هەڤاڵ ئەبوبەكر: لەمەترسی و هەڕەشە زۆرەكانی كۆرۆنا تا ڕادەیەكی باش ڕزگارمان بووە

کوردستان

11/05/2020‌ 313 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: دەتوانین ئێستا ئەوە بڵێین، كە لەمەترسی و هەڕەشە زۆرەكانی كۆرۆنا تا ڕادەیەكی باش ڕزگارمان بووە ،بەڵام ڕاگەیاندنی ئەوەی بوترێت كۆرۆنا هەر نەماوە هێشتا زووە پێویستمان بەلایەنی كەم ساڵێك بەسەر تێپەڕبوونی ئەو بارودۆخەدا هەیە ئەگەر جارێكی تر سەرهەڵنەداتەوە. 

پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەوەی مزگەوتەكان بەتەنیا بۆ نوێژە فەرزەكان دەكرێنەوە یا نوێژ و مەراسیمە ئاینییەكانی تر و شەوانی قەدر دەكرێتەوە دەڵێت: ئێمە بڕوامان وایە مزگەوتەكان كرانەوە دەبێت بۆ هەموو نوێژ و سروتە ئاینییەكان دەبێت كراوە بن و لەهەموو كڵێسا و شوێنەكانی پەرستش گرنگە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزییە.

قسەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەمیانی گفتوگۆیەكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكاو ئەوەش دەڵێت: ئێستا دۆخەكە لە ئاستێكی زۆرباشدایە، بەڵام لەدۆخی چاودێریكردن و سنورداركردنی مەترسیەكەدایە، لە ئاستی ئەوەدایە "ئەو بەڕێزانەی" لە توركیا و ئەوروپا-وە بەڕەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنەوە پێویست دەكات كەرەنتین بكرێن و پشكنییان بۆ بكرێت تا ئەمڕۆ نزیكەی 300 كەس لەژێر چاودێری وردی ئەو بارودۆخەدان و لەهەمانكاتدا چاودێرییەكی وردی دۆخەكە دەكرێت بەوەی بزانرێت ئەو بەڕێزانەی ،كە تووشی دۆخەكە بوون بۆ ئەوەی بزانن جارێكی تر تووش دەبنەوە یا بەگۆڕانی وەرزەكان و پلەی گەرما دۆخی ئەم ڤایرەسە چی لێدێت؟

هەروەها دەڵێت: لەهەمانكاتدا ڕۆژانە 500- 600 پشكنین لەشوێنە گشتیەكان (ناوبازاڕ و خاڵە سنورییەكاندا )دەكرێت، بۆ ئەوەی هەرحاڵەتێك هەبوو پێش وەخت دیاری بكرێپ و چارەسەر بكرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەش دەڵێت: ژیان لەهیچ شوێنێكی دنیا ئاسایی نابێتەوە تا حاڵەتێك مابێت بەڵام پەیوەست بەسلێمانی دەتوانین بڵێین بەشی هەرەزۆری سێكتەرەكان بوژاونەتەوە و كراونەتەوە، مەرزەكان و خوێندنگا و قوتاخانە و زانكۆكان و هۆڵی بۆنەكان هێشتا نەكراونەتەوە لەژێر لێكۆڵینەوەی ورددان، بەڵام هەموو ئەو شوێنانەی تریش كە كراونەتەوە لەژێر چاودێری وردی تەندروستیدا كراونەتەوە هەر سەرپێچیەك هەبێت بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێن واتە ئەوەنیە بڵێین هەموو شتەكان پێش كۆرۆنایە چونكە هەر شوێنێك كەدەكرێتەوە دەبێت لەژێر چاودێرییەكی وردی درێژخایەندا بێت.

هـ ـ ح