دۆزینەوەی رێگای پێشگریكردن لەتووشبوون بە نۆرەدڵی و مێشك وەستان

تەندروستی

08/02/2020‌ 854 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شلرپرێس:
زاناكانی زانكۆی بلیخانۆڤی روسی بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوكارە چینییەكانیان لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر پەرچەكرداری جەستەی مرۆڤ لەبەرانبەر بەسیر كردووە، تێیدا دەركەوتووە سیر چەكێكی بەهێزە دژ بەنەخۆشییەكانی دڵ و لووەلەكانی خوێن .

گۆڤاری Chinese Journal of Natural Medicines بڵاویكردەوە، یەكێك لە گرفتانەی رووبەڕووی پزیشكی هاوچەرخ دەبێتەوە بریتییە لەبەرەنگاربوونەوەی رەقبوونی خوێنبەرەكان، لەبەرئەوەی ئەو نەخۆشییە هۆكاری سەرەكی دروستبوونی نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێنە لەناویاندا نۆرەدڵێ و جەڵتەی مێشك .

بۆ ڕێگریكردن لە رەقبوونی خوێنبەرەكان، جگە لە بەكارهێنانی دەرمانی وەك "ستاتین" لەئێستادا كار لەسەر دروستكردنی جۆرە دەرمانێكی سروشتی دەكرێت، كە هیچ كاریگەرییەكی لاوەكی نەبێت، لەو بارەیەشەوە لێكۆڵینەوەكە بەو ئەنجامە گەیشتووە، كە سیر ئاسۆیەكی دڵخۆشكەرە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە دەرمانە .

پرۆفیسۆر فاسیلی كاراگۆدین لە زانكۆی بلیخانۆڤ دەڵێت: سیر رێگە نادات كۆلیسترۆڵ لەچینە ناوەندییەكانی دیواری ناوەوەی لوولەكانی خوێن كەڵەكە ببێت، بەوەش ڕێگری دەكات لە رەقبوونی خوێنبەرەكان .

هەروەك دەڵێت: ئەو دەرمانەی لەسیر دروست دەكرێت وادەكات خوێنی ناو لوولەكانی خوێن بەسروشتی بمێنێتەوە بێئەوەی هیچ نیشانەیەكی لاوەكی لێبكەوێتەوە، بەو مانایەی دەكرێت بەدرێژایی ژیان بەكاربهێنرێت .

لێكۆڵەرەكان ئاشكرایانكردووە، سیر دەبێتە هۆی دابەزاندنی پەستانی خوێن و رێگریكردن لە مەینی خوێن و بەسروشتی هێشتنەوەی ڕێژەی چەوری ناو خوێن .هەروەك توێژەران باس لەوە دەكەن، ئەو دەرمانانەی لە سیر دروست دەكرێت وەك تەواوكەرە خۆراكییە بایۆلۆجییەكان، ئەوە دەكرێت لەئایندە بێ ڕەچەتەی پزیشك بەكاربهێنرێن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی