قاسم سلێمانی شكستیهێناوە لەكۆتاییهێنان بەخۆپیشاندانەكانی عێراق

عیراق

31/10/2019‌ 2278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمەریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای سوپای پاسدارانی ئێران لەجیاتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی ئەمنی عێراقی كردووە، ئەوەش بووەتە جێگای سەرسووڕمانی فەرماندە ئەمنییەكانی ئامادەبووی كۆبوونەكە.

بەگوێرەی ئاژانسەكە لەگەڵ ئەوەی قاسم سلێمانی لەكۆبوونەوەكەدا بەڵێنی ئەوەیداوە خۆپیشاندانەكان سەركوت بكات، بەڵام تا ئێستا لەبەدیهێنانی ئەو ئامانجە شكستیهێناوە.

سەبارەت بە وردەكاری بابەتەكە، ئاژانسە ئەمەریكییەكە باسی لەوەش كردووە، دوای دوو رۆژ لە دەستپێكردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان لە عێراق، دەرەنگانێكی شەو قاسم سلێمانی گەیشتووەتە بەغدا و لەرێگای فرۆكەیەكی هێلیكۆپتەرەوە چووەتە ناوچەی سەوز لە بەغدا بۆ بەشداریكردن لەكۆبوونەیەكی ئەمنی سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندانەكان .

بەگوێرەی قسەی چەند بەرپرسێكی عێراقی، كە داوایان كردووە ناویان ئاشكرا نەكرێت لەكۆبوونەوەكەدا سلێمانی بە بەرپرسە عێراقییەكانی وتووە: ئێمە لەئێران دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانەكان دەكەین، لەئێران خۆپیشاندانی هاوشیوە روویداوە و كۆنترۆڵیشمان كردووە.

لەرۆژی دواتری سەردانەكەی قاسم سلێمانی، پێكهەڵپژانەكان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان توندتر بوون، بەشێوەیەك ژمارەی كوژراوەكان گەیشتە ١٠٠ كەس و لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا ژمارەی كوژراوەكان گەیشتە ١٥٠ كەس دوای ئەوەی لەلایەن نیشانشكینە نەناسراوەكانەوە تەقە لە خۆپیشاندەران دەكرا .

دوای تێپەڕبوونی مانگێك جارێكی تر خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكان لە عێراق دەستیان پێكردەوە و لە لوبنانیش خۆپیشاندان دژ بە حكومەت و گروپە هاوپەیمانەكانی ئێران دەستیانپێكرد ، كە بوونە مەترسی لەسەر هەژموونی هەرێمی ئێران لەكاتێكدا ئێران لەژێر گوشارێكی توندی سزاكانی ئەمەریكادایە .

دوای سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان لە عێراق، كەسانێكی دەمامكدار، كە جلی مەدەنیان لەبەردابوو لەبەردەم سەربازان و هێزە ئەمنییەكانی عێراق وەستابوون و گازی فرمێسكرێژیان دژ بە خۆپیشاندەران بەكاردەهێنا، خەڵكی ناوچەكەش وتوویانە نازانین ئەو كەسانە كێن، بەڵام گومانی ئەوە هەبوو ئێرانی بن .

سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەكی دڕندانە لە عێراق و هێرشی لایەنگرانی حیزبوڵڵا بۆ سەر شوێنی سەرەكی خۆپیشاندانەكان لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، مەترسی پەرچەكرداری توندی ئێران و هاوپەیمانەكانی لەدژی خۆپیشاندەران زیاد كردووە .

لای خۆیەوە، هیشام هاشمی شرۆڤەكاری ئەمنی عێراقی وتوویەتی: ئێران لەو خۆپیشاندانانە دەترسێت، چونكە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس ئەو وڵاتە لەڕێگای پارتە سیاسییەكانی نزیك لەخۆی گەورەترین دەستكەوتی لەناو حكومەت و پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە.

هاشمی وتووشیەتی: ئێران دەترسێت ئەو دەستكەوتانە لەدەست بدات، بۆیە لەڕێگای پارتەكانی نزیك لە خۆیەوە هەوڵیداوە لەسەر شێوازی ئێرانی كۆنترۆڵی خۆپیشاندانەكان بكات، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ شكستی ئێران لە كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە