کێ عەدنان زورفی کاندید کرد؟

عیراق

19/03/2020‌ 3184 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە کە عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کە یەکێکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتییەکەیان لەلایەن سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵحەوە کاندید کراوە .

کاندیدکردنی زورفی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە هێزە سیاسییە شیعییەکان بەرهەڵستی بڕیارەکە بکەن و باسیان لەوە کردووە کە کاندیدکردنەکە لەدەرەوەی میکانیزمە دەستوورییەکان بووە، ئەوە سەرباری ئەوەی زورفیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە کەسێکی نزیکی ئەمەریکییەکانەو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لەپشت پاڵاوتنییەوە بووە . 

لەبەرانبەردا بەرپرسێک لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕێز لە سەروەری و ویستی عێراقییەکان دەگرێت و دەستی لە میکانیزمی دەستنیشانکردنی پاڵێوراوی پۆستی سەرۆک وەزیران وەرنەداوە .

لەوبارەیەوە ئەحمەد حەمەدانی بەرپرس لەناو هاوپەیمانی نەسر بە "شەفەق نیوز"ی رایگەیاندوە، سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح خۆی عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپاردووە بێئەوەی لەلایەن هیچ لایەنێکی سیاسی دەستی لە کاندیدکردنیدا هەبێت ، هەرچەندە هەندێ کوتلە و پەرلەمانتار پشتیوانی دەکەن بەڵام ئەو کاندیدی سەرۆک کۆمارە.

حەمەدانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، دوای شکستهێنانی کوتلە سیاسییەکان لەوەی بتوانن لەماوەی دەستووریدا لەسەر کەسایەتییەک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە رێکبکەون سەرۆک کۆمار زورفی راسپارد، سەرۆک کۆمار بەو هەنگاوەی ویستی بەهۆی ئەو کوتلانەوە پیشێلکردنی دەستوور دووبارە نەبێتەوە ، هەربۆیە کاندیدکردنی هیچ پیشێلکارییەکی دەستووری تێدا نییە .

لەلایەکى ترەوە بەهائەددین نوری وتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کردووە کە لیستێکیان بە واژۆی ١٧٠ پەرلەمانتار ئامادە کردووە کە تێیدا وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکوومەت لەلایەن عەدنان زورفی رەتدەکەنەوە .

وەرگێران : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی