شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبەیاننامەیەكدا ویستی توركیا بۆ دەستپێكردنی كردەیەكی سەربازی نوێ لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریای سەركۆنەكرد، كە ئامانج لێی دوورخستنەوەی شەڕڤانانی كوردە لەو ناوچەیە.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبەیاننامەیەك رایگەیاند، بەڵێندانی توركیا بەوەی ئەگەر بێت و ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا لەشەرڤانانی كورد پاكنەكرێتەوە ئەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نوێ دەكاتە سەر ئەو ناوچەیە بووەتە جێگای سەرسووڕمانی ئەوان.
هەروەها هۆشداریشیداوە لەوەی هەنگاوی لەو جۆرە زیان بەهەوڵەكانی بەدیهێنانی سەقامگیری لەناوچەكە دەگەیەنن.
ئەمە لەكاتێكدایە توركیا دەستی بەهەڕەشكردن كردووەتەوە، كە بەم نزیكانە دەست بەئۆپەراسیۆنێك بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە.
لای خۆیشییەوە وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندووە، كە مۆسكۆ هەموو پابەندییەكانی خۆی بەپێی ڕێكەوتننامەی سوچی، كە لەنێوان ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا واژووكراو بەجێگەیاندووە.
لەو بارەیەوە ئیگۆر كۆناشینكۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا لەراگەیاندننامەیەكدا رایگەیاندووە، بانگەوازی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ دەستپێكردنی كردەیەكی سەربازی نوێ لەجیاتی چارەسەركردنی كێشەكان بەوشێوەیەی لەیاداشتنامەی هاوبەشی نێوان هەردوو سەرۆكی توركیا و روسیا دەقی لەسەردراوە دەبێتە هۆی ئاڵۆزكردنی دۆخی باكووری سوریا.
لێدوانی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری روسیا دوای لێدوانێكی رۆژی دووشەممەی مەولود چاویش ئۆغڵووی وەزیری دەرەوەی توركیا دێت، كە هەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر بێت و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد لە ناوچەكانی باكووری سوریا پاشەكشە نەكەن، ئەوە توركیا تاكلایەنە كردەیەكی سەربازی نوێ لەو ناوچەیە دەستپێدەكات .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
