نزیكبوونەوە لەپارتی هاوپەیمانی نیشتمانی بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات

ڕاپۆرت

21/03/2020‌ 4587 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەئێستادا هاوپەیمانی نیشتمانی بەدۆخێكی ناوخۆیی سەخت‌و تایبەتدا تێدەپەڕێت، كە ئەگەر هەیە ئەو دۆخە هاوپەیمانییەكە بەرەو هەڵوەشانەوە بەرێت.

هاوپەیمانی نیشتمانی، كە پارتێكی هەرێمی كوردستانەو كۆتایی ساڵی 2017 بە دەستپێشخەری چەند سیاسییەكی هەرێمی كوردستان دروست بوو، كە لەساڵی 2018 بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كردو دوو كورسی بەدەستهێنا.

لەدوای ئەوە دۆخی هاوپەیمانییەكە بەچەند قۆناغێكی دژواردا تێپەڕی‌و ئێستا كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حیزبە تەقیوەتەوەو ئەگەری هەڵوەشانەوەشی هەیە، ئەگەر بەزوویی كێشەكان چارەسەر نەكرێن.

بۆچی كێشەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی تەقییەوە؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ناوخۆیی هاوپەیمانی دراوە بەشارپرێس، بەهۆی ناڕوونی سەرچاوەی دارایی حیزب، كە دیارنییە لەكوێوە دێت‌و بڕەكەی چەندە، بەشێك لەسەركردەكانی حیزبەكە ناڕەزاییان دەربڕیوەو تەنانەت هەندێكیشیان بەو هۆیەوە دستیان لەكاركێشاوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، نزیكبوونەوەی زیاتری هاوپەیمانی لەپارتی دیموكرات بەتایبەت لەلایەن سەرۆكی هاوپەیمانی "ئارام قادر"و بێ ئاگاداربوونی سەركردەكانی دیكە، هۆكارێكی ترن بۆ تەقینەوەی كێشەكانی ئەو حیزبە.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، كارنەكردن بەبڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران و بڕیاردان بێگەڕانەوە بۆ ئەو ئەنجوومەنەو تاكڕەوانە كاركردن‌و هۆكارەكانی تری تەقینەوەی كێشەكانی هاوپەیمانی نیشتمانین.

لەو بارەوە ئاڤێستا كەمال یاریدەدەری سەرۆكی هاوپەیمانی‌و بەرپرسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هاوپەیمانییەكە، دەڵێت: لە ئێستادا هاوپەیمانی نیشتمانی بە دۆخێكی ناوخۆیی تایبەتدا تێدەپەڕێت، بەهۆی بەلاڕێدابردنی هاوپەیمانی لەلایەن سەرۆكی هاوپەیمانی و ژمارەیەكی كەم لەنزیكەكانییەوە، ئەمەش وایكرد لە ماوەی ڕابردوودا چەندین سكاڵا لەسەر سەرۆكی هاوپەیمانی بكرێت و لە بەرانبەریشدا سەرۆكی هاوپەیمانی بەردەوام بوو لەسەر تاكڕەوی و حسابنەكردن بۆ ئەنجوومەنەكان و كارنەكردن بە پەیڕەوی ناوخۆ و كارنامەكان‌و جێكردنەوەی میزاجی خۆی لەڕووی سیاسی و  ئیداری  هاوپەیمانی نیشتمانییەوە".

هەروەها دەشڵێت: ئەو كارەی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی وایكرد هاودیدان بێهیوا بن و پۆل پۆل بچنەوە ماڵەكانی خۆیان و هیچ هیوایەكیان بە هاوپەیمانی نەمێنێت‌و شەپۆلی دەستلەكار كێشانەوەش بەردەوامبێت،  بەتایبەت لەئەنجوومەنی سیاسی، كە خودی سەرۆكی هاوپەیمانی بەرپرسی ڕاستەوخۆیەتی، لە ٩ ئەندامی هەڵبژێراو ٥ ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی دەستلەكاركێشانەوەیان ڕاگەیاندووە، ئەمەش دەكاتە زۆرینەی ئەنجوومەنەكە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەنجوومەنەكە لە بەرواری (١١/١٢/٢٠١٩) بەنووسراوی ژمارە (٦١) بڕیاری سڕكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هاوپەیمانیماندا، كە ئاڤێستا كەمال لەبارەی ئەو بڕیارە روونكردووەتەوە، لە پێناو بەلاڕێدانەبردنی زیاتری  هاوپەیمانی و وەستاندنی لەبەكارهێنانی هاوپەیمانی بۆ بەرژەوەندی شەخسی، كە لە ئێستاشدا دوای ئەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی تەواوی توانای خۆی خستووەگەڕ بۆ ئەوەی تاكڕەوانە بڕیار لەسەر هەركەسێك بدات، كە ڕەخنەی لێدەگرێت و پێچەوانەی خواستی ئەو دەجوڵێتەوە،

لەبەرانبەر ئەوەدا ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی، بەنووسراوی فەرمی ئاڤێستا كەمال‌و چەند سەركردەیەكی حیزبەكەی دوورخستووەتەوە، بەبیانووی ئەوەی پابەندی پەیڕەوی ناوخۆیی حیزب نەبوون.

هاوكات بەپێی بریاری ژمارە دوو لەكۆبوونەوەی ژمارە ٧١ لە (٢٠١٩/١١/١٨) ئەنجوومەنی سیاسی تەنیا سەرۆكی ھاوپەیمانی و بەرپرسی تیمی وتەبێژانی ھاوپەیمانی بۆیان ھەیە بەناوی ھاوپەیمانییەوە قسە بكەن، لەبەر ئەوەی بەپێی نووسراوی ژمارە ٦١ لە (٢٠١٩/١٢/١١ ) ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ھاوپەیمانی سەرۆكی ھاوپەیمانی (ئەییوب نعمت قادر ناسراو بە ئارام قادر) لە ھەموو دەسەڵاتەكانی سڕكراوە. 

هەروەها زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسی، كە بریتین لە ٥ كەس لەكۆی ٩ كەس دەستیان لەكاركێشاوەتەوەو ئەنجوومەنی نوێنەرانیش، كە ئەنجوومەنی بڕیارە یەكلاكەرەوەكانە لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی دەستیانلەكاركێشاوەتەوە كارەكانی وەستاون، لەئێستاوە ھاوپەیمانی نیشتمانی شەرعییەتی یاسایی لەدەستداوە، ئەوەش بەقسەی شوان عوسمان تەبێژی ھاوپەیمانی نیشتمانی

شوان عوسمان لەروونكردنەوەیەك داوا لەوەزیری ناوخۆ دەكات بڕیاری مۆڵەتی حیزب لەھاوپەیمانی نیشتمانی بكێشنەوە، بۆ ئەوەی ھاودیدان بەرپرس نەبن لەھیچ ئیلتیزامێكی ماددی و مەعنەوی.

هەروەها داوای كردووە، كە كەلوپەل‌و ممتلكاتی بارەگاكانی ھاوپەیمانی نیشتمانی ببەخشرێت بە دام و دەزگاكانی حكومەتی ھەرێم.

بەپەلە