توركیا ترسی "بەلاڕێدابردنی" ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ ئەمریكا هەیە

کوردستان

21/10/2019‌ 2388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەخرەددین ئاڵتوون، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاند، كە چەند هەوڵێك هەیە بۆ بەلاڕێدابردنی راستییەكان سەبارەت بەرێكەوتنمان لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر ئۆپەراسیۆنی "كانی ئاشتی".

ئاڵتوون لە تویتێكدا راشیگەیاند، بەكورتی توركیا پرۆسەكانی كانی ئاشتی بۆ ماوەی ١٢٠ كاتژمێر هەڵپەساردووە، لەبەرانبەریشدا ئەمریكا پابەندە بە ئاسانكاریكردن بۆ كێشانەوەی هێزە كوردییەكان و كۆكردنەوەی چەكە قورسەكان لێیان.

رۆژی پێنجشەممە ، توركیا و ئەمەریكا ڕێكەوتن بۆماوەی ١٢٠ كاتژمێر ئاگربەست لەنێوان سوپای توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات رابگەیەنن و لەو ماوەیشدا شەڕڤانانی كورد بەقووڵایی ٣٢ كیلۆمەتر لە سنووری توركیا بكشێنە دواوە .

توركیا ئەوەشی راگەیاندووە، كە رێكەوتنەكەمان لەگەڵ توركیا بەجۆرێكە هێزە كوردییەكان بەدرێژایی ٤٤٤ كیلۆمەتری سنووری سوریا و بەوقوڵایی ٣٢ كیلۆمەتر لەناو خاكی رۆژئاوای كوردستان بكشێنە دواوە و ناوچەكە بەتەواوەتی لەژێر كۆنترۆڵی توركیادا بێت ، لەبەرانبەریشدا هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێن: ئەوان تەنیا لەو ناوچانە دەكشێنەوە، كە كردە سەربازییەكانی تێدا بەڕێوە دەچێت .

هەرچی لیندسی گراهامی گەورە سیناتۆری كۆمارییەكانە ئاماژەی بەوە كرد، كە پلانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ ناوچەی ئارام بەجۆرێكە، كە ناوچەیەكی لەچەكداماڵراو لەنێوان كورد و توركیا درووست بكرێت و ناوچەكەش لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بێت و ئەمریكا پارێزگاری ئاسمانی بۆ دابین بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی