عادل عەبدولمەهدی: عێراق و ئوردن بناغەی ئاسایش و سەقامگیرین لە ناوچەکە

عیراق

18/01/2020‌ 346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و وەزیری دەرەوەی ئوردن كۆبوونه‌وه‌ و عەبدولمەهدی رایگه‌یاند، عێراق و ئوردن بناغەی ئاسایش و سەقامگیرین لە ناوچەکە.

نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ عادل عەبدولمەهدی له‌گه‌ڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن كۆبووه‌ته‌وه‌ و عه‌بدولمه‌هدی رایگەیاندووه‌، "شانازی بە ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق و ئوردن دەکەین و چاوەڕوانی هاوکاریی زیاترین لە هەموو بوارەکان بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هەردوو وڵات و هەردوو گەل".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندیی نێوان عێراق و ئوردن بەهێز و گەشەکردوون، هەردوو وڵات بناغەی ئاسایش و سەقامگیرین لە ناوچەکە و رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە هێورکردنەوەی قەیرانەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی جەنگ و ململانێ".
 
هاوكات وەزیری دەرەوەی ئوردن رونیکردوەتەوە، کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە حکومەت و گەلی عێراق لە پێناوی سەروەری و ئاسایشدا دەکات و ئوردن لە کێشە هەرێمایەتییەکاندا لەگەڵ کەمکردنەوەی گرژییەکاندایە و "باوەڕی وایە جەنگ لێکەوتەی مەترسیداری بۆ ناوچەکە دەبێت".