ئەگەری هاوپەیمانی ئەمریكاو ئیسرائیل‌و روسیا دژە بە ئێران‌و سوریا

ڕاپۆرت

21/05/2020‌ 2015 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرباری گەورەبوونی كەلێنی نێوان ڕوسیا- ئێران لە سوریا، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت ڕوسیا هاریكاری سەربازی ئەمریكا بكات دژ بە ئێران، چونكە هێشتا مۆسكۆ پێی وایە واشنتۆن سەرچاوەی یەكەمی هەڕەشەی سەر هەژموونەكەیەتی لە سوریا. 

بێمتمانەیی مۆسكۆ بەرانبەر ئەمریكاو نەیارەكانی دیكەی، نیشانەیەكی دیكەی هاوكارینەكردنی ڕوسیایە بۆ واشنتۆن، سەرباری ئەوەی‌ هێشتا مۆسكۆ هەموو كارتەكانی فشاری بۆسەر ئێران لە سوریا بەكارنەهێناون. 

ئەمە جگە لەوەی دیدگای مۆسكۆ سەبارەت بە بوونی هێزە بیانییەكان لەسوریا پەرۆشی و مكوڕبوونە لەسەر‌ چوونەدەرەوەی ئەو هێزانە لە سوریا، بە تایبەتیش هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

جوڵەی سەرنجڕاكێش
ڕاپۆرتەكانی ئەم دوایانە،‌ ئاماژە بە جوڵەی سەربازی ئەمریكی – ڕوسی دەدەن لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەم جموجۆڵانە هاوكات بوون لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران لە سوریا، بەو ئامانجەی ئەو ڕێگە ستراتیژییە ووشكانییە بپچڕێنن كە لە نێوان ئێران و بەیروتدا هەیە و بە بەغدا و دیمەشقدا تێدەپەڕێت و ئێرانیش بەكاریدێنێت بۆ گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بۆ هاوپەیمانەكانی، بە تایبەتیش بۆ حزبوڵای لوبنانی. 

سەرباری ئەوانەی سەرەوە و ناكۆكی گەورەی نێوان مۆسكۆ و تاران لە سوریا، هێشتا گریمانەی هاریكاری سەربازی نێوان مۆسكۆ- واشنتۆن دژ بە ئێران لە سوریا جێگەی گومانە، بۆیە شیمانەی هاوپەیمانی ڕوسیا – ئەمریكا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دوور و چاوەڕوان نەكراوە.

لەو جوغزەدا، ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكیدا لە 13 ی مایۆ، باسی ئەوەی كردووە كە جموجۆڵی سەربازی لەسەر خاكی سوریا لە ئارادان بۆ پچڕاندنی ڕێگەی نێوان تاران و لوبنان، ڕوسیا و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەو كارە ئەنجام دەدەن، هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسڕائیلیش پشتیوانی ئەو جموجۆڵانەن، ئەو جموجۆڵانەش لە دوو تەوەری سەرەكییەوە دەردەچن:

یەكەم: كردەی سەربازی دژ بە ئێران لە بادیە
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئەوەی ئاشكرا كردووە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ هێزە تایبەتەكانی شۆڕش و هێزە دەستەبژێرەكان گەیشتوونە سازانێك بۆ هێرشكردنەسەر هێزەكانی ئێران و میلیشیا پاشكۆكانی لە سوریا، ئەمەش لە بن‌ پەردەی جەنگانی دژ بە ڕێكخراوی داعش لە ناوچەی بادیە.

دووەم: دەستوەردانی مۆسكۆ بۆ ڕازیكردنی ئێران بە چوونەدەرەوە لە بادیە
 ڕوانگەكە ئاماژەی بەوەداوە كە سەركەوتن یان شكستهێنانی كردە سەربازییەكە، بە پلەی یەكەم بەندە بە سەركەوتن و شكستهێنانی ڕوسیا لە ڕازیكردنی ئێران بە چوونەدەرەوە لە بادیە، بەو مەرجەی هێزە هاوپەیمانەكانی ڕوسیا جێگەی هیزەكانی ئێران بگرنەوە و ئەو هێزانەش لە هۆزەكانبن.

بەربەستی جۆراوجۆر
چەند بەربەستێك ڕێگرن له پیادەكردنی ئەو سیناریۆیە كە دیارترینیان بریتین لە:

یەكەم: ناكۆكییەكانی ئەمریكا – ڕوسیا
سەرباری پەرۆشی ڕوسیا بۆ هێشتنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا لە سوریا، بەڵام مەزەندەكردنی ڕوسیا سەبارەت بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، هێشتا جێگەی گومان و هەڕەشەیە بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ڕوسیا، ئەمەش وا پێویست دەكات بە هەموو شێوەیەك ڕووبەروویان ببێتەوە. سەرباری ملبەملەی هێزەكانی روسیا بۆ هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا كە ناوچە باوەكەی هەژموونی واشنتۆنە لە سوریا، مۆسكۆ تۆمەتی ئەوەشی داوەتە پاڵ واشنتۆن كە لە بەرەنگاربوونەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا كەمتەرخەم بووە.

دووەم: بێتمانەیی بە نیازەكانی نەیاران
مۆسكۆ باوەڕی بە نیازپاكی ئەمریكا نییە لە سوریا و پێشی وایە قۆرتوقلاپ دەكات، پەی بەوەش دەبات كە نیازەكانی واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی لە سوریا پەرشوبڵاو و بێسەرەوبەرەن‌، بۆیە ناكرێت مۆسكۆ خۆی بهاوێتە ناو ئەو هاوكێشە ئەمریكییە بێسەرەوبەرانەوە، بە تایبەتیش كە مۆسكۆ بكەری یەكەمی كاریگەری گۆڕەپانی سوریایە.

سێیەم: بوونی كارتی فشاری ناسەربازی دژ بە تاران
بە گوێرەی سەرجەم كارلێكەكانی نێوان مۆسكۆ- تاران لە سوریا كە لەگەڵ توركیادا دەوڵەتانی دامەزرێنەری ڕێككەوتننامەی سوچی و ئاستانەن بۆ یەكلاییكردنەوەی تەنگژەی سوریا، پاشەكشەیەكی بەرچاو هەیە لە هەماهەنگی و متمانەی نێوان مۆسكۆ و تاران، مۆسكۆ ئارەزووی ئەوە ناكات ئێران ڕۆڵی جارانی بمێنێت لە سوریا، ئەمەش لەو ناكۆكییە زۆرانەدا‌ بەرجەستە دەبێت كە لە نێوانیاندایە لە سوریا. یەكێك لە كێشەكانیان كێبڕكێ ئابوورییە، مۆسكۆ نیگەرانە لە هەڵكشانی ڕۆڵی ئابووری تاران لە سوریا، بەڵام مۆسكۆ پەی بەوەش دەبات كە كارتی فشاری ناسەربازیشی هەن دژ بە تاران كە هێشتا نەیخستوونەگەڕ و دەتوانن خزمەت بە هاتنەدی ئامانجەكانی بكەن لە سوریا.

چوارەم: ئارەزووی كردنەدەرەوەی هەموو هێزە بیانییەكان
بە درێژایی تەنگژەی سوریا، مۆسكۆ پەرۆشی ئەوە بووە كە هەموو هێزە بیانییەكان لە سوریا بكاتە دەرەوە و بە تایبەتیش ئەمریكا، هەمیشەش بەیاننامە سەربازییەكانی مۆسكۆ ئەمریكا بەوە تۆمەتبار دەكەن كە هێزێكی داگیركەری ناشەرعییە لە سوریا، چونكە هاوشێوەی هێزەكانی ڕوسیا، لەسەر داوای حكومەتی سوریا نەهاتۆتە ناو خاكی سوریاوە.

پێنجەم: دەستبەردارنەبوون لە هاوپەیمانان
ڕوسیا و ئێران هاوپەیمانی سەرەكی ڕژێمی سوریان، ڕۆڵێكی هاوبە‌شیان هەبووە لە ململانێكانی سەر خاكی سوریا، بۆیە ئەقڵ نایگرێت مۆسكۆ لەگەڵ واشنتۆن هاوپەیمانی سەربازی گرێ بدات كە سەرسەختترین نەیاریەتی لە سوریا دژ بە ئێرانی هاوپەیمانی، مۆسكۆ پەی بەوە دەبات كە ئەم تەرزە سیاسەتە یەكناگرێتەوه لەگەڵ سیاسەتی دەستبەردارنەبوون لە هاوپەیمانەكانی .

پوختەی قسە ئەوەیە كە هەڵكشانی ناكۆكییەكانی ڕوسی- ئێرانی لە سوریا، واتای ئەوە ناگەیەنێت كە مۆسكۆ هاریكاری سەربازی واشنتۆن بكات دژ بە تاران، بۆیە زیاتر چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت مۆسكۆ بە گرتنەبەری میكانیزمی فشار بۆسەر ئێران كۆششی بەدەستهێنانی ئامانجەكانی بكات و هەژموونی خۆی بپارێزێت لە سوریا.

سەرچاوە: موستەقبەل 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر