مالیکی پاشەکشە دەکات‌و عەسایب هێڵە سورەکانی ئەمریکا دەشکێنێت‌و کاندیدێکیش حه‌وت ملیار دینار بۆ ڕازاندنه‌وه‌ى نوسینگه‌كه‌ى خه‌رجده‌كات

عیراق

51 خولەک پێش ئێستا‌ 2623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای چەندین مانگ لەچەقبەستنی سیاسیى، عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران نزیکدەبێتەوە لەتەواوکردنی کابینەکەی لەڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە کە تێیدا نوری مالیکی لەپرسی جێگرەکان پاشەکشەیکرد، به‌ڵام هێزەکانی عەسایب بەربەستە ئەمریکییەکان دەشکێنن، ڕاپۆرتە ئەمنییەکانیش شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتییان ناوەتەوە دوای ئەوەی ئاشکرا بوو یەکێک لەکاندیدە نوێیەکانی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران، پێش واژۆکردنی فەرمانی متمانە، بڕی حه‌وت ملیار دیناری دەوڵەتی تەنها بۆ ڕازاندنەوەی نوسینگەکەی خەرجکردوەو فەوجێکی 800 کەسیشى لەهێزەکانی پۆلیس بۆ پاراستنی تایبەتی خۆی تەرخانکردوە، ئه‌وه‌ش زانراوه‌ پارتى پۆستێكى دیكه‌ى باڵا له‌به‌غدا وه‌رده‌گرێت.


پڕۆسەی پێکهێنانی تەواوەتی حکومەتی فیدراڵ لەعێراقدا دەچێتە قۆناغی یەکلاکردنەوەوه‌، دوای چەندین مانگ لەپەککەوتن کە تێیدا نۆ وەزارەت بەبەتاڵی مابونەوە، هێزەکانی چوارچێوه‌ی هەماهەنگی لەگەڵ عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران گەیشتونەتە جۆرە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، به‌گوێره‌ى سەرچاوە تایبەتەکان، نوری مالیکی سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى دەوڵەتی یاسا لەناڕەزایەتییەکانی پێشوی بەرامبەر بەخەرجیی دارایی پۆستی جێگرانی سەرۆک وەزیران پاشەکشەیکردوە، لەبەرامبەر دابینکردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو خوێندنی باڵا بۆ هاوپەیمانێتییەکەی.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، گرنگترین گۆڕانى گه‌وره‌ لەم ڕێککەوتنەدا، سەرکه‌وتنی بزوتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەقە بۆ ناو پێگەی فەرمیی دەسەڵات؛ بەجۆرێک کە سەرەڕای دژایەتی‌و بەربەستەکانی پێشوی ئەمریکا، عەسایب ئامادەکاریی دەکات بۆ وەرگرتنی دوو پۆست؛ کە یه‌كێكیان جێگری سەرۆک وەزیرانە بۆ (لەیس خوزاعی) برای قەیس خه‌زعه‌لى (کە ناوی لەلیستی ڕەشی ئەمریکادایە بەتۆمەتی قاچاخچێتیی نەوت)و ئەوی دیكه‌یان وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییە بۆ محەمەد تەمیمی، ئەم پۆستە پێشتر بۆ ئەحمەد ئەسەدی فەرماندەی جوندی ئیمام بوو کە پێش دوو مانگ بەهۆی چەند تۆمەتێکەوە عێراقی بەرەو ئوسترالیا جێهێشتبوو.

لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌، پێکهاتەی نوێی کاندیدەکان بەمشێوەیە یەکلاکراوەتەوە، وەزارەتی ناوخۆ بۆ یاسر سۆخەیل (زاوای نوری مالیکی)، وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ بەها حەیدەر حەسەنی (ڕاگری کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی نەهرەین)، وەزارەتی بەرگریی بۆ نایف شەمەری (ئەندامی پەرلەمان)، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ ڕێباز حەملان (لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان)، وەزارەتی ڕۆشنبیریی زەید حەماد (كه‌سایه‌تییه‌كى هۆزەکانی ئەنباره‌ لەپشکی هاوپەیمانیی عەزم)، وەزارەتی لاوان‌و وەرزش بۆ سەفا کەنانی (بەڕێوەبەری نوسینگەی عەممار حەکیم)، پۆستی جێگرانی سەرۆک وەزیران چوار جێگره‌و دابەشکراون لەنێوان (محەمەد تەمیم لەتەقەدوم، موحسین مەندەلاوی لەچوارچێوە، لەس خه‌زعه‌لى لەعەسایب، لەگەڵ ئەگەری دیاریکردنی شاخەوان عەبدوڵڵا وەک کاندیدی چوارەم له‌پارتى دیموكراتى كوردستان).

هه‌روه‌ك چه‌ند زانیارییه‌كیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، یەکێک لەو چوار كه‌سه‌ى كاندیدن بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، پێش دەستبەکاربونی، بڕی حه‌وت ملیار دیناری عێراقی تەنها بۆ ڕازاندنەوەو کڕینی کەرەستەی نوسینگەکەی لەبەغدا خەرجکردوە، لەگەڵ داواى دیاریكردنى 800 پۆلیسی وەزارەتی ناوخۆ وەک هێزی پاراستنی تایبەت بۆی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵات بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، جێگیربونی ئەم پێکهاتە سیاسییه‌، دوای زنجیرەیەک لێکتێگەیشتنی نهێنیی نێوان بەغداو واشنتۆن هاتوە لەمیانی کۆبونەوەی تاکلایەنەی عەلی زەیدیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەنیویۆرک، هه‌ربۆیه‌ ئەمریکا زنجیرەیەک بەخشینی پێشکەش بەبەغدا کردوە؛ لەوانەش درێژکردنەوەی وادەی کۆنترۆڵکردنی چەک تا هاوینی 2027و لادانی بەربەستەکان لەسەر عەسایب‌و ڕێگەدان بەگەڕانەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف، لەبەرامبەردا، بەغدا بەڵێنیداوە پارێزگاری لەتەواوی وەبەرهێنانە ئەمریکییەکان بکات‌و دۆسیەی چەک لەماوەی دیاریکراودا یەکلایی بکاتەوە.

سەرەڕای ئەم لێکتێگەیشتنانە، گروپە چەکدارەکان (وەک کەتائیب‌و نوجەبا) سه‌قفی داواکارییەکانیان بەرزکردوەتەوەو بەفەرمی ڕایانگەیاندوە، وادەی حوزەیرانی 2027 بۆ ڕادەستکردنی چەک قبوڵناکەن‌و داوای دەرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکاو جێگیرکردنی سیستمی هاوتەریبی سوپاو بەرگریی چەکداریی دەکەن؛ بەڵام سەرکردایەتیی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختدەکاتەوە، ئەم وتانە تەنها بۆ بەکارهێنانی ڕاگەیاندنی ناوخۆییەو تەواوی گروپەکان لەکۆتاییدا دەچنە ژێر یاسای دەوڵەتەوە، لیستی کۆتایی ناوی وەزیرەکان گەیشتوەتە دەست عەلی زەیدیی‌و ڕۆژی پێنجشەممە له‌پەرلەمان‌و لەدانیشتنێكدا دەنگی متمانەی پێبدرێت.