بەرهەم ساڵح لەگرتنە دەستی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌ نزیكدەبێتەوە

مەلەفی تایبەت

29/02/2020‌ 3633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتە شیعە عێراقییەكانی پاشكۆی ئێران، لەوە دەترسن، كە لە ماوەی 48 سەعاتی ئایندەدا، بكەونە ژێر ڕەحمەتی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارە كوردەكەوە، كە بە نزیكی لە ئەمریكا تۆمەتباری دەكەن و لە ئێستاشدا بە ڕوون و ئاشكرایی، د‌ژی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لە عێراق.

بە گوێرەی چەند لەبەرچاوگرتنێكی دەستووریی، كە ناكرێت فەرامۆش بكرێن، یەكشەممەی ئایندە سەرۆك كۆمار، هەردوو كارتی پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراقی دەكەوێتە دەست، ئەمە ئەگەر محەمەد تۆفیق عەلاوی شكستبێنێت لەوەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی عێراقی‌، لەو دانیشتنەی بڕیارە رۆژی یەك شەممە بەڕێوەبچێت، هەر چەندە دانیشتنەكەش‌ مسۆگەر نییە.

یەكشەممەی ئایندە، دوا مۆڵەتی پێكهێنانی حكومەتە لەلایەن عەلاوییەوە،‌ كە 30 ڕۆژی تەواو دەكات، ئەگەر لە متمانە وەرگرتن شكست بێنێت، ئەو كات لە دوولاوە جڵەوەكە دەكەوێتە دەست بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار، یەكەم، چونكە تاكە كەسی خاوەن مافی دەستوورییە‌ لە ڕاسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت، دووەم، چونكە لەڕووی دەستورییەوە، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەت وەردەگرێت، ئەوە ئەگەر ئەو پۆستە بە بەتاڵی مایەوە.

بەو پێیەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیش بەڵێنی داوە، كتومت لەدوای تەواوبوونی 30 ڕۆژەكەی مۆڵەتەكەی عەلاوی، دەستبەرداری دەسەڵات بێت، ئەو كات لەوانەیە سەرۆك كۆمار، لە شوێنی سەرۆك وەزیران كارەكان بەڕێوەببات، ئەمە ئەگەر حكومەتەكەی عەلاوی پێكنەهات، ئینجا دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژی دواتر، پاڵێوراوێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕاسپێرێت.

ڕاسپاردنی كەسێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئایندەی عێراق، ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە، ئەمەش دوای ئەوەی فراكسیۆنە شیعە و سونە و كوردەكان، لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون،‌ لەدانیشتنی ئایندەی پەرلەماندا، دەنگ بە عەلاوی نەدەن.

ئەم دۆخە گرفتێكی گەورە بۆ پارتە دەسەڵاتدارە شیعەكانی پاشكۆی ئێران دروست دەكات، چونكە پۆستی سەرۆك وەزیران پشكی خۆیانە، ئەمەش بە گوێرەی ئەو بەشبەشێنە تایەفییەی لەپڕۆسەی سیاسی عێراقدا پەیڕەوو‌ دەكرێت.

جا ئەو كات بەرهەم ساڵح، دەسەڵاتێكی ڕەهای دەبێت لەپاڵاوتنی سەرۆك وەزیری تازە، بەو پێیەی دەسەڵاتی مەزەندەكردنی خۆی دەخاتەكار، ئەمەش دوای ئەوەی دۆخی فراكسیۆنی هەرە گەورەی پەرلەمانی بوونی نامێنێت.

ئەو كات پارتە شیعەكان دەكەونە نێوان دوو بەرداشەوە،‌ كە هەردووكیان بە دەست بەرهەم ساڵحەوە دەبن، یەكەم، مافی دەستووری خۆی لە پاڵاوتنی ئەو كەسەی بە شیاوی دەزانی بۆ ئەو پۆستە، لێرەشدا ناوی كەسی بەسەردا ناسەپێندرێت، دووەم، مافی دەستووری خۆی لەوەی بە كارەكانی سەرۆك وەزیران هەستێت، تا ئەو كاتەی حكومەتێكی تازە پێكدێت.

پارتە سیاسییەكانیش ترسی ئەوەیان هەیە، بەرهەم ساڵح ئەو دەسەڵاتە بەرفراوانەی –هەر چەندە كاتییە- خۆی بخاتەكار، بۆ لەنگەرپێگرتنی بنچینەكانی پڕۆژەیەك، كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئێران بگەیەنێت و برەویش بەهەژموونی ئەمریكا بدات، ئەمەش بە ڕاسپاردنی پاڵێوراوێكی دوور لە تاران و نزیك لە واشنتۆن.

جا بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی ئەو ئەگەرە چاوەڕوانەكراوە، پارتە پاشكۆكانی ئێران، لە قۆناغی ئایندەدا، دەكەونە نێوان دوو بژاردەوە، یەكەم، ئەوەیە ئەمڕۆ شەممە هەرچۆنێك بێت، بەشێك لە حكومەتە پێشنیاركراوەكەی عەلاوی پەسەند بكەن، دوای وەرگرتنی پۆستەكەش بە فەرمی لە لایەن عەلاوییەوە، قۆناغێكی دیكەی دانوستان دەست پێبكاتەوە و لەسەر بەرژەوەندییەكانی دیكەیان‌ پێكبێن.

دووەم بژاردەش ئەوەیە، عادل عەبدولمەهدی ڕازی بكەن، بۆ ماوەی 45 ڕۆژی دیكەی سەربار،  لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر بمێنێتەوە، بەو ئومێدەی لەو ماوەیەدا بتوانن حكومەت پێكبێنن.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری پشت پەردەی پڕۆسەی سیاسی عێراقیش، باسیان لەوە كردووە، كە كۆششەكانی پارتە شیعەكان لەم بارەوە، هاوتەریبە لەگەڵ دانوستانەكانیان، كە لە 5 شەممەی ڕابردووەوە دەستی پێكردووە، سەبارەت بە توانستی ڕاسپاردنی پاڵێوراوێكی دیكەی تازە جێگرەوەی عەلاوی، بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە، چونكە چانسی متمانەبەخشین بە حكومەتەكەی عەلاوی زۆر لاواز بووە.

چاودێرێكی سیاسی عێراقی پێشبینی ئەوە دەكات، بژاردەی پارتە سیاسییە شیعەكان، درێژكردنەوەی ماوەی فەرمانڕەوایی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بێت، ئەم چارەسەرەش لوتی بە لوتی ناڕەزاییەكی جەماوەری بەرفراواندا دەتەقێتەوە،‌ كە بازنەی خۆپێشاندانە ناڕەزاییەكان و پێكدادانەكان فراوانتر دەكات، ئەم پرسەش قورساییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی موقتەدا سەدر، لەوەی‌ چۆناوچۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكات.

ئەو چاودێرە باسی لەوەش كردووە، كە ئەو سیناریۆیە، جێگەی دوودڵی‌ چەند سەركردەیەكی سیاسییە و ناوێرن پیادەی بكەن، چونكە ئەگەری بوونی چەند ئەنجامێكی نەرێنی لێدەكرێت، كە لە ئێستادا، زیانیان دەبێت بۆ پڕۆسەی سیاسی عێراق.

چاودێرەكە پێشبینی ئەو دەكات، چەند چارەسەرێك بێتەكایەوە، لەوانەش لێكتێگەیشتن و پێكهاتنەكان، كە حكومەتێكی ناكامڵی بە سەرۆكایەتی عەلاوی لێبكەوێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی چەند ناوێكی پێشنیاركراو دەگۆڕن، بە چەند ناوێكی دیكە. 

عەلاویش ئەو چارەسەرە ڕەتناكاتەوە، چونكە واپێدەچێت زۆر شەیدای دەسەڵات بێت، كە چەندەها ساڵە لێی بێبەشكراوە.

چاودێرەكە ئەوەشی وت: ئەوەی بۆ پارتە سیاسییەكان گرنگە، ئەوەیە حكومەتی ئایندە لە بندەستی خۆیان دابێت، لە كۆتایشدا هەر ئەوە ڕوودەدات. 

جا چ ئەوەی حكومەتەكەی عەلاوی، بەو داڕشتەیەی ئێستای، یان بە داڕشتەیەكی هەمواركراو، پەسەند بكرێت، لە كۆتایدا بەرجەستەی ئەقڵیەتی حیزبی بەرتەسك دەكات، چونكە پارتە سیاسییەكان گەرەكیانە نوێنەری ڕاستەوخۆیان لە حكومەتدا هەبێت، عەلاویش لەولاوە، پەنای بۆ فێڵێك بردووە كە پێكهاتەكان لەو حكومەتدا بەشداربن، ئەم دووانەش لە بنەچەدا، یەك شتن.

سەرچاوە: عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر