ئەنەكەسە سەركۆنەی پێشێلكارییەكانی گرووپەكانی سەر بەتوركیا لەعفرین دەكات

کوردستان

03/06/2020‌ 729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا لەبەیاننامەیەكدا سەرۆكۆنەی ئەو پێشێلكاری و تاوانانە دەكات، كە گرووپە چەكدارییەكانی سەر بە توركیا دەرحەق بە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بە گشتی و هەرێمی عفرین بەتایبەتی دەیكەن.

ئەنەكەسە لەبەیاننامەیەكدا، كە لەپێگەی فەرمی خۆیدا بڵاویكردووەتەوە رایگەیاندووە، ناوچەكانی عفرین و گرێ سپی و سەرێ كانی بەردەست پێشێلكارییە بەردەوامەكانی هەندێك لەو گرووپ و كۆمەڵە چەكداریانەوە دەناڵێنێت، كە لەگەڵ هێزەكانی توركیادا هاتوونەتە ناوچەكەوە بەتایبەتی لەناوچەی عفرین.

لەبەیاننامەكەدای ئەنەكەسەدا هاتووە، ناوچەی عفرین كەوتووەتە بەر تاوان و رەفتاری قێزەون و دژە بەهای مرۆڤایەتی، ئەوە سەرباری بەردەوامی پرۆسەكانی دزی و تاڵانی و سووتاندی ماڵ و موڵك و راماڵینی كێڵگەكانی زەیتوون و گۆڕینی دیموگرافی ناوچەكە و دەستگیركردنی گەنجان و ئازار و ئەشكەنجەدانی بێبەزەییانە تاراددەی گیانلەدەستدانی ئەشكەنجەدراوان.

ئەو ئەنجوومەنە، كە هێشتا بەشێكە لە هاوپەیمانی نیشتمانی هێزە شۆڕسگێرەكان و ئۆپۆزیسیۆن، كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن، لەبەیاننامەكەدا ڕفاندنی ئافرەتانی كورد و رەفتاری ئەو گرووپانەی بە پەڵەیەكی شەرمەزاری بەناوچەوانی مرۆڤایەتییەوە وەسف كردووە.

ئەنجوومەنەكە دوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی توركیا كردووە بەخێرایی هەوڵی راگرتنی پێشێلكارییەكان و سزای تاوانباران بدەن و ئەو گرووپانە لە شار و شارۆچكە و گوند و ئاواییەكان بكەنە دەرەوە و ئیدارەی ناوچەكە رادەستی خەڵكی ناوچەكە بكەن .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی