هەڵكردنی ئاڵای هاوڕەگەزبازان كاردانەوەی توندی عێراقییەكانی لێكیەوتەوە

ڕاپۆرت

17/05/2020‌ 918 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 

هەڵكردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازەکان بۆ یەكەمینجار لەعێراق كاردانەوەی توندی ژمارەیەك بەرپرس پەرلەمانتاری عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا و سەركردەیەكی عەسائیب داوای داخستنی باڵیۆزخانەی نێردەی یەكێتی ئەوروپا دەكات لەسەر ئەوكارە.
ئەمڕۆ یەكشەممە بۆ یەكەمینجار لەبینای نێردەی یەكێتی ئەوروپا ئاڵای هاوڕەگزخوازان بەهاوكاری باڵیۆزخانەی كەندا و بەریتانیا هەڵكرا كەئەوەش یەكەمینجاربوو لەعێراق شتێكی لەوجۆرە رووبدات. 
 
لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا ئیدانەی هەڵكردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازەکان دەکات لەسەر باڵێوزخانەی نێردەی ئەوروپا و بە پێشێلكردنی دابونەریتە كۆمەڵایەتی و دینیەكانی خەڵكی عێراقی دادەنێت.  

هەروەها داواشی كردووە، وەزارەتی دەرەوە بەڕۆڵی خۆی هەستێت و ڕێگە نەدات لەلایەن دیپلۆماتكارە بیانیەكانەوە لە عێراق سوكایەتی بكرێت و دابونەریتەكان پێشێل بكرێن لەئایندەدا.  
لە كاردانەوەیەكی دیكەدا، عەمار تەعمە، سەرۆكی فراكسیۆنی كاری نیشتیمانی لە پەرلەمانی  لەراگەیەندراوێكدا لەسەر روودواكە ئاماژەی بەوەكردووە، "هەڵكردنی ئاڵای پشتیوانی بۆ ڕەفتاری نامۆ و بێزراوی هاوڕەگەزبازەكان لەلایەن هەندێ باڵێۆزخانەی ئەوروپیەوە لە عێراق پێشیلكردنی یاسا نێودەوڵەتیەكان و دابونەریتەكانە كە دەبێت ئەوانە پێوەی پابەند بن و ئەو سنورانە نەبڕن."  

ئەو پەرلەمانتارە داواشی لەوەزارەتی دەرەوە كردووە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بۆ ڕێگریكردن لەو ڕەفتارە پێشیلكارییانە بگرێتەبەر و بەو باڵیۆزخانانەش ڕابگەیەنێت كە داوای لێبوردن لە گەلی عێراق بكەنەوە و بەڵێنی ئەوەش بدەن جارێكی تر دووبارەی نەكەنەوە.  

هاوكات كوتلەی سائیرون داوا دەكات حكومەتی عێراق لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە كەئیستا كازمی سەرپەرشتی ئەو وەزارەتە دەكات ڕێوشوێنی توند دژی ئەو باڵیۆزخانە ئەوروپیانە بگرێتە بەربەهۆی ئەوەی ئاڵای هاوڕەگەزخوازەکان هەڵكردووە.  

جەختیان  لەوەشكردووەتەوە، ناتوانن لەو كارەی باڵیۆزخانەی ئەوروپا و كەنەدا و بەریتانیا كە كردویانە بێدەنگ بن كە لەدژی دابو نەریت و باوەڕی ئاینیانە.  

 لەلایەكی دیكەوە سەركردەیەكی عەسائیب ئەهلی حەق داوا دەكات باڵیۆزخانەی نێردەی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق دابخرێت. 

حەسەن سالم ئاماژەی بەوەكردووە، هەڵكردنی ئاڵای هاورەگەز بازان كارێكی زۆر نەشیاو بووە دژی ئەو كارەش پێویستە ئەو باڵیۆزخانەیە دابخرێت. 
 هاوكات بەگوێرەی یاسای سزادانی عیێراقی هاوڕەگەزبازی رێگەپێندەراوە و بەگوێرەی ماددەی 394 ی ئەو یاساش سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر هەركەسێك دەسەپێنێت ئەو كارە بكات. 

بەگوێرەی ماددەی 2 ی دەستوری عێراقیش ئئیسلام سەرچاوەی یاسادانانە و بەهەموو شێوەیەك رێگری لەوەدەكات كە هاوڕەگەزبازی لەعێراق بەیاسایی بكرێت یاخود هەنگاوێك بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بنرێت.