هەندێك گومانیان لەكوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی هەیە

جیهان

31/10/2019‌ 2538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسەری سعودی هانی ئەلزاهیری دەڵێت: راگەیاندنی كوشتنی بەغدادی لەلایەن واشنتۆن و بزركردنی لاشەكەی وەك ئەوەی لەگەڵ ئوسامە بن لادن كردی، وای لە هەندێك كردووە گومان لە راستی كوشتنەكەی بكەن.

نووسەرە سعودییەكە وای دەبینێت، لەم چوارچێوەیەدا هەندێك وای دادەنەن، سەرجەم بابەتەكە شانۆگەریەكی ئەمریكییە بەم شێوەیە:
بەغدادی رۆڵێكی نمایشكارانەی بینی و ئێستا كاتی كۆتایی هاتنێتی.

موچەیەكی خانەنیشنی باشی بۆ بڕاوەتەوەو ژیانێكی نوێی دەست پێكردووە لە دورگەیەكی دوورە دەستدا و دوور لە چاوی میدیاكان.

نووسەری بابەتەكە پێی وایە: ناكرێ گفتوگۆ دەربارەی ئەم پرسە بكرێت لە ژێر سایەی نەبوونی بەڵگەی روون دەربارەی پرۆسەی كوشتنەكە، یاخود سیناریۆكانی تر، بەڵام دەكرێت كەسایەتی بەغدادی بەجێگای گرنگی پێدان دابنرێت بەوەی نەخشەیەكی كێشاوەو بەرەو كۆتاییەكی راستەقینە دەچێت.

نووسەر چەند زانیارییەكی دەربارەی قۆناغەكانی هەڵكشانی ئەبو بەكری بەغدادی یاخود ئیبراهیم عەواد ئەلبو بەدری خستووەتە روو، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ئەم پیاوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ژێر چاودێری ئەمریكییەكاندا بووە لە زیندانی بوكا و لە نێو بنكەیەكی ئەمریكیدا لە عێراق ژیاوە.

زاهیری باسی گێڕانەوەیەكی جەنراڵی ئەمریكی (كینیس كینگ) دەكات دەربارەی بەغدادی، هەروەك لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا و باسی لەوە كردووە، باشی لە یادە كاتێك ئیبراهیم عەواد یاخود ئەبو بەكری بەغدادی لەكاتی ئازاد بوونی لەزیندان وتی: ئەی گەنجەكان لە نیۆرك دەتانبینمەوە.

لەم دەستەواژەیەوە دەردەكەوێت ،كە بەغدادی ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەرو سەربازە ئەمریكییەكانی ناسیوە لە شوێنی زیندانییەكەی، ئەوانەی لەو زیندانەدا كاریان دەكرد خەڵكی نیۆیۆرك بوون.

هەروەها نووسەر باس لەوە دەكات نیشانەی پرسیار ئێجگار زۆرن، دەربارەی چۆنییەتی رەزامەند بوونی رێكخراوێكی تیرۆریستی بە بەیعەت دان بە سەركردەیەك تازە لە زیندان دەرچووە و ماوەی پێنج ساڵ لە بنكەیەكی ئەمریكی زیندانی كراوە، پێش ئەوەی هۆكارەكانی ئازاد بونی بەبێ دادگایی كردن بزانن، یان بۆچی رەوانەی گوانتانامۆ نەكراوە وەك تیرۆریستەكانی تر.

پاشان، نووسەر بە خۆێنەرانی دەڵێت: بۆتان هەیە چەندین پرسیاری تر بكەن، بەڵام بەدلنیایەوە ناتانگەیەنێتە وەلامێكی باوەڕپێكراو.

سەرچاوە: عكاز
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا