شارپرێس:
بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران چەند کۆڵبەرێك لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کوژران و بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتێكی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی لە بەرزاییەکانی سنووری سەردەشت دەستەیەک کۆڵبەریان داوهتهبەر دەستڕێژی گوللە و کۆڵبەرێکیان بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا و چەند کۆڵبەریش بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی راگەیاند: ئەو کۆڵبەرەی کە گیانی لە دەستداوە ناوی "عومەر مەسڵەحەتی" و خەڵکی گوندی "بێلووکە"یە و لانیکەم سێ کۆڵبەریش بریندار بوون. شوناسی دوو کۆڵبەریان کە بۆ هەنگاو روون بۆتەوە برێتین لە " عەبدولرەحمان شەقایەقی" و " ئومید کووشیار"، ناسنامهی ئەو کۆڵبەرەی دیکە تا ئێستا بۆ هەنگاو روون نەبۆتەوە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ئەمساڵ، 12 کۆڵبەر کوژراون و 24 کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون کە 91.5% بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بووە.