شارپرێس:
پارێزگاری هەولێر و لهگهڵ بهرپرسانی یهكه ئیداریهكانی پارێزگاكه كۆبووهوه و لهبارهی رێكارهكانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا گفتوگۆیان كرد و ژمارهیهك بڕیاریان دهركرد.
پارێزگای ههولێر بڵاویكردهوه، ئەمڕۆ فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا بەئامادەبوونی د.عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هەریەک لە هێمن قادر و تاهیر عەبدوڵا جێگرانی پارێزگار، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ قایمقامی قەزای ناوەند و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار و سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکان و پۆلیس و زێرەڤانی و سەرجەم بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکان و فەرمانگەکانی تری هەولێر سازکرد.
لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پابەندبوون و جێێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوەی پێشوتری ڕۆژی 2020.2.26 پارێزگای هەولێر کرایەوە، کە تایبەت بوون بە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لێژنەیەک بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕێنمایی و بڕیارەکان بە سەرۆکایەتی قایمقامی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ئەندامیەتی نوێنەرانی شارەوانییەکان و گەشت و گوزار و ژینگەی پارێزی و تەندروستی و پۆلیس پێکبهێندرێت لەناوەندی هەولێر و لە هەر (9) قەزاکانی تری سەر بەسنووری پارێزگای هەولێریش بۆ هەمان مەبەست لێژنەی تایبەت پێکبهێندرێت.
پاشان کۆبوونەوە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوەی پەسندکرد:
یهكهم: جەختردنەوە لە نوسراومان ژمارە 274 لە ڕێکەوتی 2020.2.27 پێویستە هەر (10) خاڵی هاتوو لەم نووسراوە جێ بەجێ بکرێت.
دووهم: سەبارەت بەو کافتریا و شوێنانەی نێرگەلەی تێدا دەکێشرێت، دەبێت دەست بە ئیجرائات بکرێت و نێرگەلەکان دەست بەسەر دابگرین و تەلەف بکرێن، ئەگەر هەر شوێنێکیش دووبارە سەرپێچی کرد ئەوە شوێنەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک دابخرێت.
سێیهم: سەبارەت بە جگەرەکێشان لەشوێنە داخراوەکان، جگەرەی ئەلکترۆنی، یاسای ژمارە 31ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت و قەدەغەیە.
چوارهم: شوێنی هۆڵی وەرزش کردن و مەلەوانگە و مساج و گەرماوی گشتی و سینەما، تاوەکو 2020.3.10 بە شێوەیەکی کاتی دادەخرێن، ئەگەر پێویستی کرد بڕیارەکە درێژ دەکرێتەوە.
پێنجهم: دەبێت سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان لێژنەیەک پێک بهێنن بەسەرۆکایەتی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان و ئەندامیەتی هەریەک لە (تەندروستی سنوورەکانیان و شارەوانییەکان و پۆلیس و لێژنەی چاودێری بازاڕ و ڤێترنەری، وە ئەگەر هەبێت هۆبەی گشت و گوزار، قایمقام لەسەر ئاستی قەزا سەرپەرشتی دەکات، سەرەڕایی سنووری قایمقامیەتەکەی) لەکاتی پابەندنەبوونی هەر شوێنێکی ئاماژە پێکراو دەست بەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگیرێت.
شهشهم: لێژنەی باڵای پارێزگای هەولێر ڕاسپێردران لە هەولێر و تەواوی قەزا و ناحییەکان ئەو شوێنانەی کە هاوڵاتیانی تێدا (قەرەنتین) کراوە و لەژێرچاودێری تەندروستیدان، سەردان بکەن و هەر شوێنێک گونجاو نەبوو بۆیان، یان کەم و کوڕی هەبوو، دەست بەجێ جێگاکانیان بگۆڕن و لە شوێنێکی شایستەتر و گونجاوتر دابنرێن.
حهوتهم: لەسەرجەم بازگەکانی سنووری هەولێر لەگەڵ موسڵ و کەرکوک و مەخمور، تیمی تەندروستی و پێداویستی پشکنین دابینکراوە، دەبێت ئەم تیمانە بەردەوام بن لەو بازگانە و ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.
ههشتهم: لەلایەن شارەوانییەکان و دەستەی گەشت و گوزار و تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە پێناو خۆپارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان، بەوردیی و بە چڕی چاودێری پاک و خاوێنی بازاڕ و ڕێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتیەکان دەکرێت، هەر کەسێک بیەوێت بازاڕ قورغ بکات و نرخی کاڵا و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان گران بکات ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
نۆیهم: بەهەموو شێوەیەک سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانە حکومییەکان و ئەهلیەکان قەدەغەیە و ڕێگە نادرێت هیچ کەس سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان بکات، هەروەها نەخۆش نابێت لەیەک یاوەر زیاتری لەگەڵ بێت.