118 عەمرەکارى کەرکووک و موسڵ لە رێگەى فڕۆکەخانەى هەولێره‌وه‌ گەیشتنەوە هەرێم

کوردستان

13/04/2020‌ 388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئەمڕۆ 118 عەمرەکارى دانیشتووى کەرکووک و موسڵ لە رێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لە سعودیەوە گەیشتنەوە هەرێم.

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، لە چوارچێوەی هەماهەنگى فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە عەمرەکارانی کەرکوک و موسڵ کە بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە لە شانشینی عەرەبی سعودی گیریان خواردبوو گەیشتنەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و راستەوخۆ بە پاس گەڕانەوە بۆ هەردوو پارێزگای کەرکووک و موسڵ کە ژمارەیان 118  عەمرەکار بوو.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا لە جیهاندا، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بە هەماهەنگى وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە دەرەوە گیریان خواردووە .

فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌شڵێت، لە رۆژانی داهاتوو ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە لە ووڵاتانی ئەوروپا و شانشینی ئەردەن و کۆماری ئەرمینیا گیریان خواردووە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی  فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتی هەرێم کە لە قوبرس گیریان خواردبوو لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەتی هەرێم گەڕێندرانەوە، هاوکات بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی هەرێم لە هیندستان گەڕانەوە بەغدا و دواتر بە پاس گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.