فراكسیۆنی ئاینده‌ داوای دروستكردنی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی له‌هه‌رێم ده‌كات

کوردستان

01/05/2020‌ 1684 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراکسیۆنی ئایندە له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت "لە ئێستادا، کە قەیرانێکی سەرتاسەری ھەمەلایەنی سیاسیی و ئیداریی و ئابوریی بینی وڵاتەکەمانی گرتوە، ئێمە، بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی و ھەمەلایەن، ھیچ چاوەڕوانیەکمان لە دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی نییە".

فراكسیۆنی ئاینده‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ داوای دامه‌زراندنی حكومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانیی ده‌كات و ده‌ڵێت "گێڕانەوەی تەواوی ئەو پارانەی بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی وڵات، لەسەر بنەمای یاسا فیدراڵییەکان".

هه‌ر به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ داوای "بڕینی بودجە و بەشی ھەمو حیزبە سیاسییەکان و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکان لە بودجە و داھاتی گشتیی و نیشتیمانیی" كراوه‌.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

بەیانی فراکسیۆنی ئایندە سەبارەت بە قەیرانەکانی ئێستا
**
بەرەو دامەزراندنی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی

نزیکەی شەست ساڵە، گەلی کوردستان لە عێراق گیرۆدەی دو بزوتنەوەی سیاسی خێڵەکیی و کێوییە کە ناسراوە بە (مەلایی و جەلالی). دەیان ساڵە، مەلایی و جەلالی، گەلی کوردستان لە شکستێکەوە رادەستی شکستێکیتر دەکەن. ئەو دو بزوتنەوە سیاسییە، بە ھێزی چەکدار، دەستیان بەسەر دۆزی رەوای گەلی کوردستان لە عێراقدا گرتوە و کردویانە بە ئامرازی بەرژەوەندی دو بنەماڵەی خۆسەپێن و بەرژەوەندیخواز و بازنە بەردەست و ملکەچەکەی دەوروبەریان. لە ئێستادا، دەسەڵاتێکی کلیپتۆکراتی قاچاخچییان لە ھەرێمی کوردستان سەپاندوە کە ھەمو دۆزی گەلی کوردستانیان کردوە بە قوربانیی سامان و سەرمایەی چەند کۆمپانیایەکی بنەماڵە دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتوەکان. لە دوای (راپەڕینی ئازاری ١٩٩١) ەوە وەك کۆمەڵێك چەتە و رێگر، لەبری ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی وڵاتەکەمان، کە تازە لەژێر چەپۆکی رژێمی فاشیستی بەعس ھاتبوە دەرەوە، دەستیانکرد بە تاڵانکردن و وێرانکردنی نیشتیمان. لەو کاتەوە تا ئێستا، ئەو دو بزوتنەوە کێویە، گەلی ئێمە لە کارەساتێکەوە دەسپێرن بە کارەساتێکیتر و تا لە ئێستادا، ھەمو خەون و ئامانجی لەمێژینەی ئەم گەلەیان دابەزاندوە بۆ ئاستی تەنھا موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی و ئەوەشیان پێناکرێت. ئەزمونی دەیان ساڵی رابردو، ئەوەی سەلماندوە کە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی ئێستا بە حوکمڕانیی و دەوڵەت و دامەزراوەی ھاوچەرخ نامۆن و نیشتیمانی ئێمە وەك میرات و کێڵگەی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان سەیر دەکەن بۆ بەرھەمھێنان و سەرمایەگوزاری. بۆیە، نابێت ھیچیتر چاوەڕانی ئەوە بین کە ئەم دەسەڵاتە چاکسازیی بنەڕەتی لە سیستەمی کەوتوی ئێستادا بکات. چونکە چاکسازیی ئەوتۆ، دار و پەردوی ئەم سیستەمە ستەمکار و گەندەڵە بەسەر خۆیاندا دەڕمێنێت. بۆیە بەر لەوەی پریشکی قەیرانەکان ھەرێمی کوردستان بکاتە گۆڕەپانی ململانێ و پێکدادانی سەربازی ناوخۆیی و ھەرێمی، دامەزراندنی حکومەتی رزگاری نیشتیمانی، لە دەرەوەی ھەژمونی بنەماڵە و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێستا، بوەتە ناچاری و تەنھا رێگەی دەرباز بون.

لە ئێستادا، کە قەیرانێکی سەرتاسەری ھەمەلایەنی سیاسیی و ئیداریی و ئابوریی بینی وڵاتەکەمانی گرتوە، ئێمە، بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی و ھەمەلایەن، ھیچ چاوەڕوانیەکمان لە دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی نییە. ھەر حیزب و جوڵانەوەیەکی سیاسی پرۆژە بخاتە بەردەم ئەم دەسەڵاتە کلیپتۆکراتە شکستخواردوە، بەشداری دەکات لە درێژ کردنەوەی تەمەنی ئەم سیستەمە ستەمکارە و خۆشباوەڕی بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی ئێستا زیاتر دەکات. بۆیە پێشنیاری ئێمە بۆ دەربازکردنی گەلەکەمان لەم قۆناغ و قەیرانەی ئێستا و پاراستنی وڵاتەکەمان لە داڕوخانی یەکجاری و دامەزراندنی بناغەی سیستەمێکی سیاسیی ھاوچەرخ و مەدەنیی دادپەروەر، پێکھێنانی حکومەتی رزگاری نیشتیمانییە، بە ھاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان و لەسەر بنەمای دەستور و یاسا نیشتیمانییەکان.

حکومەتی رزگاری نیشتیمانی ئەم
ئەرکانەی دەبێت:

یەکەم: گێڕانەوەی تەواوی ئەو پارانەی بە نایاسایی براونەتە دەرەوەی وڵات، لەسەر بنەمای یاسا فیدراڵییەکان.

دوەم: پێداچونەوە بە یاساکانی وەبەرهێنان و یاساکانی بواری زەوی زار و خانوبەرە بۆ گێڕانەوەی تەواوی ئەو موڵکانەی لەلایەن حزبە سیاسەیەکان و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکانەوە داگیرکراون یان لەژێر ناوی وەبەرهێنان و کۆمپانیا دەستیان بەسەردا گیراوە.

سێھەم: گێڕانەوەی قەرزی سەرجەم کۆمپانیاکان، لەماوەی کەمتر لە سێ مانگدا، بەپێچەوانەوە یاسای دارایی و بانکی بەسەر هەر کۆمپانیایەک جێبەجێ دەکرێت کە توانای دانەوەی قەرزەکانی نیە.

چوارەم: رێکخستنەوەی سەرتاپای دۆسێی نەوت و گاز و بەڕێوەبردنی ئەو سەرچاوە نیشتیمانییە، ھەر لە پشکنین و گەڕانەوە تا فرۆشتن و گێڕانەوەی داھاتەکەی بۆ وەزارەتی دارایی، بە شێوەیەکی شەفاف و کۆك لەگەڵ پێوەرە نێوەدەوڵەتیەکان بە هەماهەنگی و رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی.

پێنجەم: رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی گومرگ لە دەروازە سنوریەکان و فڕۆکەخانەکان و ھەروەھا سیستەمی باج و داھاتی ناوخۆ و سزادانی مافیا و قاچاخچیەکانی سنور و گومرگ و داھاتی باج بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی.

شەشەم: پێداچونەوە بە سیستمی باج بەجۆرێ باجی سەر کاسبکاران و بزنسە بچوکەکان هەڵبگیرێت و باجی سەر کۆمپانیا گەورەکان زیاد بکرێت، سزای هەر کۆمپانیایەکیش بدرێت کە لە ماوەی ساڵانی رابردوو خۆی لە باج دزیوەتەوە.

حەوتەم: بڕینی بودجە و بەشی ھەمو حیزبە سیاسییەکان و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکان لە بودجە و داھاتی گشتیی و نیشتیمانیی.

ھەشتەم: ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی موچەی ئێستا و جێگیرکردنی سیستەمێکی تازە بۆ موچە کە کۆتایی بھێنێت بە موچەی ناڕەوای دەیان ھەزار ناوی (سێبەر) و جیاوازی ستەمکارانەی نێوان بەرزترین و کەمترین موچە.

نۆیەم: حکومەتی رزگاری نیشتیمانی، دوای ئەوەی ھەمو ھێزە چەکدارەکانی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و ئاساییش، لە چنگی حیزب و بنەماڵەکان دەردەھێنێت و لە چوارچێوەی سوپای حکومی و ھێزی ئاساییشی نیشتیمانی رێکیان دەخاتەوە بە کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی سەربازی بۆ خۆبەخشان لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی سەربازی، بە کەڵك وەرگرتن لە یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق و بە ھاوکاری نەتەوە یەکگرتوەکان، ئامادەکاری دەکات بۆ ھەڵبژاردنێکی ئازاد و رەوا بۆ پەرلەمانی کوردستان.

ھاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە، حکومەتی رزگاری نێشتیمانی، لەسەر بنەمای دەستوری عێراق و رێکەوتن و بەڵێننامە نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە مافی گەلان، دەست دەکات بە گفتوگۆی نیشتیمانیی لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشە و دۆسێ جیا جیاکان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی.

لە دیدی ئێمەوە، بۆ کۆتاییھێنانی یەکجاریی بە قەیرانەکان و گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستەمی سیاسی ئێستا و دامەزراندنی سیستەم و دەوڵەتێکی ھاوچەرخ و مەدەنی و دادپەروەر، تەنھا یەك رێگە لەبەردەم گەل و وڵاتی ئێمەدا ھەیە کە بە کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتە کلیپتۆکراتەکەی گروپە دەستڕۆیشتوەکانی ناو پارتی و یەکێتیدا تێدەپەڕێت. 
ئێمە لە پێشەوەی ئەو بەرە سیاسییە جەماوەرییەین کە ئاڵای ئەو ئامانجەمان ھەڵگرتوە. ئێمە لەسەنگەری پێشەوەی بەرگری لە شکۆ و کەرامەت و ئایندەی گەلی خۆمانین و چاوەڕێ ناکەین بۆ چەند دەیەیەکی تر چارەنوسی ئەم
میلەتە بکرێتە کەرەستەی بازرگانی و کەڵەكە کردنی پارە بۆ بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان. بۆیە بانگەوازی چین و توێژە جیا جیاکانی گەلەکەمان دەکەین، ھەمومان پێکەوە پشتیوانی ئەو ئاراستە و پرۆژە نیشتیمانییە سەرتاسەریە بین.

فراکسیۆنی ئایندە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

١/ ٥/ ٢٠٢٠