دەشێت سوریا ببێتە ڤێتنامی تورکیا؟
مایکڵ رۆبن: چوونە دەرەوەى سوپاى تورکیا سەختترە لە چوونە ناوەوەى بۆ سوریا

کوردستان

13/10/2019‌ 3893 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان جارێکی دیکە هەڕەشەی داگیرکردنی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا دەکات و درەنگانێکی شەوی یەك شەممە دۆناڵد ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا هەڵکرد. لە کاتێکدا پێشتر چەندین جاری دی ئەردۆگان هەڕەشەی ناردنی هێزی بۆ ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی کوردەکان کردووە؛ بەڵام وا دیارە هەڕەشەکانی ئەمجارەی جیددی تر بن؛ لەلایەك باری ئابووری وڵاتەکەی ناجێگیرە و لە لایەکی دیکەشەوە دۆڕاندنی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبول بە ئۆپۆزیسیۆن دووجار لەسەر یەك گورزێك بوو لە وێنای ئەو؛ هەر بۆیە ئاتاجییەکی زۆری هەیە بە بەلاڕێدا بردنی سەرنجی خەڵك.ـ 
ئەردۆگان ئەگەرچی بانگەشەی هەڕەشەی بوونی تیرۆر دەکات لە باکووری سوریادا، بەڵام تا هەنووکەش دەستەوسانە لە سەلماندنی ئەو بابەتەدا و لەمەش بترازێت لە کاتێكدا کوردەکانی سوریا کاریگەرترین هێز بوون لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامیدا، بەڵگەنامەیەکی ئێجگار زۆر ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا نەك هەر بە تەنها هاوکاری داعش و لایەنەکانی سەر بە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بووە بەڵکو سوودمەندیش بووە لێیان. ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی کوردەکان لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی سوریا ئارام ترن و ئازادی زیاتریان بۆ گرووپە جیاوازەکان تێدا بەرقەرارە. خولیای ئەردۆغان بۆ داگیرکردنی ئەو ناوچانە پەیوەندییەکی زۆر کەمی هەیە بە بابەتی بەناو تیرۆریزمەوە و زیاتر لەبارەی فراوانکردنی سنوورەکانی تورکیا و سەرکوتکردنی هەر دەستەڵاتێکی کوردییەوەیە کە ملکەچی دیکتاتۆرییەتی تورکیا نابێت و دواجاریش دەستگرتنە بەسەر بیرە نەوتەکانی ناوچەکەدا.ـ
تورکیا زیاتر لە چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر سێ یەکی قوبرسی داگیر کرد و ئێستاش دەیهەوێت سەرچاوە سرووشتییەکانی تاڵان بکات. تورکیا پاکتاوی ڕەگەزیی لە عەفرین ئەنجامداوە و لە ناوچەی جەرابلوسی سوریا بنکەی پۆستی تورکیی کردوەتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ وەك خاکی خۆی مامەڵە لە تەك ناوچە داگیرکراوەکاندا دەکات. تورکیا لە بەعشیقە و ناوچەی دیکەی عێراق بنکەی داناون و ئامادە نیە لەو ناوچانە بچێتە دەرەوە. ئەردۆغان باس لە دەستبەسەردا گرتنەوەی ناوچەی جیاواز لە لە یۆنان و بوڵگاریا دەکات و نەخشەی تورکیا بەردەوام ناوچەی گەورەی خاکی وڵاتانی دراوسێ وەك بەشێك لە تورکیا نمایش دەکات.ـ
ئەردۆغان بڕوای وایە داگیرکردن کارێکی ئاسانە و پێدەچێت ترەمپیش چون ئۆباما قسەکانی ئەردۆغان زیاتر لە بەڵگەنامە و ڕێنومایی هاوکارەکانی بە هەند وەربگرێت.ـ
کەسانی دیاری ناو ئیدارەی ترەمپ لە پشتی پەردەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە جیم جێفری نێردەی تایەبەتی ئەمریکا بەو لۆژیکە کاردەکات کە لە کاتێکدا کە گومان نیە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەر دەستکەوت و پەیمانێك لە ئانکەراوە وەك بەدەستهێنانی شتێکە لە بەرانبەر هیچ دا. جێفری ئەگەر بە تورکەکانیش ڕانەگەیەنێت کە ئەمریكا ڕێگرییان لێناکات؛ بەهەڵەدا نەچووە ئەر پێیوابێت لە ئانی هێرشی وێرانکەرانەی تورکیادا هێزەکانی ئەمریکا ون ببن.
دەشێت ئەردۆغان کەسێکی خودڕازی بێت، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە لە نێو داوێ بکەوێت. لە ناوچە دابڕاو و شاخاوییەکاندا دەشێت درۆنەکانی تورکیا هۆکاری باڵادەستی و پێشڕەفتی سەربازیی بن بۆ تورکیا، بەڵام لە نێو شارەکانی باکووری سوریادا کاریگەرییەکی زۆر کەمتریان دەبێت؛ هەڵبەتە ئەگەر ڕێگرتن لە قوربانی خەڵکی مەدەنی هیچ گرنگییەکی هەبێت. لە کاتێكدا کوردەکان خاوەنی تەجروبەیەکی چڕن لە بواری جەنگی مەیدانیدا، سوپای تورکیا وەك قاوغێکی سوپاکەی جاران وەهایە لە دەرەنجامی ئەو ڕەشبگیریەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەردۆغان لە نێو ڕیزەکانی سوپادا ئەنجامیداوە. وەك بەشێك لە ڕێککەوتننامەی ئاشتی و لەسەر داوای تورکیا پێشتر چەکدارانی کورد خۆبەخشانە ڕوویان لە سوریا کرد و کوردەکانی سوریا زۆر بە سادەیی هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە ڕووی لێبکەن. سەدەیەك لەمەوبەر هێزە تورکەکان بە کۆکردنەوەیان لە بیاباندا ئەرمەنەکانیان کۆمەڵکوژ کرد. کوردەکان ناتوانن هەمان چارەنووس قەبووڵ بکەن.

داگیرکاری تورك و پاکتاوی ڕەگەزی، سەرهەڵدان و ڕووبەڕوو بوونەوەی لێدەکەوێتەوە لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا و لە نێو تورکیاشدا. سوپای تورکیا ئەگەر لە سەرەتاشدا پێشڕەوی بکات؛ گەورەترین هەڵەی ئەردۆغان ئەوەیە پێیوابێت شەڕی نێوان تورکیا و کوردەکانی سوریا لەوێدا دەوەستێت. تورکیا لە غەززە و لە لیبیاش لە شەڕی پرۆکسییەوە گلاوە و جەنگێکی دیپلۆماسیشی لە دژی سعودییە بەرپا کردووە. ئەردۆگان لەوانەیە لە ( واشنتۆن پۆست) دا پاڵەوانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بێت؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەو گەورەترین دوژمنی خۆیەتی. لە کاتێكدا کوشتنی جەمال خاشوقچی لەلایەن سعودیەوە کارێکی قێزەونە؛ بەڵام تەنها ئامانجی ئەردۆغان بەکارهێنانی ئەم بابەتە بووە بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵی سعودیە لە پێناو بوونە پێشەنگی وڵاتانی ئیسلامی و دواجار بە نێو دەوڵەتی کردنی ئەم ئامانجە لە ڕێگەی ڕێكخراوی هاریکاری مەککە و مەدینەوە.کارمەندی
 بواری بەرگری و زانیاری سعودیی مایەی سەرسوڕمانم بوو. لە کاتێکدا جەنگی پرۆکسی سەراپای ناوچەکەی گرتووە؛ بە دوور نازانرێت کە سعودیەی عەرەبی هاریکاری کوردەکان بکات لە ڕووی سەربازی و زانیارییەوە بۆ زیانگەیاندن بە تورکیا و تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی. لە کاتێکدا دەزگا زانیارییە ئەهلیەکانی وەك )سەعادەت(  ی سەر بە دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان پشتیوانی بزووتنەوەی حەماسیان کردووە، وێدەچێت دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلیش بڕوایان وابێت لە هاریکاریکردنی سەربازیی کوردەکانی تورکیا سوودمەند ببن، هەمان شت لەبارەی یۆنان و ڕژێمی ئەسەدیشەوە کە هەردووك لە ڕابردوودا هاریکاری و پشتیوانی پەکەکە و ڕێبەرەکەیان عەبدوڵا ئۆجالانیان بۆ هەمان مەبەستی سیاسی کردووە، ڕاستە.
کوردەکانی سوریا لەلایەن تورکیا و ڕژێمی ئەسەدیشەوە چەوسێنراونەتەوە، بەڵام ئەر ناچار بن لە نێوان ئەو دووانەدا یەکێکیان هەڵبژێرن بێگومان ئەسەد هەڵدەبژێرن. 
هێزەکانی تورکیا دەشێت بە هەمان فیز و لە خۆ باییبوونی سوپای سوور و سوپای ئەمریکاوە لە کاتی چوونە نێو خاکی ئەفغانستان و ڤێتنامدا پێ بنێنە نێو خاکی سووریاوە؛ هەروەك چۆن واشنتۆن و مۆسکۆش بۆیان دەرکەوت، چوونە ناوەوە لە هاتنە دەرەوە سەختترە.
ئەردۆغان پێدەچێت بڕوای وابێت گەیاندنی زەربەیەك بە هێزە کوردییەکان و دزینی نەوتەکەیان بردنەوەیەك بێت بۆ تورکیا، بەڵام بە هەڵەدا چووە. بە شێوەیەکی زۆر سادە، ئەو دەرکە بە ڕووی جەنگێک بە ئامانجی لاواز کردن دا دەکاتەوە کە تورکیا دەرەقەتی نایەت و دەشێت دواجار بیدۆڕێنێت. ـ

“ مایکڵ ڕوبن”