ئەمریكا رێگایەكی نوێ بۆ چارەسەركردنی كۆرۆنای نوێ دەگرێتەبەر

لە میدیاکانەوە

25/03/2020‌ 1245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا هەنگاودەنێت بۆ ئەوەی پلازمای خوێنی ئەوانەی لە كۆڤید ۱۹ چاكبوونەتەوە بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی نەخۆشییە ڤایڕۆسییەكە بەكاربهێنێت، دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا  FDAش ئاسانكارییەكی مەرجداری كردووە.

حاكمی نیۆیۆرك لە "۲۳/۳" رایگەیاند، رایكاریی بووژانەوەی پلازمایی "convalescent plasma" بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیی ڤایڕۆسی كۆڕۆنای نوێ دەگرینەبەر.

"بووژانەوەی پلازمایی" ئەو رایكارییە تەندروستییەیە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان بەكاردەهێنرێت، وەك پێشتر بۆ سارس، مێرس، ئەنفلەوەنزای بەراز و ئیبۆلا ئەنجامدراوە.

لەئێستادا ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ چاكدەبنەوە، لەناو پلازمای خوێنیان پڕۆتینێك دروستبووە بەناوی "دژەتەن"، دژەتەنەكە تایبەت بە "دژەپەیداكەری" ڤایڕۆسی كۆڕۆنای نوێ "سارس-كۆڤ-۲" درووستبووە، دژەتەن لەڕووی فرمانزانییەوە دەورێكی گرنگ لە كووشتنی ڤایڕۆسدا دەبینێت.

دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا _ FDA تەنیا رێگەپێدانی كتووپڕی بە راییكارییەكە داوە بۆ بەكارهێنانی لەو نەخۆشانەی بەتووندی نەخۆشییەكەیان گرتووە، چونكە پڕۆسەیەكی سەلامەتە، ئەگەر نا تا ئێستا پەسەندكردنی كۆتایی بۆ نەكردووە.

دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا _ FDAرایگەیاندووە، ئێمە رۆڵێكی گرنگمان هەیە لە پاراستنی ئەمریكا لەمەترسی لەناكاوی نەخۆشی پاندەمیی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ لەسەر تەندروستی گشتی هاونیشتیمانییان، ئێمە لێرەین و وڵامی باشمان لەكاتی خۆیدا دەبێت، ئاسانكاریی باشیش دەكەین بۆ دەرمانە پشكنراوەكان بۆ بەكارهێنانیان لەو نەخۆشانەی بەتووندی تووشی نەخۆشییە ڤایڕۆسییەكە بوون"

دامەزراوەكە راشیگەیاندووە، كە ئەو راییكارییە "بووژانەوەی پلازما"، كە وەرگرتنی پلازمایە لە چاكبووانی نەخۆشی كۆڤید ١٩، چونكە پلازماكەیان دژەتەنی دژی ڤایڕۆسی "سارس-كۆڤ-۲" تێدایە، رەنگە كاریگەربێت لە چارەسەركردنی كۆڤید۱۹، پێشتر بۆ زۆر نەخۆشی دیكەی ڤایرۆسی رێڕەوی هەناسەدان وەك سارس، مێرس و ئەنفلەوەنزای بەراز ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا لە هەموو نەخۆشییەك سەركەوتوونەبووە، بۆیە گرنگە پێش ئەوەی ئەو چارەسەرە بەهەڕەمەكی بە هەموو تووشبووانی كۆڤید۱۹ بدرێت، پێویستە لە تاقیكردنەوە كلینییەكان پشكنینی تەواوی لەسەربكرێت، كاریگەریی و سەلامەتییەكەی پشتڕاستبكرێتەوە. بۆیە ئێمە ئاسانكاری دەكەین بۆ رێگەدان بە تێكردنی پلازمای خوێنی چاكبووان بۆ ناو خوێنی ئەوانەی بەسەختی تووشی نەخۆشیی ڤایڕۆسی كۆڕۆنای نوێ بوون.

دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكی – FDA هەروەها رایگەیاندووە، ئەو رێكارە تەنیا چارەسەرە و بۆ تووشبووان بەكاردەهێنرێت، نابێت بۆ ئەوانە بەكاربهێنرێت، كە تەندروستن، ئەو راییكارییە بۆ چارەسەرە نەك پاراستن لە تووشبوون.

پڕۆسەی "بووژانەوەی پلازمایی" بۆ ئەوانە ئەنجامدەدرێت، كە لە چاودێریی چر خەوێندراون و باری تەندروستییان ناجێگیرە، چونكە دەستكەوتنی پلازمای تووشبووان كارێكی قورسە، لەهەفتەی داهاتوو لە "ئەمریكا – شاری نیۆیۆرك" لە دوو نەخۆشخانە ئەو راییكارییە تەندروستییە دەستپێدەكرێت.

ئەم چارەسەرە هەنگاوێكی گرنگە بۆ رزگاركردنی ئەو نەخۆشانەی بەتووندی تووشی كۆڤید١٩ بوون، بەتایبەتی لەئێستادا كە خستنە خزمەتی ڤاكسین و پەسەندكردنی دەرمانێكی كاریگەر بۆ نەخۆشییە ڤایڕۆسییەكە، كارێكی زەحمەتە.

ئامادەكردن: عیسا عەبدولرەحمان