ڕێكەوتنێكی سەرەتایی لایەنە شیعییەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران

عیراق

18/01/2020‌ 2436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد بەلداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ئاشكرایكرد، ڕێكەوتنێكی سەرەتایی لەنێوان كوتلە شیعییەكاندا هەیە بۆ ئەوەی لەماوەی ئەم هەفتەیەدا پاڵێوراوێكی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكرێت.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە كوتلە سیاسییەكان لە پێكهاتەكانی تر رایانگەیاندووە، كە ئەوان ئاستەنگ نابن لەبەرانبەر هەر كاندیدێك هێزە شیعییەكان پێشكەشی دەكەن .

بەلداوی لەلێدوانیكدا دەڵێت: هێزە سیاسییە شیعییەكان گەیشتوونەتە لەیەكتێگەیشتنێكی سەرەتایی بۆ ڕێككەوتن لەسەر پێشكەشكردنی كەسایەتییەكی پەسەندكراو بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی داهاتوو.

هەروەها دەشڵێت: لەماوەی ئەم هەفتەیەدا كوتلە شیعییەكان ئەو پاڵێوراوە پێشكەش دەكەن.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح باسی لەوەش كردووە، كە كوتلە سیاسییەكان لە پێكهاتەكانی تر كوتلە شیعەكانیان ئاگاداركردووەتەوە، كە ئەوان نابنە ئاستەنگ لەبەدەم دەستنیشانكردنی كەسایەتییەكی نوێ و پەسەندكراو لەلایەن پێكهاتەی شیعەوە .

مانگی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستیلەكاركێشایەوەو تائێستا كەس بۆ جێگەی دیارینەكراوە، ئەوەش بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەبارەی دیاریكردنی كاندیدێك.
 
پێشتریش حامید موسەوی پەرلەمانتاری هاوپیمانی فەتح رایگەیاندبوو، هاوپەیمانی بینا و ئیسڵاح گەیشتوونەتە ڕیكەوتنێك بۆ ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا كەسایەتییەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت پێشكەش بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی