ئەو تەكنیكە هەواڵگرییانەی ئەمریكا لەكوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی بەكاریهێنان

جیهان

09/11/2019‌ 1931 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كردەی لەناوبردنی سەركردەی ڕێكخراوی داعش، هەر تەنیا نیشاندەری توانای ئاستبەرزی سەربازی ئەمریكا نییە، بەڵكو وردەكارییەكی هەواڵگری بێ وێنەشی لەگەڵدا بوو، ئەمەش بەگوێرەی شڕۆڤەكارییەكی تازەی پەیمانگای "بڕۆكینگز" بۆ لێكۆڵینەوە سیاسییەكان.

شڕۆڤەكارییەكە لە لایەن هەردوو شڕۆڤەكار "ئیال كۆهین و ئیلیورا كاتز"وە نووسراوە و لە پێگەی پەیمانگای بڕوگنگز بڵاوكراوەتەوە، باس لەو شێواز و ڕێبازانە دەكات، كە ئەمریكییەكان توانییان بەهۆیەوە زانیارییان سەبارەت بەپێگەی بەغدادی دەست بكەوێت و لە ڕاستی و دروستی ئەو زانیارییانەش دڵنیاببنەوە.

كردەكە لەنیوەشەوی‌ 26 ی ئۆكتۆبەر بە فڕینی 8 فڕۆكەی پەروانەداری جۆری "شیونكس CH-47 " لە بنكەیەكی سەربازی نزیك هەولێر لەعێراقەوە دەستیپێكرد، فڕۆكەكان لە ترسی تەقەلێكردن، لەئاستێكی نزمی فڕیندا و زۆر بەخێرایی سنووری عێراقیان بەرەو سوریا بڕی.

كاروانی فڕۆكەكان 70 خولەكی خایاند، لەو ماوەیەدا و پێش گەیشتنیان بەكۆمەڵگای نیشتەجێبوون لە گوندی "باریشا"ی پاریزگای ئیدلب لە باكووری سوریا، كە ئەبوبەكر بەغدادی خۆی تێدا حەشار دابوو، چەند جارێك تەقەیان لێكرا. 

هەر، كە هیلیكۆپتەرەكان لە ئاسمانەوە تەقەیان لە شوێنەكە كرد، "هێزەكانی دەلتا"ی تایبەت دەروازەی یەكەمی كۆمەلگاكەیان تێپەراند، كە بەغدادی لێ بوو، شیمانەی ئەوەشیان دانا بوو تەڵەیەكییان بۆ دانرابێت.

كاتێ: هێزەكەی دەلتا چوونە ناو كۆمەڵگاكەوە، ئەو چەكدارە داعشانەیان لەناوبرد، كە ویستیان بەرگری بكەن، بەغدادیش بەرە و تونێلەكەی ژێر زەوی ڕایكرد و ئەندامانی هێزە ئەمریكییەكەش دوای كەوتن. 

لە ترسی ئەوەی نەوەك بەغدادی پشتێنی بۆمبڕێژكراوی بەستبێت، هێزەكە سەگێكیان بە ئاراستەی بەغدادی‌ ڕەوانە كرد، بەغدادیش خۆی تەقاندەوە و سەگەكەش بریندار بوو، سێ لەمنداڵەكانیشی لەگەڵ بەغدادی كوژران.

بە گوێرەی دوو شڕۆڤەكارەكە، هێشتا ئەمریكا سەرتۆپی كاری هەوڵگری و هێزە تایبەتەكانی گرتووە، كە دوو توێژەرەكە سێ ڕەهەندیان بۆ ئەو كارە هەواڵگرییە دانا،  بەوەی ئەمریكا لەو كردەیەدا جێبەجێیكردن، ئەوانیش: كۆكردنەوەی زانیاری، هاریكاری لەگەڵ هاوپەیمانەكانی، توانستی مەیدانی.

كۆكردنەوەی زانیاری 
ئەمریكا توانی زانیاری ورد كۆبكاتەوە سەبارەت بەو شوێنەی بەغدای خۆی لێحەشارداوە، ئەمەش لە ڕێگەی هەواڵدەرێكەوە، كە وەسفێكی وردی شوێنەكەی كردووە، بە ڕادەیەك وەسفی هەر یەك لەژوورەكانیشی كردووە، بە نهێنیش لەگەڵ ئەو كەسەدا لەپەیوەندیدا بوون.

هێزەكانی ئەمریكا بە هۆی ئەو هەواڵدەرەوە، چەند زانیارییەكی تایبەتیشیان دەست كەوت سەبارەت بەبەغدادی، وەك جلەكانی ژێرەوەی، كە لە ڕێگەیەوە ناسنامەی بەغداییان دیاریكرد.

جگە لەمانەش، زانیاری دیكە لەڕێگەی هەواڵگرییەوە كۆكراوەتەوە و پشتڕاست كراونەوە، وەك گرتە ڤیدیۆیە ئاسمانییەكان، چاودێری ئاسمانی، نەخشەی تێروتەسەل سەبارەت بە هێڵەكانی پەیوەندی و ئاماژە شیمانەكراوەكانی (موحتەمەل) ناوچەكە، بە تایبەتش ئەوانەی پەیوەستن بە شوێنی نیشتەجێبوونی بەغدادییەوە، هەموو ئەو تەكنیكانە بەیەكەوە كاریان دەكرد.

هاریكاری نێودەوڵەتی
ئەمریكا سەلماندی‌ توانستی ئەوەی هەیە باڵ بەسەر هەر‌ شوێنێكدا بكێشێت، كە مەبەستییەتی، هەروەك دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا وتی: كردە سەربازییەكە هاریكارییەكی باشی نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە خۆگرتبوو لەگەڵ هەریەك لە ڕوسیا و توركیا و سوریا و عێراق و كوردەكانی سوریا.

لە سایەی دژیەكی بەرژەوەندی لایەكاندا، هاریكارییەكە ئاڵینگارییەك بوو، بڕیاری ئەمریكاش بە بەشداری لە كردەیەكی ئاوادا، نیشانەی كاریگەربوون و توانستی سەركردایەتییە هەروەك شڕۆڤەكارییەكەی بروكینگز دەڵێت.

بە گوێرەی قسەكانی  دۆناڵد ترامپ، هاوپەیمانانی ئەمریكا لە ناوچەكە ئاگاداری وردەكاری كردەكە نەبوون، بۆیە پشتیوانی و پاڵپشتی ئەوان كارێكی قورس بوو.

دیارە، كە هاریكاری نێوان نەیارەكان هەمیشە باجەكەی گەورەیە، چونكە نیازی نەیار بەرانبەر ئامانجەكە هەرگیز ڕوون و ئاشكرا نییە، بۆیە هاریكاری لەگەڵ نەیاردا، لەوانەیە ‌ببێتە هۆی ئاشكرابوونی كردەكە، یان ئاشكرابوونی تەكنیكەكانی ئەمریكا لە كۆكردنەوەی زانیارییەكاندا هەروەك شڕۆڤەكارییەكەی بروكینگز دەڵێت.

توانستە مەیدانییەكان
شڕۆڤەكارییەكە ئەو توانستە مەیدانییانە دەنرخێنێت، كە توانی كردەكە بە نهێنی بێڵێتەوە و پلانەكەش تا كۆتایی وەك خۆی جێبەجێبكات.

نهێنیپارێزی كردەكەش لەوەدا بوو، كە هێزەكانی ئەمریكا توانیان لەناكاو هەڵكوتنەسەر بەغدادی، ئەمەش وایكرد پلانی بەغدادی بۆ هەڵاتن و چوونەناو تونێڵەكەوە شكست بێنێت.

هێزەكانی ئەمریكاش توانستێكی باشیان نیشاندا لە دڵنیابوونەوە لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەركەكە لە ڕێگەی پشكنینی دی ئێن ئەی، كە بۆ ناسینەوەی بەغدادیان ئەنجامدا، هەر چەندە ئەمە لە گۆڕەپانی كردەكەدا كاتی زۆری دەوێت، بەمەش هێزەكان تووشی هەڕەشەی گەورەتر دەبن.

سەبارەت بە لایەنە نەرێنییەكانی كردەكە، كە ماقوڵ و لۆژیكی بوون، پابەندبوونی ئەمریكا بوو بە ڕێساكانی پێكدادان بۆ كەمكردنەوەی زەرەر و زیانی مەدەنییەكان، سەرباری ئەوەش، كە مەترسییەكان زۆر بوون. 

هێزەكانی ئەمریكا بانگی ئەوانەیان كرد، كە لە كۆمەڵگاكەدا نیشتەجێ بوون و داواشی لێكردن بە سەلامەتی شوێنەكە جێبێڵن، ئەمەش وایكرد 11 منداڵ بە سەلامەتی دەربازیان بێت.

بروكنگز ئاماژەی بە تەكنیكی هەواڵگری ئەمریكاش كردووە لەو كردەیەدا كە بە " FIND ,FIX, FINISH " ناسراوە، واتە "بیدۆزە‌وە، چارەسەری بكە، تەواوی بكە".

بنەمای یەكەم ئەوه ‌بوو، "بیدۆزەوە‌"،‌ كە هەواڵگری ئەمریكا شوێنی بەغدادیان دۆزییەوە، كە وایكرد بڕیار لەدەستپێكردنی كردەكە بدەن.
 
بنەمای دووەم ئەوە بوو،‌ چارەسەری بكە ، لە مەشیاندا هەموو توانستە هەواڵگرییەكانی ئەمریكایان خستەگەر و لە ناسنامەی بەغدادی دڵنیابوونەوە و شوێنەكەیان دیاریكرد و پلانەكەیان دانا.

بنەمای سێیەم  ئەوە بوو، "تەواوی بكە" ئەویش كوشتنی بەغدادی بوو، سەرباری ئەوەش بەغدادی هەموو تەگبیرسازییەكی خۆی كردبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەرەكان، شارەزا و كارزانیش بوو لە هەڵاتن و بەدیلنەگیرانی، ئەمەشی بۆ ماوەی 8 ساڵ پەیڕەو كرد.

سەرچاوە: حوڕە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر