ئەمریكا بەیاسایەك پشتگیری بۆ خۆپیشاندەرانی هۆنگ كۆنگ دەربڕی

جیهان

28/11/2019‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا یاسایەكی واژووكرد، كە گوزارشت لە پاڵپشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ خۆپیشاندەرانی هۆنگ كۆنگ دەكات. 

ئەم هەنگاوە هەڕەشەیە بۆ تێكدانی گفتوگۆ بازرگانییەكانی ئەمریكا لەگەڵ چین، هەروەها ئەوەی هەردوو وڵات نزیكبووبوونەوە لەوەی، كە رێكەوتنێكی كاتی واژوو بكەن.

پرۆژە یاساكە لەلایەن كۆماری‌و دیموكراتەكانەوە پێشكەش كراوە و لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە تێپەڕیی و دۆناڵد ترامپش رۆژی َ 27 ی نۆڤێمبەر پەسەندی كرد. 

ترامپ لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان رایگەیاند، واژوویان لەسەر یاساكە كردووە وەك رێزلێنانێك بۆ شی چین سەرۆكی چین و خەڵكی هۆنگكۆنك.

ئەو راشیگەیاند، خستنەگەڕی ئەم یاسایە هیوایەك بۆ سەركردە و نوێنەری چین و هۆنگكۆنگ تا رێككەون لەگەڵ ناڕازییەكانی هۆنگ كۆنگ لەسەر ناكۆكییەكانیان بە رێگەیەكی ئاشتیانە.

لەبەرانبەر یاساكە، چین پەرچەكردارێكی توندی نواند و تێری برانستاد-ی باڵێۆزی ئەمریكا لەچین لەلایەن پەكین-ەوە بانگهێشت كراو پێیان راگەیاند، دەركردنی بریارێكی لەو جۆرە خۆهەڵقورتاندنە لەكاروباری وڵاتێكی دیكە.

بەپێی یاساكە "یاسای پارێزگاری لە هۆنگ كۆنگ"، جگە لە سزادانی ئەو بەرپرسانەی چین و هۆنگ كۆنگ، كە تێوەگلاون بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ،  یاساكە داوادەكات پێداچوونەوە بكرێت لە حالەتی بازرگانی هۆنگ كۆنگ. 

هەروەها ئابلوقەش دادەنێت لە سەر فرۆشتنی هەموو كەلوپەلێكی ئەمریكا بەدەسەڵاتدارانی هۆنگ كۆنگ وەك گازی فرمێسك رێژ و فیشەكی پلاستیكی. 

لەبەرانبەردا حكومەتی هۆنگ كۆنگ-یش ناڕەزایی دەربڕی بەرانبەر بەیاساكە و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، یاساكە دەستخستنەناو كاروباری وڵاتێكە بەئاشكرا، وتەبێژی حكومەتی هۆنك كۆنگ – یش رایگەیاند كە ئەمە پەیامێكی خراپە و دۆخی هۆنگ كۆنگ هێورناكاتەوە.

هۆنگ كۆنگ ژێردەستەی بەریتانیا بوو، ساڵی 1997 گەڕایەوە ژێر دەسەڵاتی چین، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە خەڵكی وڵاتەكە لەخۆپیشاندان بەردەوامن لەبەرامبەر یاسایەكی حكومەتی هۆنگ كۆنگ. خەڵكی ناڕازی وڵاتەكە لەبەرامبەر پرۆژەیە یاسایەك كە داوادەكات ئەوانەی دەستگیر دەكرێن ببرێتە وڵاتی چین، دادگایی بكرێن، كەئەمەش ترسی گەورەی لای خەڵكی هۆنگ كۆنگ دروست كردووە بەوەی كە چین لەسەر مەسەلەی سزادان توندە و بریاری لەسێدارەدان بەزۆری جێبەجێدەكرێت.

ئامادەكردن: لوقمان غەفوور 
سەرچاوە: سی ئێن بی سی‌و سی ئێن ئێن