تاران كەوتە تەڵەكەوە.. ئابووری ئێران لەنێوان هەڵاوسان‌و كەمكردنەوەی نرخی دراو

مەلەفی تایبەت

26/11/2019‌ 5880 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئابووری ئێران لە نێوان هەڵاوسان و كەمكردنەوەی نرخی دراو"، ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (ئۆراسیا دیلی)دا بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی تێوەگلانی تاران لە گێژەلۆكەی ئابووریدا، ئەمەش سەرەتایەكە بۆ دروستبوونی گرژی زیاترو لەسەر كارلادانی رژێم.

بەپێی راپۆرتەكە، بەگوێرەی توندترین سیناریۆكان، پێشبینی ئەوە دەكرێت خۆپیشاندانی جەماوەری فراوان لەئێران بێتە كایەوە بەهۆی ئەو گرفتە زۆرەی لەئابووری ئەو وڵاتەدا دروست بووە، ئابووری ئێران كەوتووەتە تەڵەوە، بەناوی گێژەلۆكەی كەمكردنەوەی هەڵاوسانەوە، كە كەمكردنەوەی نرخی دراوی نیشتمانی، ئەمەش بەرزكردنەوەی نرخ خێراتر دەكات و هەڵاوسانەكەش دەبێتە هۆی گەڕێكی نوێ لەكەمكردنەوەی نرخی دراو. 

ئەمەش هەڵكشان لە ئابووری ئێران دێنێتە گۆڕێ و ئەم وێنەیەش بەتەواوە روون و ناسراوە، بەڵام پێدەچێ دەسەڵاتدارانی ئێران توانای ئەوەیان نەبێت لەم ئەڵقەیەی كەمكردنەوەی نرخی هەڵاوسانێكی تر دەرباز بن لە ژێر دۆخی سەپاندنی سزا نوێیەكانی ئەمریكادا.

نموونەیەكی تریش هەیە، كە ئاماژەی باشی تێدا نییە، جێگای وەبیر هێنانەوەیە لەم دواییانەدا حكومەتی ئیكوادۆر ناچار بوو رێكاری لەم جۆرە بگرێتە بەر، پاشان یەكسەر خۆپیشاندانی جەماوەری لێكەوتەوە. 

لەبەر ئەوە، دوای چەند رۆژێكی كەم لە دەرچوونی مەرسومی هەڵوەشانەوەی پشتیوانی سوتەمەنی و بەرزكردنەوەی كرێ و هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی، سەرۆكی ئەو وڵاتە لاتینیە (لینین مۆرینو) بریاریدا مەرسومەكە بكشێنێتەوە. 

هەمان نموونەش چیلی روویدا، كە بەرزبوونەوەی نرخی كارتەكانی میترۆ بووە هۆی سەرهەڵدانی گەورەترین خۆپیشاندان لە مێژووی ئەو وڵاتەدا، بەگوێرەی هەندێك لەبۆچوونەكان.

پێدەچێت لەم چوارچێوەیەدا، بریاری دەسەڵاتدارانی ئێران بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین زۆر خێرا بوبێت و ئەوە دەهێنێتەوە یاد، كە فەیلەسوفی هیگڵ وتویەتی (لەمەودا مێژوو كەس فێری هیچ شتێك ناكات).

خۆپیشاندەرە ئێرانییەكان وەها لە بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین دەڕوانن، كە ڕێنمایی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی بێت، ئەمەش خۆپیشاندانەكان لە رەهەندی ئابووری دەردەكات (هەمان چیرۆك لەم دوایەدا لە ئیكوادۆر روویدا).

زۆربەی كاتیش تەفسیرەكان بۆ سەقامگیری رژێمی ئێران، كە لەدوای شۆرشی ئیسلامییەوە دروست بووە ئەوەیە، توانیویەتی كۆپیەكی تایبەت لەدەوڵەتی كۆمەڵایەتی پێشكەش بەهاووڵاتییەكانی بكات، دوای ئەوەش وا دەردەكەوێت، كە رێكارەكانی ئێستا دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی ئەم بنەمایە و نرخەكەشی زۆر قورس دەبێت لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا