ئەردۆغان بانگەشەی كوشتنی هەزاران سەربازی سوریا دەكات

جیهان

29/02/2020‌ 2099 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەبارەی دوا پێشهاتەكانی ئیدلیب و رەوشی سوریاوە رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر له دوو هەزار و ١٠٠ چەكداری رژێمی بەشار ئەسەد كوژراون و نزیكەی ٣٠٠ ئۆتۆمبیلی سەربازیشیان تێكشكێنراون.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی بازنەی ئیستانبوڵ لە نووسینگەی كار لە كۆشكی كۆماریی دۆڵمەباهچە لەئیستانبوڵ، لەبارەی دوا پێشهاتەكانی ئیدلیب و رەوشی سوریاوە دوا، كە ئاژانسی ئەنادۆڵ ناوەڕۆكی قسەكانی بڵاوكردووەتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان بە جەختكردنەوەی لەوەی، كە بابەتی سوریا بۆ توركیا هەرگیز سەركەشی یان هەوڵی فراوانكردنی سنورەكانی نییەو راشیگەیاند، ئێمە نە چاومان بڕیوەتە نەوت نە خاك، دەمانەوێت بە ناوچەیەكی ئارام گەرەنتی سنوورەكانمان بكەین، بێ ئاگاییە وا بزانین ئەوانەی ئەمڕۆ سوریایان كردووەتە سێ بەشەوە، رێز لە یەكپارچەیی خاكی توركیا دەگرن، بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەی بەدرێژایی سنوورەكانمان ناوچەیەكی ئارام بە قووڵایی ٣٠ كیلۆمەتر لە سوریا دروست بكەین، بەنیگەرانییەوە لە رەوشی ئەوانە دەڕوانم، كە هێشتاش لە واتای خەباتی وڵاتەكەمان لە سوریا تێ نەگەیشتوون، پێویستە هەموو كەسێك ئەوە بزانێت، ئەو خەباتەی كە لە سووریا دەیكەین پەیوەندی بە داهاتووی هەموومانەوە هەیە و ئەوەش قبوڵ بكات".

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر ئەوەی، كە ئێمە لەسەر داوای بەشار ئەسەد نەچووینەتە (سوریا)، بەڵكو لەسەر داوای گەلی سوریا چووینەتە ئەوێ و ئەوەشی راگەیاند، تا گەلی سووریا نەڵێت تەواو ئەم كارە تەواو بوو، بەنیاز نین ئەوێ جێ بهێڵین، نزیكەی چوار ملیۆن كەس بەهۆی هێرشە خوێناوییەكانی رژێمەوە بەرەو سنوورەكانمان دێن، لەئێستادا یەك ملیۆن ٥٠٠ هەزاریان لە سنوورەكانماندان، سێ ملیۆن ٧٠٠ هەزار هاووڵاتی سووریامان پەناداوە، ناتوانین بەرگەی لێشاوێكی نوێی كۆچ بگرین.

سەرۆك كۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بەهێرشەكانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سەر یەكەكانی سوپای توركیا لە ئیدلب وتی: ژمارەی شەهیدەكانمان لەئیدلیب لە ٣٤ەوە بۆ ٣٦ بەرزبووەوە، پێموایە شەهیدەكانمان لووتكەی خەباتی نەتەوەیی وڵاتەكەمانن، ناهێڵین خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ بڕوات، تا ئێستا زیاتر لەدوو هەزار و ١٠٠ چەكداری رژێم كوژراون و نزیكەی ٣٠٠ ئۆتۆمبیلی سەربازیشیان تێكشكێندراون، لە ئێوارەی دوێنێوە، حەوت كۆگا، كە بەرهەمی كیمیاییان تیادابوو تەقێندراونەتەوە، هەرگیز ئارەزووی ئەوەمان نەكردووە كارەكە بگاتە ئەو حاڵە، بەڵام مادام خۆیان زۆریان لێكردین دەبێت ئەنجامەكەشی ببینن، پێداگری خۆمان نیشانی رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەكانی دەدەین.

هـ ـ ح