لەهەرێمی كوردستان تەنیا ١٥ كەس تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ن

کوردستان

11/05/2020‌ 639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەهەرێمی كوردستان تەنیا ١٥ تووشبووی ڤایرۆی كۆرۆنا هەیەو ئەوانیش لەژێر چاودێری پزیشكییدان‌و دۆخی تەندروستیان باشە.

بەپێی دواین راگەنراوی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، لەو پشكنینانەی لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا بۆ گومانلێكراوانی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)  لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیانداوە، سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و هیچ تووشبوویەكی نوێ تۆمارنەكراوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٢١٦ پشكنین لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، كە ٤٤٣ لە هەولێر، ٥٣٥ لە سلێمانی و ٢٣٨ لە پشكنین لە دهۆك لە ئەنجام دراوە.

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكردووە، كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تا ئێستا ٥٣ هەزار و ٤٨ پشكنین ئەنجامدراوە.

هەروەها رایگەیاندووە، لە كۆی ١٠ هەزار و ٣٧٩ هاووڵاتی كەرەنتین كراو، نۆ هەزار و ١٨٥ هاووڵاتیی لە كەرەنتین دەرچوون و دوای تەواو كردنی ماوەی ١٤ رۆژ و ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی بۆیان و پشتڕاستكردنەوەی ئەوەی كە هەڵگری ئەو نەخۆشییە نین، گەڕانەوەتە ناو خانەوادەكانیان و لەئێستادا تەنها هەزار و ٢٩٤ هاووڵاتیی لە ٣٢ شوێنی جیاوازی كەرەنتین ماونەتەوە، كە ٤٣٥ لە هەولێر،١٦٠ لە سلێمانی، ٥٩٧ لە دهۆك و دوو هاووڵاتی لە راپەرینن.

هەروەها بەپێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، كۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ٣٩١ تووشبوو، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە و ٣٧١ نەخۆش چاكبووەتەوە و لەئێستادا تەنیا ١٥ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، زنجیرەیەك رێكاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەكردنی هاتوچۆ، راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەكانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەكانی وەك پارك، مۆڵ، قاوەخانە، سینەماكان و چەند شوێنێكی دیكە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكان و داخستنی دەروازە سنوورییەكان.

هـ ـ ح