ڕێوشوێنی دەربازكردنی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە لەدەست ئێران دەرچووە

مەلەفی تایبەت

07/12/2019‌ 1769 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەك هەوڵێك بۆ دەربازكردنی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێران، هەینی ئایندە ئەوروپییەكان لە ڤییەنا لەگەڵ ئێران كۆدەبنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران بەڵێنیدا بەردەوام بێت لەوازهێنان لە پابەندبوونە ئەتۆمییەكانی.

نوێنەرانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و چین و ڕوسیا و ئێران لە كۆبوونەوەیە بەشداردەبن، كە چاوەڕوان دەكرێت ئەوروپییەكان داوا لە ئێران بكەن چی دیكە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە پیشێل نەكات، دەنا تووشی سزای تازە دەبێت لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، بەڵام گریمانەی گەیشتن بە یەكلاییكردنەوەیەكی ئەو پرسە زۆر لاوازن، بەهۆی توڕەیی تاران لەو سزایانەی ئەمریكا بەسەریدا سەپاندون.

لە مایۆی ڕابردووەوە ئێران زنجیرە هەنگاوێكی گرتوونەبەر، كە بە گوێرەی ڕێككەوتننامەكە پێشێلی پابەندەبوونەكانی دەكەن، وەك زیادكردنی پیتاندنی یۆڕانیۆم، هەروەها ڕێوشوێنێكی دیكەش هەیە، كە چاوەڕوان دەكرێت لە سەرەتاكانی یەنایەر پیادەی بكات.

ئێران لە بەرانبەر كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2018 لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە، سورە لەسەر ئەوەی‌ مافی پیادەكردنی ئەو هەنگاوانەی هەیە، چونكە ئەو سزایانە ئابووری ئێرانیان كۆت و بەند كردووە.

لە مانگی ڕابردووەوە ئەوروپییەكان دەستیان كردووە بەخستنەڕووی "میكانیزمەكانی چارەسەركردنی كێشەكە"، كە لە ڕێككەوتننامەكەدا هاتووە، ئەمەش لەوانەیە خۆكردانە ببێتە هۆی ئەوەی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دژ بە تاران دەستپێبكەنەوە.

چاوەڕوان دەكرێت كۆبوونەوەكە بارگرژاوی بێت، بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیاش ئێرانیان بە برەودان بە موشەكە بالیستییەكان تۆمەتبار كردووە، كە توانستی هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمیان هەیە، ئەمەش‌ پەیامێكی ئەوروپییەكانە بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان.

محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەو تۆمەتانەی ئەوروپییەكانی ڕەتكردنەوە و بە هیچ و پووچی لە قەڵەمدان.

سەرباری هەڵكشانی بارگرژییەكان، چاودێران دەڵێن: چاوەڕوان ناكرێت ڕۆژی هەینی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، میكانیزمەكانی یەكلاییكردنەوەی كێشەكان بخەنەڕوو.

چاودێران پێیانوایە، كە ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان سزاكان بەسەر تاراندا بسەپێنێت و ڕێككەوتننامەكە هەرەس بێنێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە تاران لەپەیماننامەی قەدەغەكردنی بڵاوبوونەوەی چەكە ئەتۆمییەكانیش بكشێتەوە.

عەلی فایزی توێژەر لەكۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری تەنگەنژەكان باس لەوە دەكات، كە دیار نییە ئەو كارە چاوەڕوانی سوودمەندی لێدەكرێت یان، نا، بەڵام هۆشداری ئەوەی داوە ڕێككەوتننامەكە بەرەو هەرەسهێنانە، چونكە ئەو ڕێوشوێنانەی كارئاسانی دەكەن بۆ گەڕانەوە ناو ڕێككەوتننامەكە بەرە بەرە بەرتەسك دەبنەوە و لە دەستی ئێرانییەكان دەردەچن.

فایز وتیشی: هەردوولا تەنگیان پێهەڵچنراوە و سەخت و دژوارە خەیاڵی ئەوە بكەین بە ئاسانی لەو تەنگژەیە دەربچن.

فڕانسوا نیكۆڵوی باڵوێزی فەرەنسا ئەوەی دووپاتكردەوە، كە چاوەڕواندەكرێت  بارگرژییەكان بەرەو هەڵكشان بچن، وتیشی لەوانەیە ئەمجارە ڕێككەوتننامەكە هەرەس نەهێنێت، بەڵام بێ هیچ دوو دڵییەك لە ئاكامی گفتوگۆكانی ئایندە ئەگەری هەرەسهێنانی ڕێككەوتننامەكە لە ئارادایە.

هەروەها عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانیش هۆشداری ئەوەیدا، كە ئەگەر لایەنە ئەورپییەكان پەنا بەرنە بەر میكانیزمەكانی چارەسەركردنی ناكۆكییەكە بەگوێرەی ڕێككەوتننامە، لەوانەیە ئێران لێبڕاوانە چاو بە پابەندبوونەكانیدا بخشینێتەوەلەهەمبەر ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی، كە سەرپەرشتیاری ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەیە.

بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە هەوڵی ئەوەدان لە ڕێگەی هێنانەكایەی میكانزمێكەوە بۆ ئاڵوگۆڕێكی بازرگان شەرعی ڕێككەوتننامەكە لەهەرەسهێنان دەرباز بكەن، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە كۆششەكانیان بێبەرهەم بووە، ئەمەش دوڕدۆنگی ئێرانی زیاتر كردووە. 
دڵەڕاوكێ ئەوروپییەكانی واژووكەری ڕێككەوتننامەكەش لە پاشەكشێی ئێران لە پابەندبوونەكانی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە.

ڕێككەوتننامەكە میكانیزمەكانی یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییە‌كان لەخۆ دەگرێت و بە چەند قۆناغێكیشدا تێدەپەڕێت. لەوانەیە چەند مانگێك بخایەنێت‌و بگاتە ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگی لەسەر بدات بەوەی ئێران بەردەوام بێت لە سوودوەرگرتن لە هەڵگرتنی سزاكان.

فایز دەشڵێت: ئەگەر ئەو سیناریۆیە سەربگرێت، تووشی تەنگژەی "بڵاونەبونەوەیەكی ئەتۆمی گەورە" دەبین، چونكە مۆسكۆو پەكین ڕایانگەیاندە، كە دان بە دووبارە سەپاندنی سزاكاندا نانێن بەسەر تاراندا.

فایز هەروەها وتیشی: لە كۆتاییدا ڕێچكەی گەیشتن بە چارەسەرێكی دبلۆماسی پشت بە هەنگاوەكانی ئایندەی واشنتۆن دەبەستێت، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە سوككردنی بەربەستەكان لە بەردەم فرۆشتنی نەوتی ئێرانی كە سەرچاوە سەرەكییەكەی داهاتی تارانە.

فایز ئەوەشی وت: لایەنەكانی ناو ڕێككەوتننامەكە سەلماندوویانە دەستەوەستانن لەوەی بوارێكی هەناسە هەڵكێشان بۆ تاران بكەنەوە.

چوارشەممەی ڕابردووش حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران وتی: ئەگەر ئەمریكییەككان دەستبەرداری سزاكانی سەر ئێران بن، وڵاتەكەی ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆكان. 

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر