مەهدی حاراتی.. دەمڕاستی میلیشیا چەكدارییەكانی سوریا لە لیبیا

لە میدیاکانەوە

20/01/2020‌ 1431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكاتێكدا هەواڵەكان بەگەرمی باس لەگەیشتنی ژمارەیەكی زیاتری چەكداری سوری بۆ لیبیا دەكرێت، لەو نێوەندەدا ناوی یەكێك لەدیارترین سەركردەی میلیشیاكانی تەرابلووس بەدیاردەكەوێت ئەویش مەهدی حاراتییە، كە رۆڵی سەرەكی لە كۆكردنەوەی چەكداران لەشاری تەرابلووسی پایتەختی لیبیا هەیە.

رۆژی هەینی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، كە پۆلێكی نوێی بەكرێگیراوە سورییەكان لەڕیگای توركیاوە گەیشتوونەتە لیبیا بەئامانجی پشتیوانیكردنی میلیشیاكانی تەرابلووس، بەوەش ژمارەی ئەو چەكدارە سوریانەی گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە گەیشتووەتە دوو هەزار چەكدار.

بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، حاراتی پێشوازی لەو چەكدارانە دەكات و سەرپەرشتی پرۆسە و جوڵەكانیان دەكات .

مەهدی حاراتی كێیە؟
حاراتی سەركردەی یەكێك لەمیلیشیا چەكدارییەكانی لیبیایە، كەسێكی ئێرلەندی لیبییە و پێشتر سوری لەپاڵ رێكخراوە توندرەوەكان شەڕی كردووە .

ناوی حاراتی (٤٦ ساڵ) پێش چەند ساڵێك و لەكاتی سەرهەڵدانی نارەزایەتییەكان دژ بە موعەممەر قەززافی لەلیبیا دەركەوت، لە پرۆسەی بەسەردانانی ماڵی موعەممەر قەززافی لە باولعەزیزیییە بەشدار بوو، دواتر وەك ئەنجوومەنی سەربازی لیبیا دامەزرا، بەڵام بەخێرایی دەستی لەكاركێشایەوە .

ساڵی ٢٠١٢ ، وەك ئەركی بەدوداچوونی راستییەكان سەردانی سوریای كرد، كەچی بەخێرایی چووە پاڵ گرووپی  "لیوای ئوممە" بۆ شەڕكردن دژ بە هێزەكانی بەشار ئەسەد، لەوێش زۆر نەمایەوە و لیواكەی رادەستی گروپە چەكدارییەكانی تری سوریا كرد .

حاراتی گەڕایەوە بۆ لیبیا وەك شارەداری تەرابلووس دامەزرا، بەڵام تۆمەتی بەشداریكردنی لەسەركردایەتیكردنی میلیشیا چەكدارییەكان لە وڵاتەكەی و لە سوریا درایە پاڵ و ئێستا لەلیستی تیرۆری ژمارەیەك وڵاتی عەرەبیدایە .

حاراتی رۆڵێكی گرنگی هەماهەنگیكردنی لەگەڵ ئەو گرووپە چەكداریانە هەیە، كە لەژێر سەرپەرشتی توركیا دەگەنە لیبیا، كە غەسان سەلامە نێردەی نێودەوڵەتی دانی بەوەداناوە توركیا بەكرێگیراو و شارەزای سەربازی رەوانەی تەرابلوس دەكات . 

رۆژانە بەرپرسانی توركیا دان بەوەدا دەنێن، كە بە بەكرێگیراو و چەك و تەقەمەنی پشتیوانی حكومەتەكەی فایز سەرراج لە تەرابلووس دەكەن، كە ئەوە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە لەڕێگای بەستنی كۆنگرەی بەرلینەوە، كە رۆژی یەكشەممە گرێ دەدرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی