ئازادی سەرگرمە بیرەوەری شەڕێكی قورسی بۆ شارپرێس دەگێڕێتەوە

ڕاپۆرت

14/01/2020‌ 16166 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئازادی سەرگرمە وەك ناوێكی دیاری ناو شۆڕش‌و پێشمەرگایەتی بەرگوێی زۆربەمان كەوتووە، دەركەوتنی ئەو لەسەرەتای خەبات‌و شۆڕشی نوێ هەمیشە وەك تێكۆشەرێكی پاك‌و  لەخۆبردووی بوێر، كەسایەتییەكی دیارو خۆشەویستی ناو پێشمەرگە بووە. 

ئەو بەشداری زۆربەی نەبەردییەكانی كردووەو سەركردایەتی چەند شەڕێكی گەورەی  كردووەو بەو هۆیەشەوە بەرێككەوت چەندین جار لەمردن گەڕاوەتەوە.
 
ئێستا كە هیچ پۆستێكی دیاریكراوی حیزبی و حكومی نییە،  شارپرێس بەباشی زانی لەنزیكەوە چاوپێكەوتنێكی كورتی لەگەڵدا ئەنجام بدات تا لەسەر رووداوەكانی دوای ئەنفال‌و چۆنییەتی گەڕانەوەی بۆ گەرمیان‌و برینداربوونەكەی گفتوگۆی لەگەڵدا ساز بكات.

شارپرێس: كاك ئازاد ئێوە چۆن بوو بریارتاندا لەناوچەی گەرمیان بمێننەوە، یان چۆن بوو بریاری گەرانەوەتاندا بۆ گەرمیان، بەتایبەتی ئەوكاتە بەشێكی زۆری پێشمەرگە پاشەكشەیان كردبوو بۆ سەر سنووری ئێران؟
ئازادی سەرگرمە: پێش ئەنفال و دوای ئەوەش، ئێمە لەسنووری 57ی سەرگرمە بووین، ئەوكاتە بۆ بەرگریكردن لەدژی داگیركاری ناوچەكەو خۆشمان، كۆمەڵێك چالاكی سەربازیمان ئەنجامدا، دواتر لەگەڵ كاك مەحمود سەنگاوی یەكمانگرت و روومانكردە سنوری مەڵبەندی 3 ئەو بەهۆی هەندێك ئیشوكاری كەسوكارییەوە چەند رۆژێك دواكەوت، دوایی هەر بەیەكەوە، لەوێ لەگەڵ بەرێزان، كاك كۆسرەت، كاك ملازم عومەر، شەهید حەسەن كوێستانی و شەهید عەبدولرەزاق، قسەم كردو دۆخی ناوچەكەو سنووری مەڵبەندی یەكەم بۆ باس كردن، باسم لەوەش كرد، كە ئامادەم بگەرێمەوە بۆ سنوری خۆمان، بەڵام پێویستە، رێكخستنی پێشمەرگەو بەشێوەیەكی تازە رێكبخرێتەوە، كە لەگەڵ هەلومەجی تازەی ناوكەو دۆخی نوێی سیاسی بگونجێت، ئەوان لایان باش بوو، بەڵام دەبوو بۆ ئەوە كاك نەوشیروان ئاگاداربكرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە نامەیەكیان ئامادەكرد و لەگەڵ خۆم بردم، لەكانی زەرد كاك نەوشیروان و كاك فەرەیدون عەبدولقادرم بینی، لەوێ جارێكی تر لەگەڵ باسكردنی دۆخی تازە، باسی خۆ ئامادەكردن بۆ بەرەنگاربوونەوەمان كرد و بەوانیشم وت: ئامادەم بگەرێمەوە بۆ ناوچەو سنوورەكەی خۆمان.  
دواتر لە دۆڵە گوێزی لەگەڵ مام رۆستەم و كاك نەوشیروان، لەژێر خێمەیەك پێكەوە، باسی بەرنامەیەكمان كرد، كە ئێمە بگەرێنەوە بۆ خوارەوە و جارێكی تر هێزی پێشمەرگە لە سنوونرەكە رێكبخەینەوە بەشێوەیەك هێزەكە لە دەستەی 20 بۆ 25 پێشمەرگە دابێت‌و پەیوەندی توندوتۆڵمان بەیەكەوە هەبێت و لەرێگەی بەرپرسی یەكەمەوە، پەیوەندیمان، بەرێكخستنەكانی ناوەوەو  لەدەریشەوە لەگەڵ كاك نەوشیروان هەبێ، چونكە تا ئەوكاتە چەند دەستەیەكی پێشمەرگە لە شوێنەكانی خۆیان مابوونەوە لەوانەش لەناوچەی گەرمیان.

شارپرێس: كەواتە دۆخە تازەكەی خۆی فەرزكردو وایكرد ئێوە ناچاربكات، تا گۆڕانكاری لە رێكخستنەوەی هێزەكەتان بكەن؟
ئازاد سەرگرمە:  بەڵێ هەروا بوو، بۆیە بیرمان لەوە كردەوە دەستمان كرد بەپەیوەندی كردن، سەرەتا بیرمان لەوە كردەوە بەكێ بڵێن باشە بۆ گەرانەوە، كاك نەوشیروان هەندێكی بانگ كرد و قسەی لەگەڵ كردن، دیارە هەبوو گرفتی ماڵ و منداڵی هەبوو، كەسی واش هەبوو بیانووی دەهێنایەوە، چونكە دەیانزانی گەڕانەوە و بڕیاردان بۆ مانەوە كارێكی ئاسان نەبوو.

شارپرێس: ئەوكاتە ئێوە خێزاندار بوونی و منداڵتان هەبوو؟
ئازادی سەرگرمە: بەڵی من ئەوكاتە چوار منداڵم هەبوو، بەڵام ئەوان نەبوونە رێگر لەبەردەم بریاری گەڕانەوەكەم، بیرمە لەدەرەوەی خێمەكە رۆژێك لەگەڵ كاك نەوشیروان و مام رۆستەم دانیشتبووین، كاك نەوشیروان زۆر ئەو هەڵوێستەی ئێمەی نرخاندو باسی لەوە كرد شۆڕش و یەكێتی ئەم هەڵوێستەی ئێوەی بیرناچێتەوە. 

دواتر لەگەڵ دەستەیەك لەپێشمەرگە لە قەندیلەوە كەوتینە رێ بۆ گەرمیان، پێویستییەكانی گەڕانەوەمان ئامادە كردبوو، جیهاز و جفرە بۆ قسەكردن، لەگەڵ كاك نەوشیروان، هەروەها ئەو كۆمەڵە تێكۆشەرەی تریش كەهەر لەگەرمیان مابوونەوە، ئەوانیش لەلایەن كاك نەوشیروانەوە ئاگاداری گۆڕانكارییەكان كرانەوە و ئەوەشیان پێوترابوو، كە من وەك بەرپرسی گشتی پێشمەرگەی سنووری مەڵبەندی یەك بەرپرسیارێتیم پێسپێردراوە.

شارپرێس: گەڕانەوە چۆن پێشمەرگەكانی ئەوێتان دۆزییەوە؟
ئازادی سەرگرمە: پاش رێگا برینێكی دورو درێژ، كە دەبوو زۆربەی هەر بەشەو پیاتێپەرین، دوای ماندووبونێكی زۆر، گەیشتینە گەرمیان، یەكەم دەستەی پێشمەرگە، كە بینیمانن لەوانەی لەوێی مابوونەوە، دەستەكەی كاك عوسمانی حاجی مەحمود بوو، دواتر دەستمان كرد بەپەیوەندیكردن لەگەڵ ئەوانی تریش كرد، ئەوكاتە پێشمەرگە بەورەیەكی بەهێزەوە بەرورووی كێشەكان دەبووە، لەوانە بەشێك لەپێشمەرگەكان ئەوانەی لەئاوی زێوە نزیك بوون، بەهۆی ئاوەكەوە توشی مەلایا بببون، برسێتی و نەخۆشی شەكەتی كردبوون، كە پەرینەوە بۆلای ئێمە گیانیان بەو حەب و دەرمانانە بوو كە كاك عەدنانی حەمەی مینە پێدا بوون. 
شارپرێس: پێش برینداربوونەكەتان بەنیازی چالاكییەكی گەورە بوون، دوایی چالاكییەكە ئەنجام نەدرا هۆكاری ئەنجام نەدانی چالاكییەكە چی بوو؟
ئازادی سەرگرمە: ئەنجامنەدانی ئەوچالاكییە بە هۆی بریندار بوونی من‌و چەند پێشمەرگەیەك و شەهید بوونی پۆلێك پێشمەرگەی تروە بوو، دەنا ئامادەسازی زۆرمان كرد بوو بۆ ئەو چالاكییە، ئەوكاتە نامەیەكم نووسی بوو، بۆ رێكخراوی نهێنی لەسلێمانی، كە شەهید جەباری حاجی رەشید بوو، تا چاودێری بناری دێی هەزار مێرد و جێشانەمان بۆ بكەن، مەبەستمان بوو، لەرێگەی هەڵمەتێكەوە بۆ حیمایەكانی ئوتێلی ئەبو سەنا، بتوانین، چەند لێپرسراوێكی یوئێن، دەستگیربكەین، تا هەڵایەكی گەورەی راگەیاندن دروست بكەین لەسەر ئەنفال و دواتریش بەگۆرینەوەی هەندێك لەوان ئازادیان بكەین، چەند دەستەیەكی پێشمەرگەم بۆ ئەم كارە ئامادە كردبوو، باسی هەندێك لەچۆنییەتی چالاكییەكەشم بۆ كردبوون، لەوانە كاك شێخ مەحمود، حەسیب سەمەد حەمەخان، تا بەخۆیان پێشمەرگەكانییانەوە رۆژی 15/ 10/1988 بچنە، مێوڵی و لەوێ شوێنێكم بۆ دیاریكردبوون، وابریاربوو ئێمەش بگەینە ئەوێ و جارێكی تر نەخشەی چالاكییەكە ورتر دارێژینەوە و هەندێك بەشداری بكەن و بچنە ناو شارو لەچالاكییەكەدابن، ئەوانی تریش لەو ناوچانە بمێننەوە.بۆ پارێزگاری لەگەرانەوەی ئێمە. چەند رۆژێك پێش مەوعیدەكە، من لەگەڵ پۆلێك لەپێشمەرگەكان لەگەرمیان بووم، بەیانی رۆژی 11/10 كەوتینە رێ بۆ ئەوەی قۆناغ بەقۆناغ لەشوێنی مەوعیدەكە نزیك ببینەوە، كاك رۆستەم، شێركۆ عەبدوڵاو هەڵكەوتی موهەندیس، وتیان ئێمەش دێین، حەز دەكەین جەولەیەك بكەین، واتە دەستەكەمان فروانتر بوو، (من، رۆستەم، حەمە رەش، شێركۆ عەبدوڵڵا، هەڵكەوتی موهەندیس، خوارەحم حەمە ساڵح، ناسراوبە (چالاك)، رزگار رەئوف بێ گەرد، ساماڵ كەركوكی، تەها غەریب، (برای ئازادی سەرگرمە) جەمال كەمال، سەركەوت ئەحمەد، شێرزاد كەركوكی.. نزیكبووبووینەوە لە دێی فەقێ مستەفا، كە ئەوكاتە كاولكرابوو، ئێمە لەناوچەمەكەوە دەرۆیشتین، گوێمان لە دەنگی كۆپتەر بوو، بەپەلە كەوتینە خۆمان، بۆ دابەش بوون و خۆحەشاردانەوە، بەپێشمەرگەكانم وت، وڵاخەكان ببەنە ناو قامیشەڵانەكە، مام رۆستەم، شێركۆ، هەڵكەوت و شێرزاد، پێكەوە رۆیشتن، كەمێك لەئێمە دور كەوتنەوە، بەڵام شێرزاد فریانەكەوت وڵاخەكەی مام رۆستەم بشارێتەوە، وڵاخەكانی ئێمە لەدۆڵێكی بچوكی قامیشەڵان شاردرانەوە، دەنگی كۆپتەرەكان نزیكتر دەبوونەوە، تا دەركەوتن، هەشت كۆپتەر بوون، یەكێكیان بچووكتر بوو، پێیان ئەوت (حەربی) جامی پێشەوەی كۆبتەرەكە گەورە بوو، ئەوانی تر پێیان ئەوتن (حەماڵ) زیاتر نزیكبوونەوەو بەسەر سەرمانەوە كەوتنە سورانەوە وەك ئەوەی شتێكیان بینیبێت، یان ئیخباری كرابێتین، رۆژی پێشووتر 4 كۆپتەر هاتبوونە سەر ناوچەكە، هەرچەندە تەقەیان كردبوو، بەڵام چونكە پێشمەرگەكان تەقەیان نەكردبوو، بەبێ شەر گەرا بوونەوە، ئێمە گومانێكمان هەبوو ماوەیەك بوو، كەسێك بەچەكەوە تەسلیم ببووەوە، ترسی ئەوەمان هەبوو ئەو شوێنەكانی ئێمەی ئاشكرا كردبێت.

شارپرێس: گەر كۆپتەرەكان نەیانبینایە ئێوە بریاری شەرتان نەبوو، یان تەقەتان لێی نەدەكردن؟
ئازاد سەرگرمە: نەخێر كاتەكەی خراپ بوو رۆژ بوو، شوێنەكەش شوێنی شەری قورس نەبوو، كۆپتەرەكان زۆر بوون و بازنەیی بەسەر سەرمانەوە دەسورانەوە، وردە وردە نزمتریش دەبوونەوە، من لەگەڵ سەركەوت و ساماڵ، لای كەڵوەزێكدا پێكەوە بووین، ئەوان نزیكی یەكتر بوون، شێرزاد و پێشمەرگەكانی تر، سەد مەترێك لەولامانەوە بوون، حەمە رەش لەپەنا گردێكدا بوو، رزگار و جەمال لەخوارەوە بوون، نزیك ئاوێك لای چەمەكەوە، تەهاو چالاك لەخوارترەوە بوون، من چەكێكی بیكەیسیم پێبوو ئامادەم كردبوو بۆ تەقەكردن، دەمزانی جێگاكەم سەنگەرێكی قایم نییە، بەڵام بۆ ئاگاداری كۆپتەرەكان باش بوو، چونكە دەبینین و ترسی ئەوەم هەبوو دابەزن چواردەورمان بگرن، بەتایبەتی دەمزانی ژمارەمان كەم بوو بۆ رووبەرووبونەوەیەكی لەو جۆرە.  پاش كەمێك سورانەوە تەقەیان كرد، لەو وڵاخەی نەشارابووەوە بەشەتیرو رۆكێك كەوتنە تەقەكردن، وڵاخەكانی تریش لەقامیشەلانەكە لەترسا هاتنە دەرەوە، ئیتر ئاشكرا بووین، كۆپتەرەكان ئەوناوەیان كرد بەئاگر، ئەسپەكەی خۆمم بینی كورتانەكەی گری گرتبوو، بارەكەشی تەقەمەنی بوو، بەئاگر و دوكەڵەوە رایدەكرد، دیمەنێكی زۆر ناخۆش بوو منیش لەناخەوە گرم گرت بوو بۆی، دەفتەری بیرەوەریەكانم، كە دووسەد لاپەرە دەبوو هەموو رووداوەكانی رۆژانی پێشمەرگایەتیم تێدا تۆمار كرد بوو، ئەویش لەناو بارەكەدا بوو، نازانم سوتا یان دەست دوژمن كەوت.

شارپرێس: ئەی دوایی هەر دەستت نەكەوتەوە؟ 
ئازادی سەرگرمە: نا بەداخەوە، زۆر نیگەرانی بووم، چونكە هەموو بیرەوەرییەكانی دەدوانزە ساڵی پێشمەرگایەتیمی تێدابوو، نازانم چی بەسەر هات. بەهەرحاڵ ئەوكاتە دەستێك جلی كەتافیم پێشمەرگانەم لەبەردا بوو، جوتێك ئەدیداسی سپی، كاسكێتێكی خاكیشم لەسەردا بوو، بیكەیسییەكە سندوقێك فیشەكی پری لەسەر بوو نیوەی كولەكانی گردار بوون، زانیم تەواو وا ئاشكرا بوون و كۆڵمان لێنادەن، كۆپتەرەكان زۆر لەخۆبایی دەردەكەوتن و تادەهات نزمتر دەبوونەوە، ترسی ئەوەشم هەبوو بۆمان دابەزنە سەر زەوی، دوای ئەوەی كۆپتەرەكان گەرانەوە سەرمان بەنزمی، بەتایبەتی حەربییەكە سەرنشینەكانی ناویم بەتەواوەتی دەبینی، كاتی گونجاوم بۆ تەقەكردن دیاری كرد و دەستم كرد بەتەقە كردن لە حەربییەكە، دوو كەسم تێدا بەدی كرد، هەستم كرد پێكاومن جوڵەیان بۆ پشتەوە بوو، حەربییەكە یەكسەر بەرزبووەو دوركەوتەوە لێمان، پێشمەرگەكانی تریش هەریەكە لەشوێنی خۆیەوە، دەستیان كردبوو بەتەقەكردن لەتەیارەكان، ئەوان بەچەكی قورس و ئێمە بەوچەكانی بەدەستمانەوە بوو، دنیا گەرم بوو، دوكەڵ و تەپوتۆز ئەو ناوەی گرتبوو، گرمەو تەقەكردن دەنگی لەهەموو شوێنێكەوە دەهات، بینیم كۆپتەرێكی حەماڵ رووی كردە ئێمە، تەقەم لەویش كرد، لەپر وژەیەكی بەهێز هات و لەپاڵمدا تەقییەوە، منی هەڵدا بۆ پشتەوە و پەریم، ویستم هەستمەوە، قاچی راستم هاتبووە دواوە، بەدەست راستم كردەوە، بیكەسییەكە بەدەستمەوە پەریبوو، سەری پێی راستم كرد پێڵاو گۆرەوی لەپێما نەمابوو، پێم قولەپێم و ران بۆ سەرەوە هەمووی بریندار ببوو، ئیسقانە سپیەكەی سەرو قولەپێم بینی لەگۆشتەكەوە هاتبووە دەرەوە، لەچەند شوێن ئیسەكانم شكابوون، قۆڵم پارچەك لێدابوو،  سەرم بریندار ببوو، لوتم خوێنی پژا بوو، لەنوكی پێمەوە بۆ تەوقی سەرم لەخوێنا بوو، تەنیا تاقم ودەمانچەكەم و مەتارەكە لەگەڵ هەندێك دەرزی دژە كیمیایی بەقەدمەوە مابوونەوە، تەنانەت بەركەوتنەكە ئەوەنە بەهێز بوو سەعاتەكەی دەستیشم پەری بوو، كە زانیم بە خەستی بەركەوتووم و ناتوانم برۆم پاڵمدایەوە بە پارچە كەڵوەزێكی لماویی مەیلە سەوزەوە، تینوێتی قورگی وشك كردم و توانای راگرتنی خوێن بەربوونەكەشم نییە، گوێم لێبوو ساماڵ و سەركەوتیش وتیان برینداربووین، تەهاش بریندار بوو فیشەك بەرتفنگەكەی دەستی كەوتبوو، بەڵام شوكر برینەكانی ئەوان سوك بوو، هێشتا دەنگی كۆپتەرەكان بەسەمانەوە دەهات، لە كتوپرێكدا كۆپتەرەكان ئاسمانی دوكەڵاوی ناوچەكەیان چۆڵا كردو رۆیشتن، (دواتر بیستمان ئەو كۆپتەرە حەربییە، كە بەبیكەیسی تەقەم لێكرد برینداریان هەبووەو پەلەیان بووە، بیانگەیەنە، خەستەخانەی سەربازی لە كەركوك).

شارپرێس: دوای ئەوە پێشمەرگەكانی تر چیان كرد، زیانی ئەوانی تر چی بوو؟
ئازادی سەرگرمە: چالاك یەكەم پێشمەرگە بوو، كە گەیشتە سەر من، كەمێك بەراكێشان دوری خستمەوە، دواتر چەند سەد مەترێك كردمیە كۆڵ و دوری خستمەوە، دواتر حەمە رەش هاتە لام، بەداخەوە هەواڵم زانی (هەڵكەوت، شێرزاد و شێركۆ ) شەهید بون، كاك عوسمانی حاجی مەحمود و حەمە رەحیمی جیهاز و پێشمەرگەكانی تر كە لەوناوچەبوون، كە گوێیان لەتەقەو دەنگی كۆپتەر ببوو، لەدوورەوە بەپەلە بەرەو ناوچەی شەرەكە هاتبوون، دەستەكەی كاك عوسمان نەقالەیەكیشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو، ئەوان هاوكاریان كردین بۆ تیماركردنی برینارەكان، ئەوان منیان لەناوچەكە دورخستەوەو برینارەكانیشیان دەرباز كرد تا ناوچەكە چۆڵ بكەن، چونكە ترسی ئەوەمان هەبوو جارێكی تر بەهێزێكی زیاترەوە بێنەوە ناوچەكە.

شارپرێس: دوای ئەوە چۆن برینەكەت چارەسەر كرد؟
ئازادی سەرگرمە: ئێمە هیچ شتێكی وامان پێنەبوو برینەكەی منیش قوڵ بوو، یەكەم سات هەندێك لەبرادەرەكان هیچ ئومێدێكیان بەوە نەببوو بژیم، بەتایبەتی كە بەهۆی خوێن لەبەر رۆیشتنەوە چەند جارێك لەهۆشخۆم چووبووم، دەرمانی تەداوی پێویستیشمان پێنەبوو، یەكەم دكتۆر كە هاتە سەرم و تەدوای كردم كاك عەدنانی حەمەی مینە بوو، ئەو پیاوێكی قایمكار بوو، هەندێك شتی پزیشكی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو، هەندێك گۆشت و پێستی زیادەی بەمقەست لێكردەوە، تەداوی كردم، دواتر بردمیانە كونی سوچەرێك كە پێشتر بۆ خۆحەشاردان ئامادەكرابوو، منیان بردە ئەو كونەوە بەتەنیا ٢٥ رۆژ لەوێدا مامەوە، برینەكانم بەتەواوەتی پیس ببون، كاك عوسمان و ئەوان، زۆر هەوڵیاندا لەمردن رزگارم بكەن، بەراستی من قەرزاری ئەو برادەرانەم، چەند كیلۆمەتر ئەرۆیشتن تا خواردن بۆ من پەیدابكەن و تۆزێك هێزم بۆ بگەرێتەوە، دواتر لەچواردەوری كونەكە دەمانەوە خۆیان حەشاردەدا بۆ چاودێری كردن، دواتر كاك شێخ سدیق لەشارەوە هاتبوو بۆ تەداویكردن، بەڵام برینەكان و شكاندنی ئێسكەكان لەوە زیاتر بوو بەتەداوی چارەسەر بكرێن، بۆیە پاش ئەوەی برادەرانی رێكخستنیان ئاگادار كردەوە منیان بردە دەواجنێك، لە نێوان دەربەندیخان و كەلار، خاوەنەكەی  حەمەی وەلی بوو، منیان گوێزایەوە بۆ ئەوێ، خەبەریشیان نارد بۆ رێكخستنەكانی سلێمانی تا هاوكاریمان بكەن، دواتر كاك حەمە رەشید باریكەیی و كاك كارزان ئیسماعیل، بەسەیارە هاتن بۆ ئەوێ، منیان هێنایەوە بۆ سلێمانی بۆ ماڵی كاك جەباری حاجی رەشید، جار جار دەشیان بردمە ماڵی كاك سامان مەولود، مانگێك بەو جۆرە مامەوە برینەكەم زیاتر لێی پیس دەكردم، دوای ئەوەی لەسلێمانی پیشانی دكتۆریاندام، دڵنیابونەوە لەوەی عەمەلیاتی قورسی ئەوێ، بۆیە دواتر كاك حەمە نوری و چەند برادەرێكی تر  بردمیانە بەغدا لەوێ دكتۆر خەسرەو ئەوان ئیشیان بۆ كردبووم و بۆیان عەمەلیات كردم، بەوحاڵەشەوە زیاتر لە سێ مانگ لەژێر عیلاج ماوە، دوای ئەوەش لەرێگەی حیزبی دیموكراتی ئێرانەوە بردمیانەوە قاسمە رەش، دوای ئەوەش لەرێگەی شۆِشەوە چومە سوریا، لەوێشەوە بۆ بەریتانیا، بە كورتییەكەی نزیكەی دوو بۆ سێ ساڵی ویست تا توانین لەسەر پێی خۆم راوەستمەوە.

شارپرێس: دواتر هیچ زانیارییەكت دەستكەوت، لەسەر دەفتەری بیرەوەریەكانت‌و ئەو شەڕەی تێدا بریندار كرایت؟
ئازادی سەرگرمە: دەفتەری بیرەوەرییەكانم بەداخەوە نەخێر، بەڵام لەسەر شەڕەكە، دوای راپەرین، ئەو راپۆرت و دیكۆمینتانەی حكومەتی عێراق، كە بۆ وردبینی و تەرجومەكردن برانە ئەمریكا، برای خۆشەویستم كاك شۆڕش حاجی، كە ئەو كاتە، لەئەمریكا خەریكی ئەو ئیشانە بوو، دواتر راپۆرتی عێراقی رووداوی ئەو رۆژەی شەڕەكەی بۆ هێنامەوە، كە لەبەشێكدیدا، ئاماژە كراوە بەوەی، فڕۆكەی فەرماندەی پارێزگای نەوتی كەركوك بەركەوتووە، هەریەك لە عەمید ركن ئیسماعیل عەبدولقادر جبوری و مقەدەم روكن، جاسم عیسا حەمیدیش بریندار بوون‌و گوێزراونەتەوە بۆ خەستەخانەی سەربازی كەركوك.

ئازادی سەرگرمە كێییە..
ناوی راستەقینەی محەمەد غەریب عەبدوڵڵایە، ساڵی 1951 لەشاری سلێمانی لەگەرەكی سەرشەقام لەدایك بووە، ساڵی 1975 لەرێگەی سوارە ئەحمەد عارفەوە پەیوەندی كردووە بەرێكخستنەكانی كۆمەڵەوە، لە 19/7/1976 لەگەڵ سالار عەزیز، جەمالی عەلی باپیر و تایەری شێخ سدیق، پێكەوە روودەكەنە شارباژێرو پەیوەندی بەریزەكانی پێشمەرگەوە دەكەن، دواتر دابەش دەكرێن ئەو دەنێرنە ناوچەی قەرەداغ. 

دواتر هەندێك لەكەسە نزیكەكانی پەیوەندی بەشۆڕشەوە دەكەن‌و دەبنە پێشمەرگە، لەكاتی بریندار بوونەكەیدا، برایەك و دووخوشكەزاو پورزایەكی لەگەڵدا بووە.