دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی خاپوركردنی 52 پێگەی ئێرانی دەكات

لە میدیاکانەوە

05/01/2020‌ 1189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیكاری: لوقمان غەفوور
لە 3 تویتی یەك لەدوای یەك، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا سەعات 4:52 دەقیقەی دوانیوەڕۆی 4ی جێنیوەری، چەند پەیڤێكی بڵاوكردەوە تەواو جیاواز بوو لەقسەكانی پێشووی. 

ترامپ جگە لەوەی هەڕەشەی ئەوەی كرد، كە ئەمریكا لەوە زیاتر نایەوێت گوێی لەهەرەشەی ئێران بێت، هەرەشەی ئەوەشی كرد 52 شوێن ئەكەنە ئامانج، كە خاپوركردنی كەڵچەری ئێرانی تێدایە.

دۆناڵد ترامپ دەڵێت: ئێران زۆر بێشەرمانە قسە دەربارەی بەئامانجگرتنی هەندێك لەبنكە و پێگەی دیاریكراوی ئەمریكا دەكات وەك تۆڵەسەندنەوە لەبەرانبەر رزگاربوونمان لەجیهانی ئەو سەركردە تیرۆریستە، كە ئامانجی كوشتنی ئەمریكاییەكان و ئازاردانی چەندانی تر بووە، هیچ كەسێك نكۆڵی لەوەناكات ئەو چەندان كەسی كوشتووە لەژیانیدا لەوانە سەدان خۆپیشاندەری ئێرانی.. ئەو هەمیشە ئامادەگی هەبووە بۆ لێدان لەباڵیۆزخانەكەمان و ئامادەگی بۆ دەستوەشاندن لە چەندینی شوێنی تردا".

لەدرێژەی تویتەكەیدا دەشڵێت: "ئێران هیچ نییە، بەڵام چەندین ساڵە كێشەیە، ئەم ئەركەیان وەك وریاكردنەوە داوا لێدەكەم ئەگەر هێرش بكەنە سەر هەر ئەمریكییەك، یان مومتەلەكاتەكانی ئەمریكا، ئەوا 52 شوێنی ئێرانمان دەستنیشانكردووە بۆ لێدان (نیشاندانی ئەو 52 دەستبەسەركراوە ئەمریكییەیە، كە ماوەی چەندین ساڵە لە ئێران دەستگیركراون) هەندێكیان لە ئاستێكی زۆر بەنرخدان بۆ ئێران و كەڵچەری ئیرانن، هەروەها لێدانی ئەم پێگەو شوێنانە و ئێران خۆشی زۆر بەخێرایی و بەقورسی دەبێت، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەوە زیاتر هەڕەشەی ناوێت".

تویتەكە قسەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەمیدیای ئەمریكیدا و هەندێك بە هەڕەشەی جددی و هەندێكی تر بە ترساندنی ئێرانی دەزانن، گومانیان لەلا دروستبووە، دۆناڵد ترامپ لێدانێكی كوشندە لە ئێران بدات ببێتە هۆی لەدەستدانی گیانی مەدەنییەكانی ئێران، یان لێدان بێت لەشوێنە كەڵچەرییەكان.

كۆلن كاهل راوێژكاری سیاسی و فەرمانبەری پێشووی كۆشكی سپی و راوێژكاری جۆ بایدن جێگری سەرۆكی پێشووی ئەمریكا نیگەرانە لەو تویتانەی ترامپ و پێیوایە كارێكی ئەستەنگە پێنتاگۆن بچێتە ژێر باری بژاردەكانی ترامپ-ەوە، كە لەنێویاندا شوێنی كەلچەری ئێرانی لەخۆگرتووە. 

ئەو دەشڵێت: دەشێت ترامپ گرنگی بە یاساكانی جەنگ نەدات، بەڵام پلاندانەر و پارێزەری پێنتاگۆن گرنگی پێدەدەن و بەئامانجگرتنی شوێنی كەڵچەری تاوانی جەنگە.

هەرچی براین كلاس-ە سیاسەتمەدار و نووسەری رۆژنامەی واشنگتۆن پۆست و خاوەنی كتێبی بەناوبانگی: "چونێتی ساختەكردنی هەڵبژاردن و تاغوتێكی راهێنراو"، دەڵێت: "هیوادارم هەموو كۆكبن لەسەر ئەوەی، كە هەڕەشەكردنی تاوانی جەنگ لەرێگەی تویتەرەوە كارێكی باش نییە، بەڵام بەداخەوە ئەمجارەش لەسەر بنەمای رێگەی حیزبایەتی دابەشبوینەوە".

ئەم تویتەی كلاس، كە دكتۆرای هەیە لە فەلسەفە لەئۆكسفۆرد، وەك وەڵامێك وایە بۆ ئیلان گۆڵدنبێرگ، كە نووسیەتی :"زۆرباشە! ئەمە رێگەیە بۆ پاشگەزبوونەوەی ئێران لەو هەموو هەڕەشەیەی دەیكات".

گۆڵدێنبێرگ بەرێوەبەری سەنتەری ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، كە تایبەتە بە مەسەلەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا.

گروپە توندڕەوەكانی تالیبان و رێكخراوی قاعیدە رووبەرووی رەخنەیەكی توندبوونەوە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە كاتێك كەوتە وێرانكردنی ئانقەستی شوێنە شارستانییەكانی ئەفگانستان و بەتایبەتیش پەیكەری ناوازی بودا لە بامیان لە دەمەدەمی بەر لە جەنگ دژی ئەفگانستان.

لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق-یشدا هەمان رەخنە رووبەرووی عیراقییەكان بووەوە، كە نەیانتوانی مۆزەخانەی نیشتمانی عێراق لە بەغدا بپارێزن و كەوتە بەر شاڵاوی تاڵانی.

بۆیە ترسی زانایانی شوێنەوارناسی ئەمریكایی لەوەیە بەهۆی جەنگەوە ئەو شارستانییەتە بەنرخەی وڵاتی فارس لەناو بچێت، هەرچەندە مایكل هاوەر مامۆستای شوێنەوارناس لەزانكۆی جۆنز هۆبكنز لە ویلایەتی میریلاند پێیوایە لە جەنگدا هیچ زەمانەتێك نییە بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان، چونكە حكومەت و رژێمەكان لە پێناو مانەوەی خۆیان زۆر شتی بەنرخ خاپور دەكەن.

ئەو بۆ گۆڤاری واشنگتۆن مۆنسلی نوسیویەتی:"بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وێرانكردنی شوێنە كەڵچەرییەكان لەكاتی ململانێ و جەنگدا بەتاوانی جەنگ ئەژماردەكرێت، بڕیاری 2347ی نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی وێرانكردنی نامەشروعی شوێنە شارستانییەكان دەكات لەوانە شوێنە دەستكرد و ئاینییەكان و تاڵانكردنی كەلەپوری نەتەوەیی لە مۆزەخانە و كتێبخانە و شوێنە دیاریكراوەكان".

بەڵام دیڤێد بۆرباچ بە توڕەییەوە دەڵێت: "ئێمە هەڕەشە لە وێرانكردنی شوێنە كەلچەری و مێژووییەكان دەكەین، ئامانجگرتنەكانمان بەشێوەیەكی ئاشكرا وەك سزا وایە، بەڵام ئەم دەچێتە تاوانی جەنگەوە و ئێمە رێكەوتنی نێودەوڵەتیمان ئیمزا كردووە كە پێچەوانەی ئەمەیە".

بۆرباچ پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی نەتەوەیی و ئەتۆمی. لەهەمانكاتدا دەرچووی كۆلێژی دەریایی، روانیینی تایبەتی خۆی هەیە وەك كەسێكی سەربەخۆ نەك بەشدار لەحكومەت.

هەرچەندە تائێستا كۆشكی سپی هیچ لێدوانێكی نییە لەسەر تویتەكەی ترامپ، بەڵام بەشێكی لە شوێنەوارناس و مامۆستایانی ئەكادیمی نیگەران كردووە.

لەساڵی 2016 دادگای باڵای نێودەوڵەتی تاوانەكان بڕیاری دا بە سزای زیندانیكردنی 9 ساڵ بەسەر توندڕەوێكی ئیسلامی كە مەزارێكی پیرۆزی لە تمبكتۆ لە مالی وێرانكرد لەساڵی 2012.

بەپێی راپۆرتێكی نیویۆرك تایمز ئەمە یەكەمین دادگایكردنی نێو دەوڵەتی بووە تائێستا لەسەر وێرانكردنی شوێنە شارستانییەكان جێبەجێكرا بێت.


بەپەلە