چارەنووسی ڕێكەوتنی ئەمەریكاو توركیا دوای هەڕەشەكانی ئەردۆغان

کوردستان

21/10/2019‌ 2364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەناو كەشوهەوای ئەو ئاگربەستە لەرزۆكەی لە رۆژئاوای كوردستان هەیەو راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەوەی تەواوی شەڕڤانەكانیان لە شاری سەرێ كانی كێشاوەتەوەو هەڕەشەكانی ئەنقەرە بەوەی ئەگەر كوردەكان لەماوەی ئەو ١٢٠ كاتژمێر لەناوچە ئارامەكە نەكشێنەوە ئەوە ئۆپەراسیۆنەكانیان دەستپێدەكەنەوە، لێرەدا پرسیاری ئایندەی ئەو ئاگربەستە و ئەگەری سەركەوتنی ڕێكەوتنەكەی نێوان توركیا و ئەمەریكا دێتەپێشەوە.

رۆژی شەممە ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا هەڕەشەی ئەوەی كرد ئەگەر كوردەكان لەو ناوچە دابڕاوەكە نەكشێنەوە، كە لەگەڵ واشنتۆن لەسەری رێككەوتوون بەدرێژایی سنووری سوریا دروست بكرێت، ئەوە "سەریان پان دەكاتەوە" .

ئەردۆغان وتیشی: "ئەگەر تا ئێوارەی رۆژی سێشەممە نەكشێنەوە ئەوە لەو جێگایەی لێی وەستاوین دەست بەهێرشەكانمان دەكەینەوە و بەردەوام دەبین لە پانكردنەوەی سەری تیرۆریستەكان".

ئەوەش لەدوای لێدوانی خەلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا دێت، كە وتبووی: ئەگەر ڕێكەوتنی ئاگربەست وەك خۆی جێبەجێنەكرێت ئەوە هێزەكانیان لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا دەست بە هێرش و پەلامارەكانیان دەكەنەوە .

لەبەرانبەردا هێزەكانی سوریای دیموكرات رایانگەیاند، كە بەتەواوەتی هێزەكانیان لەشارۆچكەی سەرێ كانی كێشاوەتەوە، كە پێشتر لەلایەن هێزەكانی توركیا گرووپە چەكدارییە توندڕەوەكانی هاوپەیمانی توركیا گەمارۆ درابوو.

هێزەكانی سوریای دیموكرات داوا دەكەن لەپێناو پاراستنی ئاگربەست لەباكووری سوریا چاودێرانی نێودەوڵەتی بنێردرێنە ناوچەكە، توركیاش تۆمەتبار دەكەن بەوەی ڕێكەوتنەكەی پێشێل كردووە و سوپای توركیا و گرووەپە چەكدارییە هاوپەیمانەكانی توركیا بەردەوامن لەبۆردومانی هەڕەمەكییانە بۆ سەر خەڵكی مەدەنی و لاشەڕ .

هاوكات هەسەدە لەبەیاننامەیەكدا داوا لە كۆمەڵگهەی نێودەوڵەتی و لەسەرووی هەموویانەوە ئەمەریكا دەكات بەوپێیەی ئەندازیاری ڕێكەوتنەكەی بەرپرسیارێتییەكانیان بەرانەر بە پێشێلكارییەكانی توركیا هەڵبگرن ، هەروەك داوا دەكەن چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاگربەستەكە بهێنرێنە ناوچەكە .

لەبارەی ئایندەی ئەو ئاگربەستەی بۆماوەی ١٢٠ كاتژمێر لەنێوان شەڕڤانانی كورد و سوپای توركیا راگەینراوە تا ئەوكاتەی شەرڤانانی كورد ناوچەكە بەجێدەهێڵن، لەو بارەیەوە فایز دویری شارەزای سەربازی و ستراتیژی دەڵێت: لەرۆژی كۆتاییهاتنی ئاگربەستەكە كۆبوونەوەیەك هەیە، ئەگەر ئەنقەرە گەرەنتی ئەوەی لە رووسەكان دەستبەوێت بەوەی كوردەكان پاشەكشە دەكەن ئەوە سەرۆكی توركیا ئاگربەستەكە درێژ دەكاتەوە، كە ئەوە جێگای رەزامەندی پارتەكەی و شەقامی توركیشە.

سەبارەت بە سیناریۆكانی تر، دویری دەڵێت: خاوبوونەوەی كشانەوەی هێزە كوردییەكان، یان دەستپێكردنەوەی پرۆسە سەربایزییەكان لەباریدا هەیە جەنگێكی نوێ هەڵگیرسێنێت .

سەربارەت بە چارەنووسی هیزە كوردییەكان لەدوای كشانەوەیان لەو ناوچانە، ئەو شارەزا سەربازییە دەڵێت: زۆر پێویستە هێزەكانی سوریای دیموكرات بیر لە گۆرانكاریكردن لە پەیكەرەكەی و هەڵوەشاندنەوە و دووبارە بنیاتنانەوەی هیزەكانی بكاتەوە ، بەشیوەیەك رەنگدانەوەی راستییە دیمۆگرافییەكە بێت ، ئەوكاتە دەتوانن لە دێرەزوور و رەققە و مەیادین و دەوروبەری بوكەمال و ناوچە نەوتییەكانی عومەر بمێننەوە ، ئەگەر نا دەبێت رووبەرووی عەشیرەتە عەرەبییەكانی ئەو ناوچانە ببنەوە كە قبووڵی بوونی ئەوان ناكەن لەو ناوچانە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی