زانیاری لەبارەی ململانێی ئامۆزاكان لەسەر ناوەڕۆكی یاسای چاكسازی هەرێم

کوردستان

18/01/2020‌ 7316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ململانێی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ئامۆزاكان) كاریگەری لەسەر ناوەڕۆكی یاسای چاكسازی كردووە، كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكرد.

پەرلەمانی كوردستان رۆژی پێنج شەممەی رابردوو پرۆژەیاسای چاكسازی پەسەند كرد، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەكرابوو، ئەوەش دوای زنجیرەیەك مشتومڕ لەسەر پرۆژەكە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لەو چەند رۆژەی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر پرۆژە یاساكە كردووە، مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی چەند دەستوەردانێكیان لەناوەڕۆكی پرۆژەكە كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان دەستوەردانەكانی سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێم پەیوندی بەو ململانێیانەوە هەبووە، كە ماوەیەكی زۆرە لەنێوانیان هەیەو بەردەوامیشە.

لەو بارەوە سەرچاوەیەك بۆ شارپرێس وتی: دەستوەردانەكانی مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی كاریگەری زۆری لەسەر پرۆژەیاساكە داناوەو بەو هۆیەشەوە چەند گۆڕانكارییەكی تێدا كراوە.

سەرچاوەكە وتیشی: هەریەكە لەمەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی بەئاراستەی بەرژەوەندییەكانیان دەستوەردانیان كردووە، كە بەڕوونی ئەو ململانێیانەش لەكۆبوونەوەكانی پەرلەمان بینراوە.

هاوكات شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەوەی زانیوە، كە دەستوەردانەكانی دوو ئامۆزاكە و كاریگەرییەكانی وایكردووە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات خۆی بێتە سەر خەت، ئەوەش لەترسی ئەوەی ئەو دەستوەردانانە ببێتە هۆی پەكخستنی پرۆژەیاساكەو پەرلەمان نەتوانێت، پرۆژەكە تێپەڕێ،ێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، دەستوەردانی بارزانی بەپەلە بووەو كۆمەڵێك رێنمایی داوەتە فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمان، بۆ ئەوەی هەردوو لایەنی ململانێكار لەسەری كۆك بن‌و چارەسەری كێشەكە بكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە لەخولی پێشووی پەرلەمانیش ئەو پرۆژە یاسایە برایە هۆڵی پەرلەمان، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان نەتوانرا تێپەڕێنرێت، كە ئەوكات مشتومڕی زۆری دروست كرد.

هاوكات سەرچاوەكەی شارپرێس باسی لەوە كرد، كە لەگەڵ تێپەراندنی پرۆژەكە لەپەرلەمان، ئەگەر هەیە نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم یاساكە پەسەند نەكات، ئەوەش بەهۆی ناڕەزاییەكانی لەسەری، مەگەر خودی مەسعود بارزانی جارێكی تر بۆ ئەو پرسە دەستوەردان بكات.

هـ ـ ح