یەکێتی : داوکارییەکانی کورد دیارن و پێویستی بە سەردانی زورفی نییە

کوردستان

28/03/2020‌ 905 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
پەرلەمانتارێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت کە داواکارییەکانی کورد دیارن و هیچ پێویست بەوە ناکات  عەدنان زورفی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. 

جەمال شکوور پەرلەمانتاری یەکێتی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی " هیچ پێویست ناکات عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو لەچوارچیوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و بۆ دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییەکان سەردانی هەرێم بکات ، لەبەر ئەوەی داوکارییەکانی کورد و کوتلە سیاسییەکان روونە بەتایبەت داوکارییەکانی حکوومەتی هەرێم و بابەتی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەندی دیارن ". 

شکوور جەختی کردۆتەوە کە لەگەڵ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا زیاد لە کوتلەیەکی کوردی هەیە بەڵام هەموویان لەبارەی داوکارییەکانی کوردەوە یەکدەنگن و زورفی دەتوانێت لەوبارەیەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات . 

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە شکردووە کە داوکاری هەرە سەرەکی کورد بەتایبەتی کوتلەی یەکێتی و پەرلەمانتارەکانی شاری کەرکووک ئەوەیە کە دۆسیەی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان کاری لەپێشینەی هەر دانوستانێکی نێوان کورد و حکوومەتی نوێی بەغدا بێت .

چەند رۆژێکە دەزگاکانی راگەیاندن باس لەوە دەکەن کە عەدنا زورفی سەرۆک وەزیری راسپێردراو پلانی ئەوەی هەیە لەچوارچێوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا کۆببێتەوە . 
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی