لە سلێمانى کەرتی گواستنەوەی گشتی دەست بە کار دەکاتەوە

کوردستان

24/04/2020‌ 645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رایگەیاند، بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان، هۆکانی گواستنەوەی گشتی بەرێژەی نیوەی پاسەکان دەست بە کار دەکاتەوە و هۆڵەکانی لەشجوانیش دەکرێنەوە.

لەراگەیەنراوی لیژنەى باڵاى ئۆپەراسیۆنەکانى سلێمانى هاتووە لە سبەینێوە قەدەغەی تەواوی ھاتوچۆ لە سەعات ٦ی ئێوارەوە بۆ ١٢ی شەو بەردەوام بێت. دەشڵێت، لەناو چەقی شاری سلێمانیدا، بەھیچ جۆرێک ڕێگا بە ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، تاکسیەکان لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە، بەپێی فەرمانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ژمارە (٨١) لە٢٣ی ٤ی ٢٠٢٠دا، لەسەر بنەمای ژمارەی تاک و جووت دەست بە کارکردن دەکەنەوە، ڕۆژی٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ تەنیا ھەڵگرانی ژمارەی (تاک) کاردەکەن و ڕۆژی دواتر ژمارەی (جووت)، (ڕۆژە تاکەکان بەپێی ڕۆژژمێر بۆ ژمارەی تاک دەبێت و ڕۆژە جووتەکان بەپێی ڕۆژژمێر بۆ ژمارەی جووت دەبێت) و بەوشێوەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانیەوە بەوردی ڕێکاری پێویست لەم بارەیەوە دەگیرێتەبەر و سەرپێچیکار بەپێی بەیانی ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆ سزا دەدرێت.

هەروەها ئەوەش هاتووە، ھۆکانی گواستنەوەی گشتی لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە ڕۆژانە بەنیوەی ژمارەی پاسەکان لە ھێڵێکدا، بەپێی مەرج و ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییەکان دەست بە کارکردن دەکەنەوە.

 

دەقی بڕیارەکان:
١- لەدوای ٢٣ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە تا ١ی ٥ی ٢٠٢٠، قەدەغەی تەواوی ھاتوچۆ لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە بۆ ١٢ی شەو بەردەوام بێت.
٢- قەدەغەی ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری ھەر پارێزگایشدا بەھەمان ڕێکاری پێشوو تا ١ی ٥ی ٢٠٢٠، بەردەوام بێت و رێگەپێدان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و لەناو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی سیستمی رێگەپێدانی ئەلکترۆنی دەبێت، کە لەسەر وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆ بەناونیشانی (moi.gov.krd) دانراوە و ھاوڵاتی دەتوانێت لە حاڵەتی زۆر پێویست داوای رێگەپێدان بکات بەپێی ئەو رێنماییانەی کە لەو سیستمەدا دیاریکراوە.
٣- لە کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ ٦ی بەیانی ھاتوچۆی پێویست و دیاریکراو بەپێی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانی و ناو ھەر یەکەیەکی کارگێڕیی سنوری یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی تەنیا بۆ ناو خودی سنوری یەکە کارگێڕییەکە، ڕێگەپێدراو دەبێت.
٤- جوڵەی کشتوکاڵیی ‌و پێداویستییە کشتوکاڵیی ‌و پەلەوەر و ئاژەڵداریی و پیشەسازییەکان بەھەمان شێوەی جوڵەی بازرگانیی ڕێگا پێدراو دەبێت.
٥- دەسەڵات دەدرێت بە ھەموو قائیمقامیەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بەپێی بارودۆخەکە کار و پیشە و کەسابەت و پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان بەپێی تایبەتمەندی قەزاکە، لەماوەی نێوان کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ ٦ی ئێوارەدا ڕێکبخەنەوە، ڕێکاری پێویستیان بەپێی ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان بۆ دیاریبکەن، بەمەرجێک کارنەکاتە سەر قەدەغەی ھاتوچۆ.
٦- لەناو چەقی شاری سلێمانیدا، بەھیچ جۆرێک ڕێگا بە ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت، ئەو شوێنانەی ڕێگایان پێدەدرێت لە کاتژمێر ٦ی بەیانی بۆ ٥ی ئێوارە بەپێی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە دەکرێنەوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی دیاریدەکات، ئەم بوارانەی دیاریکراون لە چەقی شار و شوێنە گشتییەکاندا ناکرێنەوە و بریتین لە (کافتریا، قاوەخانە، پارکی ئۆتۆمبێل و ھەر شوێنێکی تر کە مەترسی لەسەر بەریەککەوتن و تێکەڵاویی ھاوڵاتیان ھەبێت) و ڕێگا بەھیچ زیادەڕۆییەک نادرێت. ڕۆژانە دوای کاتژمێر ٥ی ئێوارە سەنتەری شار و دوکان و بازاڕەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی و سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر دەرمانپژێن دەکرێن.
٧- لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە، عیادەی پزیشکەکان، تاقیگە پزیشکیەکان، نۆرینگەکانی تیشک و سۆنار، نۆرینگەکان، لە کاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆ تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە بەپێی مەرج و ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان و بە ھەماھەنگیی لەگەڵ سەندیکا تایبەتمەندەکانیاندا دەکرێنەوە و چاودێریدەکرێن.
٨- تاکسیەکان لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە، بەپێی فەرمانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ژمارە (٨١) لە٢٣ی ٤ی ٢٠٢٠دا، لەسەر بنەمای ژمارەی تاک و جووت دەست بە کارکردن دەکەنەوە، ڕۆژی٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ تەنیا ھەڵگرانی ژمارەی (تاک) کاردەکەن و ڕۆژی دواتر ژمارەی (جووت)، (ڕۆژە تاکەکان بەپێی ڕۆژژمێر بۆ ژمارەی تاک دەبێت و ڕۆژە جووتەکان بەپێی ڕۆژژمێر بۆ ژمارەی جووت دەبێت) و بەوشێوەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانیەوە بەوردی ڕێکاری پێویست لەم بارەیەوە دەگیرێتەبەر و سەرپێچیکار بەپێی بەیانی ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆ سزا دەدرێت.
٩- ھۆکانی گواستنەوەی گشتی لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە ڕۆژانە بەنیوەی ژمارەی پاسەکان لە ھێڵێکدا، بەپێی مەرج و ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییەکان دەست بە کارکردن دەکەنەوە.
١٠- ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە دەبێت بە سیستمی تاک و جوت، ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ تەنیا ھەڵگرانی ژمارەی (تاک) کاردەکەن و ڕۆژی دواتر ژمارەی (جووت)، (ڕۆژە تاکەکان بەپێی ڕۆژژمێر بۆ ژمارەی تاک دەبێت و ڕۆژە جووتەکان بەپێی ڕۆژژمێر بۆ ژمارەی جووت دەبێت) و بەوشێوەیە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانیەوە بەوردی ڕێکاری پێویست لەم بارەیەوە دەگیرێتەبەر و سەرپێچیکار بەپێی بەیانی ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆ سزا دەدرێت.
١١- ھۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و چایخانەکان (بەپێی ڕێنماییەکانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز) و بەو مەرج و ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییانەی دیاریدەکرێن لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە دەکرێنەوە و لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا دادەخرێن.
١٢- پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە ڕۆژی٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە بەپێی مەرج و ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییەکان دەکرێنەوە و لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا دادەخرێن.
١٣- شیرینی و ساردەمەنی و شەربەتخانە و خواردنگاکان تەنیا بەشێوەی سەفەریی و دلیڤەری لە ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە (بەپێی ڕێنماییەکانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز) و مەرج و ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییەکان دەکرێنەوە و لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا دادەخرێن.
١٤- ئارایشتگاکان لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە بەپێی مەرج و ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییەکان دەکرێنەوە و لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا دادەخرێن.
١٥- یاریگاکان (بەبێ ھاندەر و کۆبوونەوە و بەریەککەوتن و قەرەباڵغی)، ھۆڵەکانی جوانی لەش و جیمەکان لە ڕۆژی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٠ەوە بەپێی مەرج و ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییەکان دەکرێنەوە و لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەدا دادەخرێن.
١٦- خاڵەکانی (٧، ٨، ٩، ١٠، ١١، ١٢، ١٣، ١٤، ١٥) لەلایەن قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیەوە، مەرج و ڕێکار و ڕێنمایی تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامیی دیاریکراویان بۆ دیاریدەکرێت و ڕادەگەیەنرێت، ھەرکەسێک کە لەو خاڵانەی دیاریکراون و ڕێگەی کارو کەسابەتیان پێدراوە، سەرپێچی مەرج و ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستی و کارگێڕیی و ئارامییەکان بکات، لەلایەن یەکە کارگێڕی و سەندیکای پەیوەندیدار و لیژنەکانی قائیمقامیەتەوە بۆ ماوەی (ھەفتەیەک) دادەخرێت.
١٧- ھێزەکانی ناوخۆ و تیمە تەندروستیەکان لە ئەرکەکانیاندا بەردەوام دەبن بۆ چاودێریکردنی قەدەغەی ھاتوچۆ‌ و پابەندبوونی خاوەن کار و ھاوڵاتیان بە ڕێنماییەکانەوە و، ڕێکارە یاساییەکان بە ھەموو شێوەیەک توندو ورد، بەڕێوە دەبەن.
١٨- ڕێنمایی بەردەوامی ھاوڵاتیان بکرێت بۆ خۆپارێزیی ‌و تاکپارێزیی ‌و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە.
١٩- ڕاسپاردنی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی دەوڵەت لە ئاستی پارێزگا و قەزاکاندا بۆ دیاریکردنی ڕێکاری خۆپارێزیی تەواو بەھەماھەنگیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی پارێزگای سلێمانی بۆ قۆناغەکانی داھاتوو.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمدا تاوەکو ١ی ئایار درێژدەکرێتەوە.