خۆپیشاندانەكانی عێراق هەڕەشە لەهەژموونی ئێران دەكات

عیراق

09/11/2019‌ 933 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی پێیوایە خۆپیشاندان‌و نارەزایەتییە گەورەكانی عێراق هەڕەشەیەكی جددییە لەسەر ئێران و دەستوپێوەندەكانی ئەو وڵاتە لەعێراق، لەبەرانبەردا بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان تاران ئامۆژگاری میلیشیا چەكدارییەكانی سەر بەخۆی لە عێراق كردووە، كە تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن و چالاكوانە دیارەكان بڕفێنن و دەزگاكانی راگەیاندیش بەئامانج بگرن .

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە ململانێكردن لەسەر دەسەڵات بۆ شەقامی عێراقی شتێكی نامۆ نییە، بەڵام گردبوونەوەی ئەمجارەی خەڵكی عێراق لەوانی تر جیاوازە، بەو واتایەی ئەوە گەورەترین جوڵەی نارەزایەتی جەماوەرییە لەمێژووی عێراقی نوێدا لەسەر دەستی نەوەیەك، كە لەدوای پرۆسەی ئازادی و داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە گەورە بووە، بەشێوەیەك لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا چەندین لافیتە هەڵواسرابوون و تێیدا بە نەوەی شەشتەكان و حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەڵێن "ئێمە لە ئێوە ئازاترین".

لەگەڵ ئەوەی ئەو ئاڵۆزی و نارەزایەتیانە لەو ناوچانە بەڕێوە دەچن، كە زۆرینەی خەڵكەكەی شیعە مەزهەبن، بەڵام پیاوانی ئاینی هیچ رۆڵێكیان نەبووە لەگردبوونەوەی ئەو خەڵكە، جگە لەوەی خۆپیشاندانەكانیش هەڕەشەن لەسەر هەژموون و باڵادەستی ئێران لە عێراق، هەر لەو چوارچێوەیەدا لەشاری كەربەلا ئاگر لە كونسوڵخانەی ئێران بەردرا و ئاڵاكەشیان دڕین .

حارس حەسەن، كە هاوكارێكی ناجێگیری ناوەندی كارنیگییە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست دەڵێت: ئەو خۆپیشاندانانە تەحەددای سیستەمی تایفیانەی حوكمڕانییە لەعێراق، كە وای لە خەڵكی عێراق كرد ناسنامەی نیشتیمانیان بۆ ناسنامەیەكی رەگەزی و ئاینی بگۆڕن، بەراستی ئەوە گەورەترین جوڵانەوەی جەماوەرییە لە مێژووی نوێی عێراقدا.

بەقسەی هەندێك بەرپرسی عێراقی، ئێران لە ترسی داخورانی هەژموون‌و باڵادەستییەكەی ئامۆژگاری میلیشیاكانی سەر بەخۆی كردووە تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن .

ئەو بەرپرسە عێراقییانە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە ئێران گوشاری لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیران كردووە بۆ ئەوەی دەستبەرداری دەسەڵات نەبێت، بۆ ئەوەش بڕوایانپێهێناوە، كە خۆپیشاندانەكان دەستی دەرەكیان لەپشتەوەیە .

لە ٢٥ی ئۆكتۆبەرەوە دۆخی گۆرەپانی تەحریر لە شاری بەغدا تەواو جیاوازە و دەسەڵات هیچ هێزو بوونێكی نەماوە و كچان و كوران خۆیان شەقامەكان پاكدەكەنەوە و دیوارەكان دەنووسن و وێنەی پاڵەوانە شۆڕشگێرەكانیان دەكێشن .

گەورەبوونی خۆپیشاندانەكان و بەردەوامیان دەسەڵاتدارانی عێراقی تۆقاندووە، كە لەسەرەتای خۆپیشاندانەكان وەك هاوارێكی بچووك دژ بە گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەكان دەستیپێكرد، بەڵام بەشێوەیەكی سەرنجراكێش هەموو وڵاتی گرتەوە .

بەگوێرەی قسەی دوو بەرپرسی عێراقی  لە كاتی سەردانی كۆتایی مانگی رابردووی بۆ عێراق، قاسم سلێمانی بە بەرپرسانی عێراقی وتووە: ئێمە دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران دەكەین.

لە وتارە بەردەوامەكانی عادل عەبدلمەهدی سەرۆكوەزیری عێراق پشتیوانی خۆی بۆ داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەربڕی و بەڵینی ئەوەیدا، كە چاكسازی دەكەن و سەركۆنەی ئەو توندوتیژیانەی كرد، كە لەهەرلایەكەوە كرابێت، بەڵام بەڵێنە بەردەوامەكانی بەوەی ئامادەیە دەستلەكاربكێشێتەوە چیتر بەردەوام نەبوون، لەوتاریكی رۆژی سێشەممەی بەردەم حكومەتی عێراقی گتی دەستلەكاركێشانەوە "ئاسانترین ڕێگایە".

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی