سەختترین تاقیكردنەوەی شارستانی.. شەڕی مرۆڤ دژ بە ڕەگەزپەرستی

ڕاپۆرت

02/06/2020‌ 841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەختترین تاقیكردنەوەی مرۆڤێكی شارستانی، هەڵكردن و بەیەكەوەژیانیەتی لەگەڵ هاوڕەگەزەكانیدا. دوای چەند سەدەیەك لە بڵاوبوونەوەی چەمكە باڵاكان، كەچی هێشتا لە ناخی مرۆڤدا ڕەگەزپەرستییەكی ستەمكارانە هەیە.

زانست، پێشكەوتن، ئاین و یاساكانیش نەیانتوانیووە مرۆڤ لە كەڵكەڵە شەڕانگێزییەكانی ڕزگار بكەن، كە لەوانەیە لە دڕندەی و كێویبوونی ئاژەڵەكانیش زیاتر بێت. تەنانەت تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، كۆمەڵگا پێشكەوتووە دەوڵەمەندەكانیش نەیانتوانییوە لەم بوارەدا بەسەر كۆمەڵگا سادە و ساكارەكاندا سەركەون بە دەربازبوون لەو نەخۆشییە درمە كۆمەڵایەتیه.

تاوانەكەی پۆلیسە سپیپێستەكە كە پیاوە ڕەشپێستە ئەمریكییەكەی خنكاند، دوا تاوان نابێت. چ ئەوەی پاڵنەرەكانی ڕەگەزپەرستی بن یان شەلاتی و سەرسەریەتی پیاوێك بێت كە كۆمەڵگا دەسەڵاتێكی گەورەیی یاسایی پێبەخشیووە، بەڵام هێشتا ئەو ڕەفتارە نەخۆشییەكی كۆمەڵایەتی دێرینە كە بە  ڕەگەزپەرستی قێزەوون ناسراوە.

دووبارەبوونەوەی ناڕەزایی و بێزاری، بەتاڵكردنەوەی توڕەیی كوێرانە كە كەرتە گشتییەكانی ئەمریكای گرتەوە و ڕقئەستورەكان لەگەڵ دز و سیاسییە هەلپەرستەكاندا بەشدارییان تێدا كرد، هەستكردن بە ستەمكاری و نایەكسانی لەناو نابات. 

سوتاندن و پشێوی، ژیان ناگەڕێنێتەوە بۆ كوژراوەكە، هەڵكەكار و پشتیوانەكانیشیان دەمكوت ناكات. ئەو ڕووداوەش وەك ئەوانی دیكەی پێش خۆی لەبیردەچێتەوە، تا ئەو كاتەی گرتە ڤیدیۆییەكی هاوشێوەی ئەوەی ئێستا دەردەكەوێتەوە، ئینجا ناڕەزایی و خۆپێشاندان و سوتاندنەكان دەستپێدەكەنەوە، بەڵام هێشتا هیچ شتێك لە ژیانی خەڵكی ناگۆڕێت.

بێ ئەوەی ناڕەزا و خۆپێشاندەران پەنا بەرنەبەر پشێوی، سیستەمی ئەمریكی ئەوەیان بۆ دەستەبەر دەكات، تۆڵەی مەزنتر و كاریگەرتر بكەنەوه،‌ ئەمەیان باشترە لەوەی ئۆتۆمبێل و باڵەخانەكان بسوتێنن و هەندێك دوكان و بازاڕیش تاڵان بكەن.

ئەوان شەش مانگی دیكە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و گوزارە لە بۆچوونی خۆیان دەكەن، هەموو پۆستەكانی دەوڵەتداری دەكەونە ژێر ڕەحمەت و بەزەیی هەڵبژاردنەوە، هەر لە سەرۆكەوە تاوەكو فەرمانڕەوای ویلایەتێك و سەرۆكی شارەوانییەك، لە هەندێك ویلایەتیش تەنانەت بەڕێوەبەری پۆلیسیش هەڵدەبژێردرێت. ڕەشپێستە ئەمریكییەكان و ئەمریكییە بە ڕەچەڵەك ئەفریقییەكان، خاوەن هێزێكی سیاسین كە هێشتا كارا نەكراوە، ئەوان 40 ملیۆن كەسن، دەتوانن هەر پالێوراوێكی سەرۆكایەتی یان سەرۆكی ئەنجومەنە یاساكاریەكان، بگلێنن و بخەن.

ئەمریكا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان جیاوازترە، زۆر شت لەوێ دەبینین كە جێگەی سەرسوڕمان و نرخاندنن، یان جێگەی توڕەیی و ناڕەزایی دەربڕینن. لەسەر خاكەكەی گەورەترین كۆمەڵی مرۆیی فرەڕەگەز كۆبوونەوە، نەتەوەی فرەنەژاد و ئیتنیك و ئاینی جیاواز هەن، ئەو وڵاتە لە هەمەجۆری و فرەییدا مانندی نییە. ڕاستە لە چین 55  توێژی ئیتنیكی هەن، بەڵام دانەیەكیان باڵادەستە كە 90% ی دانیشتوان پێكدێنێت، ئەوانی دیكەش كەمینەی بچكۆلانەن.

ئەزموونی گەلێكی پێكەوەگونجاوی وەك ئەمریكا، جیاوازە لە ئەزموونی گەلانی پەرتەوازە بۆ چەند چین و توێژێكی لێكجیاواز. ئەو كۆیلایەتییەی ئەفریقییەكانی كردە ئامانج‌، لە بنەچەدا ئامانجەكەی ئابووری  دەستیكار بوو لە ویلایەتە كشتوكاڵییەكاندا، ئەو كات كۆیلایەتی بە یاسای مەدەنی  ڕێكخرا بوو كە مرۆڤەكانی دابەزاندە ئاستی ئاژەڵەكان. ئەمەش هەر تەنها هەڵەی ئەمریكییەكان و تەنانەت ڕۆژئاواییەكانیش نەبوو، بەڵكو لە چوارچێوەی ململانێی مرۆڤەكانی سەر زەویدا بوو لەسەر خاك و دەرامەت و هەژموون. ململانێ و ناكۆكییەك بوو، مرۆڤەكانی بە ناوی ئاین و نەژاد و نێرسالاری و چینایەتی و هۆزگەراییەوە دەكردە كۆیلە، ئەمە دۆخی جیهان بوو لە چەندەها ‌دەیەی دوور و درێژی مێژووی مرۆڤایەتیدا.

چیرۆكی یاساكانی ئەمریكا لەگەڵ ڕەگەزپەرستی تەمەنی 230 ساڵە، چیرۆكێكی دوور و درێژی پڕئازار و ڕەتكردنەوەیە كە لە كۆتایدا لە چەند یاساكارییەكی پارێزەری ڕەگەزپەرستییەوه كە مرۆڤ لە كەمترینی مافەكانی و شكۆمەندییەكەی بێبەش دەكات‌، ورەچەرخان بەرەو یاسای دادپەروەر،  ڕێگەی كاروانی گۆڕانكارییەش گوڵڕێژ نەكرابوو، بەڵكو پڕ بوو لە خوێن و قوربانیدان، بە ڕادەیەك لەمڕۆدا بە گشتی، بوونە قەڵایەك دژ بە ڕەگەزپەرستی و جیاكاری بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا.

ئەوەی یاساكان ناتوانن جڵەوگیری بكەن، هەواو ئارەزوو و كەڵكەڵە شەڕانگێزییەكانن، ئەمەش هەر لە كۆنەوه و لە هەموو شوێنێكدا،‌‌ جەنگی هەموو مرۆڤێكی چاكەخواز بووە. چونكە ڕەگەزپەرستی تەنها پەیوەست نییە بە چەند سپیپێستیكەوە، بەڵكو پەیوەستە بە هەموو جیهانەوە، ڕەگەزپەرستییەكەش‌ تەنها دژ بە ڕەشپێست و ئەفریقییەكان نییە، بەڵكو جیاكارییەكی قێزەوونە كە بریتییە لە كەلتورێكی هەبوو دژ بە نەژاد و ئاین و تایەفە و ‌ژنان و زۆر چین و توێژی دیكه،‌ كە بە كەمزانینەوە لێیان دەڕوانرێت.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەبییە  
نووسەر: عەبدولڕەحمان ڕاشد
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر