سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دەستتێوەردانی دەرەكی لەكاروباری ناوخۆ رەتدەكاتەوە

عیراق

12/11/2019‌ 490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی بەرپرس لەناو سەرۆكایەتی كۆماری عێراق جەختیكردووەتەوە، كە ئەو چاكسازیانەی بەڵێنی كردنیان دراوە بەتەواوەتی عێراقین و وەك وەڵامدانەوەیەكن بۆ ویستی خەڵكی عێراق و بۆ ئەوەش بەهیچ جۆرێك ناكرێت ملكەچی گوشارە دەرەكییەكان نابن و هیچ دەستتێوەردانێكیش لەكاروباری ناوخۆی عێراق قبووڵ ناكەن.

ئەو سەرچاوەیە بۆ كەناڵی عەرەبییە دەڵێت: عێراقییەكان بەپێی لەپێشینەیی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانیان  و لەچوارچێوەی یاسا و دەستووردا بڕیار دەدەن .

لای خۆیەوە جانین هینیس بلاسخارت سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لەسەر زاری عەلی سیستانی پیاوی ئاینی شیعەوە گواستوویەتییەوە، كە گومانی هەیە لە لێبراوی و جیدییەتی هێزە عێراقییەكان لە چاكسازیكردن و داواشی كردووە بەهیچ جۆرێك لە مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندەران توندوتیژی بەكارنەهێنن.

بلاسخارت داوای لە دەستەبژێری سیاسی عێراق كردووە هەر بەرژەوەندییەكی داراییان لەناوەوە و دەرەوەی عێراق هەیە ئاشكرای بكەن، هەروەها دەڵێت: ئەوان هاوكاری هونەری پێشكەش بەلیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور دەكەن .

هەرچی ئەمەریكایە داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق كرد بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچن و چاكسازی لە یاسای هەڵبژاردندا بكەن، هەروەك داواشی كردبوو توندوتیژییەكان دژ بە خۆپیشاندەران كۆتاییان پێبهێنرێت.

لەو بارەیەوە كۆشكی سپی لەبەیاننامەیەكدا داوای لە دەسەڵاتدارانی بەغدا كردبوو ئەو بەڵێنەی پێشتری بەرهەم ساڵح جێبەجێبكەن، كە بۆ چاكسازی لە یاسای هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دابووی .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی