درووشمی دژە ئێرانی لەخۆپیشاندانەكاندا دەبینێتەوە .

میزان لەلێدوانێكیدا بۆ پێگەی "سكای نیوز عەرەبی" دەڵێت: جەماوەر حاڵی بووە، كە ئەوە ئێرانە گەلی عێراقی هەژار كردووە و ماددە هۆشبەرەكان بڵاودەكاتەوە و فیتنە و میلیشیای چەكدار لەناو خەڵكدا دەچێنێت.

هەروەك دوورخستنەوەی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی دژەتیرۆی عێراق یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵگیرسانی ئاگری تووڕەیی خەڵكی عێراق بوو، بەتایبەت دوای ئەوەی باس لەوە دەكرا دوورخستنەوەی ئەو فەرماندە سەربازییە دەستی ئێرانی لەپشت بووە .

میزان ئەوەش دەڵێت: دوورخستنەوەی ساعدی لەسەر ڕێنمایی و راسپاردەی ئێران بووە، چونكە ئەو وڵاتە هەستی بە مەترسی ساعدی وەك سیمبوڵێكی نیشتمانی، كە هەموو عێراقییەكان لەسەری كۆكن كردووە .

ئەو سیاسییە عێراقییە باسی لەوەش كردووە، كە ئێران دەیەوێت لەڕێگای حەشدی شەعبییەوە نموونەی سوپای پاسداران لە عێراقیش كۆپی بكات، ئەوەش بەئامانجی لاوازكردنی سوپای عێراق وەك چۆن لەگەڵ سوپای ئێرانی كردیان .

میزان پێیوایە هەنگاوی داهاتووی ئێران خۆی لەتیرۆركردنی چالاكە عێراقییەكان و فەرمانكردن بە سوپا بۆ لێدان لە خۆپیشاندەران و هێنانی میلیشیای ئێرانی بۆ دەستوەردان لە خۆپیشاندانەكان دەبینێتەوە .

لەهەندێك لە گرتە ڤیدیۆكانی ناو  تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا دەردەكەوێت، كە خۆپیشاندەران قەوان و فیشەكی تەقیوی هێزە ئەمنییەكان پیشان دەدان، كە لەدژیان بەكارهاتووە ، كە بەقسەی ئەو سیاسییە عێراقییە لەسەر فەرمانی ئێرانییەكان و بەئامانجی كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندانەكان كراوە .

وتارەكەی رۆژی هەینی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن بەشێكی زۆری عێراقییەكانەوە رەتكرایەوە، كە تێیدا وتی: چەند لایەنێك دەیانەوێت خۆپیشاندانە ئاشتیانەكان بۆ مەرامی خۆیان بقۆزنەوە و هەندێك درووشم بەرزدەكەنەوە دەیانەوێت خۆپیشاندانەكان بەسیاسی بكەن .

وتارەكەی سەرۆكوەزیران بۆ خۆپیشاندەران و بەشێكی زۆری عێراقییەكان نائومێدكەرانە بوو، چونكە راستەوخۆ رووی دەمی نەكردە خۆپیشاندەران، بەڵكو زیاتر باسی دەستكەوتەكانی حكومەتەكەی و چۆنێتی ئیدارەدانی قەیرانی ئێستای كرد، هەروەها داوای كرد ماوەیەكی پێبدرێت بۆئەوەی بەرنامە حكومییەكەی جیبەجێبكات، بەتایبەت هێشتا ساڵی یەكەمی لەپۆستەكەیدا تەواو نەكردووە .

دوای گەرانەوەی هێڵەكانی ئینتەرنێت، لەپێگە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڵمەتێكی فراوان بۆ سەركۆنەكردن و دژایەتیكردنی وتارەكەی عەبدولمەهدی دەستیپێكرد .

بەشێكی زۆری بەكارهێنەرانی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان ئۆباڵی بەكارهێنانی توندوتیژی و گولەی زیندوویان لەدژی خۆپیشاندەران خستە ئەستۆی عەبدولمەهدی و بەشێكیان پێیان وابوو هۆشدارییەكەی سەرۆكوەزیران لەهەڵكشانی زیاتری خۆپیشاندانەكان وەك پەیامی سەرزەنشت و هەرەشەكردن لە خۆپیشاندەران لێكدایەوە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی