عێراق پابەندە بە رێكەوتنی ئۆپیك‌و كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت

ئابوری

04/06/2020‌ 369 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و هەڵسوورێنەری كارەكانی وەزیری نەوتی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسی، عێراق بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر كەمدەكاتەوە و پابەندیش دەبێت بەڕێكەوتنەكەی ئۆپیك، كە بۆ ئەو مەبەستە ڕێكەوتنی لەبارەوە كراوە.

وابڕیارە ئۆپیك و هاوپەیمانەكانی وەك روسیا لەم مانگەدا بڕیار لەبارەی ئەوەوە بدەن، كە ئایا ئەو كەمكردنەوە پێوانەییەی بەرهەمهێنانی نەوت لەمانگی نیسان پەیرەوی لێكرا درێژەی پێبدرێت یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

رۆژی دووشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لەمانگی ئایاردا رۆژانە ٣،٢١٢ هەزار بەرمیلی هەناردەی دەرەوە كردووە، كە داهاتەكەی لەو مانگەدا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بووە.

بەو پێیە هەناردەی نەوتی عێراق لەو مانگەدا بەراورد بەمانگی نیسان ٢٢٦ هەزار بەرمیل كەمی كردووە، كە رۆژانە ٣،٤٣٨ هەزار بەرمیل بووە و داهاتەكەشی ١،٥ ملیار دۆلار بووە.

بەگوێرەی ڕێكەوتنی ئۆپیك دەبوو عێراق لەمانگی ئایاری رابردووەوە رۆژانە نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی كەمبكردایەتەوە .

لەمانگی نیسانی رابردوو، ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت ناسراو بە "ئۆپیك پڵەس" گەیشتنە ڕێكەوتنێكی مێژوویی بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، تا لەو ڕێگایەوە هاوسەنگی بۆ نرخەكانی نەوت بگەڕێتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەشی هەرەزۆری بەهاكەی لەدەستدابوو.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی