شارپرێس
وادەردەكەوێت پیشەسازییە چنینە توركییەكان لە ناوچە عەرەبییەكان و جیهاندا تووشی بارودۆخی دژوارتر دەبێتەوە، لە ئێستادا پیشەسازە سوری و میسرییەكان هاوپەیمانییەكیان پێكهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شاڵاوی داگیركاری جلوبەرگە توركییەكان، كە بازاڕی ئەو وڵاتانەیان پڕكردووە و بووەتە هەڕەشەیەكی توندیش بۆ سەر كارگە میسیرییەكان.
هاوپەیمانییەكە كۆششی ئەوە دەكات لە ناوخۆدا تۆڕەكەی خۆی فراوانتر بكات، بەوەی 10 هەزار بازرگان لەخۆ بگرێت، 10 ملیۆن بەكاربەریش بەئامانج دەگرێت، كۆششی ئەوەش دەكات بەرهەمەكانی هەناردەی 50 بازاڕی جیهان بكات.
كڕیارەكانی ئەو هاوپەیمانییە تازەیە دەگەنە نزیكەی 15 هەزار كڕیار، هاوپەیمانییەكە لەهەوڵدایە توانستی بەرهەمهێنانی خۆی بگەیەنێتە نزیكەی 50 ملیۆن پارچە جلی ساڵانە.
هاوپەیمانی كۆمپانیا میسرییەكان لەو بوارەدا گەیشتە 11 كۆمپانیای دروستكردنی جلوبەرگی ئامادەكرا و كوتاڵ، زۆربەیان كارگەی گەوەرەن و پیاوانی كاری سوری خاوەنداریەتییان دەكەن و ئەحمەد سماقیەی گەوەر پیاوی كاری سوری سەركردایەتییان دەكات، كاڵاكان براندی (فاشون 180) بازرگانیان لەسەرە.
هۆكاری پڕبوونی بازاڕەكانی میسر بە جلوبەرگە توركییەكان، ڕێككەوتننامەی ئازادی نێوان هەردوو وڵات بوو بەوەی بەرهەمەكانی هەردوولا لە باج و مزە (رسوم) گومرگییەكان بەخشرابوون.
هاوپەیمانییەكە هەریەك لە كۆمپانیاكانی ئیمپڕاتۆر و هوبی و جۆنیۆر و فانیلیا و كۆل و میلك و دەعدوش و لۆبیبی و بۆریل و ماڕكۆ لۆری و میلۆن لەخۆ دەگرێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونێك، كە ڕۆژنامەی "عەرەب" ی لەندەنی بڵاویكردووەتەوە، ئەو كۆمپانیایانە بە بەهای 5 ملیار جونەیهی ئسترلینی (320 ملیۆن دۆلار) بەرهەمەكانیان دەگەیەننە 50 بازاڕی نێودەوڵەتی.
جەنگە بازرگانییەكەی توركیا لە بازاڕەكانی میسردا، بووە هۆی زەرەرمەندبوونی كارگە میسرییەكان و پاشەكشێكردنی بەرهەمەكانیان لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا بەڕێژەی 50%، ئەمەش بە گوێرەی مەزەندەی بەشی جلوبەرگە ئامادەكراوەكانی یەكیەتی گشتی ژووری بازرگانی میسری.
بە هۆی هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن لە سیاسەتی دەرەوەیاندا، كە بووە هۆی دابەزینی بەهای لیرەی توركییەوە لە بەرانبەر دۆلاردا، وایكرد دراوی توركی لاوازتر بێت و لە دوای دراوی بیزۆی ئەرجەنتینی بەدووەم لاوازترین دراوی جیهان بۆ هەناردەكردن لە قەڵەم بدرێت.
میسر و توركیا لە ساڵی 2005 ڕێككەوتننامەی بازرگانی ئازادیان مۆركرد، لە 2007 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە گوێرەی ڕێككەوتننامەكە هەردوو وڵات بەرهەمەكانی یەكدیكە لە باج و مزەی گومرگی دەبەخشن.
"فاشیۆن 180" بازاڕە نێودەوڵەتییەكان بە ئامانج دەگرێت، كە پێشتر بە تەنیا كۆمپانیاكان نەیاندەتوانی بچنە ناوییەوە، باڵەخانەیەكی زەبەلاحیش بۆ هاوپەیمانی ئەو كۆمپانیایانە دروستكراوە، تاوەكو كردەی بەبازاڕكردنی كاڵاكانیان ئاسانتر بكات.
ئەحمەد سماقییەی سەرۆكی هاوپەیمانییەكە و ئەندامی نوێنەری كۆمەڵەی سماقییەی ئیخوان (ئیمپڕاتۆر) وتی، ئەنجامی توێژینەوەكانی تایبەت بە بازاڕە ناوخۆیی و جیهانییەكان لە ساڵی 2020 ئەوەیان دەرخستووە كە ساڵی 2020 ساڵی قەوارە گەورەكان و چوونەپاڵیەكی كۆمپانیا وەبەرهێنەكانە.
هەروەها محەمەد عەبدولسەلامی سەرۆكی ژووری جلوبەرگە ئامادەكراوەكان لەیەكێتی پیشەسازییە میسرییەكان وتی: ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە تواناداركردنی كارگە و كاڵا سورییەكانە لە میسر، بۆیە حكومەتی میسر ناوچەیەكی پیشەسازی بە ڕووبەری نیو ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە قاهیرە بۆ وەبەرهێنە سورییەكان تەرخان كردووە، ئەمەش بە مەبەستی كێشكردنی وەبەرهێنانە سورییەكان كە بە هۆی بارگرژییە سەربازی و سیاسییەكانەوە لە سوریا هەڵدێن.
ئەو ناوچە پیشەسازییە سورییە نزیكەی 80 كارگە لەخۆ دەگرێت، كە 80% یان لە بواری چنین و جلوبەرگی ئامادەكراودا كار دەكەن، قەبارەی وەبەرهێنانە سورییەكانیش لە میسر دەگاتە نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار كە نیوەی زیاتری لە شاری قاهیرەیە.
كەرتی پیشەسازی جلوبەرگی ئامادەكراو لە میسردا نزیكەی 1.5 ملیۆن كرێكار كاری تێدا دەكەن، هۆكارەكەش ئەوەی كە دەستیكار لە بازاڕەكانی میسردا هەرزان بووە.
هەناردەی چنراو و جلوبەرگە ئامادەكراوەكانی پارساڵ لە میسر گەیشتۆتە نزیكەی 1.8 ملیار دۆلار، كە 5% ی سەرجەم تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆی میسر پێكدێنێت.
سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
