وردەكاری پلانی پاشەكشەی ئەمەریكا.. پاراستنی بواری ئاسمانی‌و بنكەی تەنەف‌و نەوت‌و غاز

کوردستان

21/10/2019‌ 4713 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پلانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن) بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەەمریكا بۆ پاشەكشەكردن لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا خۆی لەكێشانەوەی هێزەكان بۆ رۆژئاوای عێراق و مانەوەی بواری ئاسمانی باكوورو رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر كۆنترۆڵی ئەمەریكا و هێشتنەوەی بنكەی سەربازی تەنەف لەنزیك سنووری عێراق (بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان) و ڕێگەگرتن لەكەوتنە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریا و دەستەبەركردنی پاراستنی ئەو بەندیخانانەی داعشە مەترسیدارەكانی تێدا زیندانی كراوە.

رۆژی یەكشەممە مایك ئیسپەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، بەپێی پلانەكەی ئێستا هێزەكانی ئەمەریكا سوریا بەجیدەهێڵن‌و بەرەو رۆژئاوای عێراق دێن.

ئەو راشیگەیاند، سوپای ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی ڕێكخراوی داعش لەپێناو رێگریكردن لەدووبارە گەڕاندنەوەی ئەو رێكخراوە بۆ ناوچەكە .

بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی "شەرقول ئەوسەت" تێڕوانینی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەی ترامپ بۆ درووستكردنی ناوچەی ئارام بەم جۆرەی خوارەوەیە : 
گواستنەوەی ٧٠٠ سەربازی ئەمەریكی لە رۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ رۆژئاوای عێراق .

هێشتنەوەی بواری ئاسمانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر كۆنترۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش .

 بەردەوام بوون لەسەر یاداشتی "ڕێگری لەبەریەككەوتن" لەگەڵ لایەنی روسی و ئەگەری دەستكاریكردنی یاداشتەكە.

 هێشتنەوەی بنكەی سەربازی تەنەف لە سێگۆشەی عێراق – سوریا – ئوردن و هێشتنەوەی هێزی تایبەت تێیاندا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڕێكخراوی داعش و پێشكەشكردنی زانیاری هەواڵگری .

هێشتنەوەی گرێبەستی ئەو كەسانەی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمنییەكان كراوە بۆ پاراستنی بیرە نەوت و كارگەكانی غاز (ناوچەی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا ٩٠٪ی نەوت و ن یوەی غازی سوریای تێدایە).

گواستنەوەی بنكە سەربازییەكان بۆ نزیك بیرە نەوتەكان لەنزیك سنووری عێراق، لەپێناو رێگریكردن لەوەی ئەو بیرە نەوتانە نەكەونە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی دیمەشق پێش گەیشتنە هەر لەیەكتێگەیشتنێك .

هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی پارێزگاری نێودەوڵەتی و هێزی تایبەت بۆ ئەو گرتووخانانەی چەكدارە ترسناكەكانی داعشی تێدا زیندانی كراوە.

ئەو خاڵەی كۆتاییان یەكێك بوو لەو بابەتانەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەمیانی سەردانەكەی ئەمدواییەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست باسی كرد و مایك ئیسپەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا لەكاتی سەردانی داهاتووی گفتوگۆی لەبارەوە دەكات .

هەفتەی رابردوو ئەمەریكییەكان سێ بنكەی سەربازیان چۆڵ كرد، كە لەنێوانیاندا بنكەیەكی نزیك شاری منبج و  یەكێكی نزیك شاری كۆبانی، بەڵام هێشتا ئەمەریكییەكان چەند بنكەیەكیان لەهەردوو پارێزگای دێرەزوور و حەسەكە هەیە، ئەوە جگە لە بنكەی سەربازی تەنەف لەباشوور .

بەرپرسە رۆژئاواییەكان دەڵێن: ئەمەریكا ریگری ناكات لەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ حكومەتی دیمەشق گفتوگۆ بكات بۆ گەیشتنە لەیەكتێگەیشتن لەسەر چۆنێتی ئیدارەدانی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام واشنتۆن هەوڵ دەدات چەند كارتێكی بەدەستەوە بمێنێت بۆ ئەوەی لەكاتی دانوستانەكاندا پێگەی كوردەكان لەبەرانبەر دیمەشق بەهێز بێت .

جگە لەوەی ئێستا واشنتۆن زیاتر دروستكردنی ناوچەی ئارامی قبووڵە بەو شێوەیەی توركیا دەیخوازێت، وەك كشانەوەی هێزە كوردییەكان و چەكە قورسەكانیان و هەڵوەشاندنەوەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە جەرابلووسەوە بۆ نزیك سنووری عێراق، بۆ ئەوەش واشنتۆن داوای لەتوركیا كردووە لەو شار و سارۆچكانە دوور بكەوێتەوە كە زۆرینەی خەڵكەكەی كوردن ، هەرچی چارەنووسی كۆبانی و منبجە دەكەوێتە چوارچیوەی گفتوگۆی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی رووسیا كە وابڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوە بچێت .

بەرپرسە رۆژئاواییەكان دەشڵێن: لەیەكتێگەیشتنەكانی نێوان ئەنقەرە لەگەڵ هەریەك لە واشنتۆن و مۆسكۆ ئەوە روون دەكاتەوە، كە ئایا ڕێگای خێرای نێوان حەسەكە و حەلەب (هێڵی بەیەكگەیشتن)ی نوێی نێوان سوپای سوریا و گرووپە چەكدارەییە توندرەوەكانی هاوپەیمانی توركیا لەلایەك و هێزەكانی سوریای دیموكرات لەلایەكی ترەوە دەبێت .

ئەوە بەو مانایە دێت، كە ناوچە زۆرینە كوردییەكانی گۆشەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا لەنزیك سنوری عێراق ببیتە بەشێك لەو ناوچە ئارامەی توركیا داوای دەكات، ئەگەر بێت و لەیەكتێگەیشتنەكانی نێوان كورد و دیمەشق بەپەلە نەبێتە هۆی گەیشتنی هێزەكانی حكوومەتی دیمەشق بەو ناوچانە. 

لای خۆشییەوە ئەحمەد جەربا داوای زیندووكردنەوەی ئەو پێشنیازەی كردووە، كە دەڵێت: با پێشمەرگەی رۆژ، كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن لە سێگۆشەی عێراق – سوریا – توركیا جیگیر بكرێن لەسەر بنەمای لەیەكتێگەیستنی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەنقەرە و بە رەزامەندی ئەمەریكا .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی