زۆرانبازی نێوان واشنتۆن و پەكین لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست

جیهان

23/11/2019‌ 621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناونیشانی راپۆرتێكە لەگۆڤاری (كورییر) بۆ پیشەسازی سەربازی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی پەرەسەندنی رۆڵی چین لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وا دەكات بە دڵنیاییەوە پەكین لەكێشەكانی ناوچەكەوە لە ئایندەدا تێوە بگلێ.

بەپێی راپۆرتەكە، تا ئێستا هاوكاری كردنی چین لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆكەسی خستبووە سەر وزەو ئابووری، بەڵام هەموو شتەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، رووداوەكانی ئەم دواییە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە چین كار لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی دەكات لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە بوارەكانی بەرگری و رۆشنبیریدا، لەو رووەوە پەكین چەندین گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ 15 وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست واژوو كردووە.

رۆژئاواش لەلای خۆیەوە، بەهەستیارییەوە رەفتار لەگەڵ بەهێز بوونی پەیوەندییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چین دەكات، خودی واشنتۆنیش لەسەر میتۆدی سیاسەتێكی نوێ كار دەكات، كە بە پێی ئەوە دەستبەرداری هەندێك لەپابەندبوونەكانی و بەشێك لە بەرپرسیارییەتییەكانی دەبێت لە ئۆراسیا. 

ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وڵاتە بچووكەكان چاو بخشێننەوە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و بیر لەوە دەكەنەوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ چین پەرە پێ بدەن.

لە وڵاتی چینیش بە ئاشكرا هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە نییە، كە پەكین نیازی هەژموونی سەربازی هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە هەستی بەوە كردووە تا ئێستا شارەزایی و تۆڕی پەیوەندی و دەسەڵاتی پێویستی بە بەراورد بە رۆژئاوا نییە، تا ئامانجە جیۆسیاسییەكانی لەم ناوچە پڕكێشەیەدا دیاری بكات.

پەكین بەردەوامە لەسەر كاركردن، بەڵام بە وریایی و وردەكاریەكی زۆرەوە، بۆ ئەوەی لە پرسەكانی ناوچەكەدا تێوەنەگلێ، لە بۆچوونی چیندا، دەكرێ روسیا و ئەمریكا پارێزگاری لە بەشی خۆیان بكەن بۆ ئاسایشی ناوچەكە، فرە جەمسەری بەلای پەكینەوە پێویستە، ئەم بنەمایەش بەشێوەیەكی جدی پەیڕەو دەكات، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات، كۆماری چینی میللی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە ئەگەر لە دەرەوەی ململانێكەدا بێت، دەبێ بە خێرایی وەلامی هەبێت لەهەمبەر ئەو ئاڵینگارییانەی لەبەرانبەر كاری بازرگانیدا سەرهەڵدەدەن.

بێگومان ئەمەش وا دەكات ناسەقامگیری نێوان واشنتۆن و پەكین زیاتر ببێت، لەم بارەیەوە بەرپرسە دیارەكانی ئەمریكا هۆشدارییان لە بارەی هەوڵەكانی چین بۆ بەهێز كردنی هەژمونی خۆی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، و وا دەكات هاوكاری نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانە كلاسیكیە عەرەبەكان لە بواری بەرگریدا نەهێڵێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە گۆڕەپانێكی تر لە ململانێی نێوان واشنتۆن و پەكین.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا