مایكڵ رۆبن: توركیا پاكتاوی رەگەزیی دژ بە گەلی كورد بەرێوە دەبات

کوردستان

29/06/2020‌ 1180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مایكڵ رۆبن، توێژەری ئەمەریكی و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن) لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پێگەی "noossocial" ، دەڵێت: توركیا پاكتاوی رەگەزیی دژ بە گەلی كورد بەڕێوە دەبات، باسی لەوەش كردووە، هەڵسوكەوتەكانی جیمەس جیفری هانی ئەردۆغانیداوە بەوشێوەیە مامەڵە بكات .

لەگەڵ ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و گیر بیدرسۆن نێردەی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری سوریا داوای ئاگربەستی گشتگیر لە سوریا دەكەن، بەڵام دەوڵەتی توركیا بێ گوێدانە بریارە نێودەوڵەتییەكان بەردەوامە لە هێرشكردنە سەر ناوچەكانی رژئاوای كوردستان و بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی و زیانگەیاندن بە ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی سیڤیل.

لەو بارەیەوە مایكڵ رۆبن بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن و توێژەر لەپەیمانگای ئەمێریكان ئینتەرپرایز( AEI) وتویەتی: ئەو هێرشانەی ئەردۆغان بۆ سەر گەلی كورد ئەنجامیان دەدات لەبەر كۆمەڵێك هۆكارە، یەكێك لەو هۆكارانە ئەوەیە، كە دەزانێت لەسەر تاوانەكانی سزا نادرێت و لەلێپرسینەوە دەربازی دەبێت.

هەروەك وتویەتی: جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمەریكی بۆ كاروەباری سوریا لەجیاتی ئەوەی وەك نێوەندگیرێكی بێلایەن و دەستپاك كار بكات، كەچی وەك داكۆكیكار و پارێزەری ئەردۆغان كاری كردووە، كە ئەمەش زیاتر هانی ئەردۆغانیداوە لەسەر هەڵمەتەكانی بۆ پاكتاوكردنی كورد بەردەوام بێت، كە داوای خۆبەڕێوەبەریی دەكەن.

مایكڵ رۆبن جەختیكردووەتەوە، كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دەیەوێت لەرێگای هێرشكردن و قڕكردنی كوردەوە لایەنداری توركە شۆڤێنییەكان بۆلای خۆی رابكێشێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی