"ئێران بۆ دەرەوە".. دروشمی خۆپیشاندەرانی عێراق

عیراق

08/11/2019‌ 1455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانە، گۆڤاری (كومیرسانت) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی ناڕەزایەتییەكانی شەقامی عێراقی، كە بەسەر ئێراندا هەڵگەڕایەوە و داوای ئەوە دەكەن هەژموونی ئێران لە وڵاتە كۆتایی پێ بهێنرێت.

بەپێی راپۆرتەكە، لەیەكی ئۆكتۆبەرەوە ناڕەزایەتییەكانی عێراق ڕاوەستانیان بەخۆەوە نەبینیوە و زیاتر لە 250 كەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لە كەوتنەوەی هەزارەها بریندار. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، خۆپیشاندانەكان بە دروشمی دژە گەندەڵی دەستیان پێكرد و بە گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات كۆتایی پێهات، لە ئەنجامی ئەمەدا، سەرۆكی عێراق بەرهەم ساڵح رایگەیاند، سەرۆك وەزیران ئامادەی دەستلەكاركێشانەوەیە ئەگەر بێت و جێگرەوە هەبێت. 

بەڵام ئەم قسەیە نەوبوە هۆی ئەوەی خەڵك شەقامەكان جێبهێڵن و پرس و ڕا سیاسیەكان لە كاتی ئێستادا لە بەغدا درێژەیان هەیە.

ئێران وەك یەكێك لە بەڕێوەبەرانی میلشیاكانی حەشدی شەعبی و وەك لایەنێكی كاریگەر لەسەر سیاسەتەكانی بەغدا، بووە یەكێك لە ئامانجەكانی خۆپیشاندەران، وای لێهات دروشمی ئێران بۆ دەرەوە بیسترا لەسەرجەم بەشەكانی ئەو وڵاتەدا.

لێرەوەو بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، فەرماندەی فەیلەقی قودس لەسوپای پاسداران لیوا قاسم سلیمانی لەماوەی پێنج هەفتەدا چەندین جار سەردانی بەغدای كردوەە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ دەربارەی رەفتاركردن لەگەڵ دۆخەكەدا ئەنجام بدات. 

ئاژانسی ناوبراو باسی لەوەش كردووە لە چەندین كۆبوونەوەدا سلێمانی هەوڵی داوە هاوپەیمانی دژی سەرۆك وەزیرانی ئێستا پێكبهێنێ لە نێوان هادی عامری و موقتەدا سەدر. 

لەكاتێكدا سەدر بەردەوام لەگەڵ مەزاجی شەقامدا بووەو لەو سیاسییانەیە لە نزیكەوە لەگەڵ خۆپیشاندەراندایە، هەرچی عامرییە تا كۆتا چركە پاڵپشتی حكومەتی كردووە. 

لەگەڵ ئەوەشدا، لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا رایگەیاند، سیستەمی پەرلەمانی هەرەسی هێناوەو پێویستە چاكسازی لەدەستووردا بكرێت. 

بەلای ئێرانەوە قوربانیدان بە عەبدولمەهدی كێشەیەك نییە، بەڵام رووداوەكانی ئەم دواییە ئەوەیان دەرخست، كە شەقامی عێراق رۆیشتنی سەرۆك وەزیران بە تەنیا چارەسەر نازانێت.

لەم بارەیەوە، توێژەر لە قوتابخانەی باڵای ئابوری (یۆلیا سفیچنیكوفا) وتی: بەڵێ، ئێران هەوڵی ئەوەیدا كاریگەری لەسەر دۆخی عێراق دروست بكات، ئەمەش خۆپیشاندەرانی زیاتر بێزار كرد، بەڵام ئێران سەرچاوەی كێشەكان نییە لەو وڵاتانە و ناكرێت جێپەنجەی ئێران لەسەر هەموو شتێك ببینرێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا