وەزارەتى تەندروستی عێراق بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک دووردەخاتەوە

عیراق

05/04/2020‌ 349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیرى تەندروستى عێراق بریاریدا بە خانەنشینکردنى بەرێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک و دانانى کەسێکى نزیکى پارێزگار لە شوێنەکەى.

سەرچاوەیەکى نزیک لە بەرێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک بە"شارپرێس"ی راگەیاند، کە وەزیرى تەندروستى عێراق بەنوسراوێکى فەرمى بریاریداوە بە خانەنشینکردنى(د. کەریم وەلى) بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک.

ئاماژەى بەوەشکرد، کە وەزیرى تەندروستى عێراق (زیاد خه‌له‌ف جبوری) لە شوێنى ئەو بەڕێوەبەرە تر دیاری کردوە وەک بەرێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک.

بە وتەى سەرچاوەکە زیاد خه‌له‌ف جبوری کەسى نزیکى راكان سه‌عید پارێزگاری كه‌ركوكه و لەسەر پێشنیازى ناوبراو جەبورى خراوەتە شوێنى ئەو بەڕێوەبەرە.

لەدواى رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ وە کە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان کەوتەوە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقەوە تائێستا چەندین بەرپرس و بەرێوەبەرى کورد و تورکمان و عەرەب لەو ناوچانە لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە یان گۆڕانکاریان تێدا کراوە
س.هـ