داوا دەكرێت هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت

کوردستان

26/05/2020‌ 2045 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هۆشیار عەبدووڵڵا پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەران گەشبینی خۆی بە ئاستی كاركردنی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و ڕێنماییەكانی بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی دەربڕیوە، هەروەك داواشی كردووە هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێت.

هۆشیار عەبدوڵڵا لەلێدوانێك وتی:  گەشبینییەك بەرانبەر بە ئاستی كاركردنی وەزیری دارایی هەیە،  تائێستا لە رێنمایی و كاركردنی بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی قەیرانی دارایی تاڕاددەیەكی زۆر ورد و سەركەوتوو بووە، بۆیە هەنگاوەكانی شایانی پشتیوانی و پشتگیری كردنە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا پەڕلەمانتارەكەی گۆڕان وتی: چاوەڕێی ئەوە لە وەزیری دارایی دەكەین هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق سەیری فەرمانبەرانی هەرێمیش بكات، بەوپێیەی دەرفەتێك هەیە بۆئەوەی كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت، دەبێت ئەم قەیرانە بكەینە دەرفەتێك بۆ جێبەجێكردنی چاكسازیی ڕیشەیی لەبواری داراییدا.

وشیار عەبدووڵڵا رووی دەمی كردووەتەوە وەزیری دارایی و دەشڵێت: پشتیوانیت دەكەین موچەی پلە باڵاكان كەمبكەیتەوە و خەرجییە زەبەلاحەكەی بەكاربردنی سێ سەرۆكایەتیەكە ببڕیت و دەستە و دامەزراوە ئیدارییە زیادەكان هەڵبوەشێنیتەوە و ڕێگری لەوە بكەیت لەزاخۆوە بۆ بەسرە یاری بەداهاتی ئەو وڵاتەوە بكرێت ، ئومێدێك بە ئاستی كاركردنت هەیە و هیواخوازین لەئاستی بەرپرسیاریدا بیت.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی