ئەگەری جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیە

کوردستان

23/03/2020‌ 1888 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەری جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش بۆ جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەكان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لیژنەی باڵای قەیرانەكان بۆ رووبەڕبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تاوتوێی جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لیژنەكە بۆ جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتووچۆ لەناو شارەكان تاوتوێی ئەوە كراوە، كە جوڵە بەهێزی پێشمەرگە بكرێت‌و لەناو شارەكان بڵاوبكرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی یەك شەممە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم قەدەغەی هاتووچۆی تا رۆژی یەكی نیسان درێژ كردووە، ئەوەش بۆ رێگری لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان، كە تائێستا چەندین حاڵەت تۆماركراوە.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، لیژنەكە دوای تاوتوێكردنی پرسی بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە، لەچەند سەعاتی داهاتوو بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی ئەو پرسەوە دەدات.

ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند مانگێكە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبووەتەوەو لەزۆرێك لەوڵاتانی جیهانیش هێزی سەربازی جوڵێنراوە بۆ رێگری لەقەدەغەی هاتووچۆ لەوانە چین‌و ئیتالیا.

هـ ـ ح