بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە سەدان چەكداری داعش هەڵاتوون

کوردستان

23/10/2019‌ 616 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، لەو كاتەی توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە، سەدان كەس  لە گرتووخانەكانی رۆژئاوای كوردستان رایانكردووە.

شویگۆ لە سوچی روسیا و لەدوای ڕێكەوتنی ڤلادیمێر پۆتنی سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لەسەر كۆنترۆڵكردنی هاوبەشی سنووری باكووری سوریا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن ئەو چەكدارانەی داعش دەستگیر بكەنەوە، كە لە گرتووخانەكانی ژێر كۆنترۆڵی هێزە كوردییەكان  دەربازیان بووە .

سوپای توركیا لە نۆی ئەم مانگە دەستی بەئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كرد، كە بەدەست هێزە كوردییەكانەوە، ئێستا ئۆپەراسیۆنەكە راگیراوە، كە كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە.

لەكاردانەوەكاندا جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سوریا وتی: لەدوای هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەیان چەكداری داعش ئازادكراون .

جیفری لە دانیشتنێكی كۆنگرێس و لە وەڵامی پرسیاری كریس كۆنز سیناتۆری دیموكراتەكان، كە ئایا ئەوان دەزانن ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش چەندە، كە دەربازیان بووە، وتی: لەم قۆناغەدا دەیان چەكداری دەربازیان بووە.

لەلایەكی ترەوە ، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور رایگەیاند، كە دەستدرێژی توركیا بۆ سەر باكووری رۆژهەڵاتی سوریا وایكردووە لە ئەمرۆدا دۆسییەی چەكدارانی ڕێكخراوی توندڕەوی داعش و خێزانە دەستبەسەركراوەكانیان لە ناوچەكە زۆر سەخت ببێت .

هەروەها رۆبەرت ماردینی، چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە كردووە، هیچی تریان پێناكرێت لەوەی زیاتر، كە جەخت بكەنەوە وڵاتان بەرپرسن لەوەی داعشەكانیان بگێڕنەوە.

ماردینی وتیشی: هەواڵە باشەكە ئەوەیە خاچی سووری نێودەوڵەتی هێشتا لە كامپی هول لە پارێزگای حەسەكە كار دەكات، كە نزیكەی ٧٠ هەزار كەسی تێدایە، زۆربەشیان ئەو كەسانەن بەهۆی شەڕەكانی ئەم دواییە لەگەڵ داعش ئاوارە بوون ، جگە لەوەی سێبەشیان لە ژن و منداڵان پێكهاتوون .

ماردنی دەشڵێت: نزیكەی ١١ هەزار چەكداری داعش لە گرتووخانەكان و ١٠٠ هەزار كەسیش لە كامپەكاندان ، لەوانە ٨٠ هەزار سوری و عێراقی .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی