حكومەتی هەرێم بێ دەنگی بەرامبەر ئۆپراسیۆنەكەی توركیا شكاند

کوردستان

19/06/2020‌ 2330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەسەر ئۆپراسیۆنەكەی توركیا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و  دەڵێت، داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین، رێز له سه‌روه‌ری خاك و نیشتیمانمان بگرێت و پەکەکەش پێویستە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، تا چیتر نەبنە هۆکار بۆ دروستکردنی پشێوی لە ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان.


ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم:

بە دڵگرانی و نیگەرانیەکی زۆرەوە چاودێری رووداوەکانی ئەمڕۆ و چەند رۆژی رابردووی ناوچە سنووریەکان دەکەین، کە بووه هۆی گه‌یاندنی زیانی گیانی و ماددی بە هاووڵاتیانی سڤیل و گوندنشینانی ئەو ناوچانە.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیان گەیاندن بەهاووڵاتیان دەکات لەلایەن هەر لایەنێك و بەهەر هۆکارێك بێت.

داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین، رێز له سه‌روه‌ری خاك و نیشتیمانمان بگرێت و پەکەکەش پێویستە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، تا چیتر نەبنە هۆکار بۆ دروستکردنی پشێوی لە ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکی هەرێمی کوردستان هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێك.

لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.

د.جوتیار عادل

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

19ی حوزەیرانی 2020